راگه‌یاندراوى هاوبه‌شى حکومه‌تى هه‌رێم و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ى سه‌ره‌تایى ئاواره‌کانى هه‌رێم

8/30/2014 9:48:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان پڕۆسه‌یه‌کى هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا به‌ مه‌به‌ستى زانینى ژماره‌ى سه‌ره‌تایى ئاواره‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان، و ده‌رکه‌وت که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2014 تاکو ئێستا نزیکه‌ى 850,000   که‌س له‌ ناوچه‌ جیاجیاکانى عیراق بۆ هه‌رێمى کوردستان ئاواره‌بوون، به‌شى زۆرى ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ پارێزگاى دهۆک نیشته‌جێبوونه‌ که‌ رێژه‌ى 64% له‌ کۆى ژماره‌ى ئاواره‌کان پێکده‌هێنێت.

له‌ کۆى 1,800,000  ئاواره‌ له‌ عێراقدا، زیاتر له‌  600,000 ته‌نها له‌ مانگى ئابدا ئاواره‌بوون. ئه‌و زیادبوونه‌ هۆکارى سه‌رهه‌ڵدانى توندوتیژى و ناجێگیرى بارودۆخى ئه‌منى له‌ ناوچه‌ جیاجیاکانى عیراقدا به‌ تایبه‌تى له‌ پارێزگاکانى نه‌ینه‌وا، دیاله‌ و ئه‌نبار.

دوایین ژماره‌کانى کۆکراونه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى وه‌زیرى پلاندانان و رێکخراوى کۆچى جیهانى (IOM) ده‌ریان خستووه‌ که‌ ئاواره‌کان له‌ زیاتر له‌ 1000 شوێن له‌ هه‌رێمى کوردستانى عیراقدا نیشته‌جێکراون.

هاتنى زیاتر له‌   850,000 که‌س بۆ هه‌رێمى کوردستان له‌ دواى هاتنى نزیکه‌ى  226,000  په‌ناهه‌نده‌ى سوورى که‌ له‌ لایه‌ن رێکخراوى په‌نابه‌رانى جیهانى (UNHCR) تۆمارکراون، و نزیکه‌ى  325,000 که‌س له‌ ناوچه‌کانى عیراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌ر له‌ 2014 که‌ کۆى گشتیان ده‌گاته‌ نزیکه‌ى 1,400,000 که‌س،  ئه‌مه‌ش بێ‌ گومان بارگرانیه‌کى زۆر ده‌خاته‌ سه‌ر خه‌ڵک و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان.

پارێزگاى دهۆک به‌ هه‌ر 7 قه‌زاکه‌یه‌وه‌ زیاتر له‌ نیو ملیۆن ئاواره‌ له‌ خۆده‌گرێت که‌ پێویستیان به‌ شوێنى حه‌وانه‌وه‌، خواردن، ئاو، ده‌رمان و پاراستن هه‌یه‌ دواى ئه‌وه‌ى رێکخراوى تیرۆرستى داعش قه‌زاى شه‌نگال و چه‌ند ناوچه‌یه‌کى ترى داگیرکرد. ته‌نها له‌ مانگى ئابدا، 89% ى کۆى ئاواره‌کان بۆ هه‌رێمى کوردستان روویان له‌ پارێزگاى دهۆک کردووه‌.

به‌هۆى خێرایى و که‌وره‌یى قه‌باره‌ى ئه‌م شه‌پۆڵانه‌ى ئاواره‌بوون و دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر زۆر شوێنى جیاجیا له‌ هه‌رێمى کوردستان، پڕۆسه‌ى ژماردنى ئاواره‌کان له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و رێکخراوه‌کانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان کارێکى ئه‌سته‌م بوو. هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌نجامدانى پڕۆسه‌ى ژماردن له‌ 10 رۆژى رابردوودا ژماره‌یه‌کى نزیک له‌ ژماره‌ى راسته‌قینه‌دا خسته‌ به‌رده‌ست، به‌ڵام وه‌زاره‌تى پلاندانان به‌رنامه‌ى داڕشتووه‌ بۆ ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى (سه‌رژمێرى سه‌رتاسه‌رى ئاواره‌کان و په‌ناهه‌ندان له‌ هه‌رێمى کوردستان) له‌ چه‌ند مانگى داهاتودا بۆ به‌ ده‌ستهێنانى داتاى ته‌واو له‌ ژماره‌ و پێداویستیه‌کانى ئاواره‌کان. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به‌ هاوکارى ته‌واوى دارایى و ته‌کنیکى رێکخراوه‌کانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ئه‌نجام ده‌درێت.

له‌ باره‌ى ئه‌م پڕۆسه‌یه‌وه‌، د. على سندى، وه‌زیرى پلاندانان رایگه‌یاند که‌ "ئه‌مه‌ یه‌که‌م هه‌نگاوه‌ که‌ زۆر کرنگه‌ بۆ دابینکردنى پێداویستیه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى ژیان بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ له‌ ره‌وشێکى زۆر دژواردان. ئێمه‌ له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌رقاڵى هه‌ڵسه‌نگاندنى بارودۆخه‌که‌ین بۆ دیاریکردنى ئه‌وه‌ى له‌ تواناماندایه‌ له‌گه‌ڵا هاوکارانمان ئه‌نجامى بده‌ین. له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتوودا، ستراتیجیه‌تێکى ته‌واو روونمان ده‌بێت به‌ڵام راستیه‌که‌ى ئه‌رکه‌کان زۆر سه‌خته‌. له‌ ئێستادا به‌رده‌وام ده‌بین له‌ دروستکردنى که‌مپ بۆ زۆرترین ژماره‌ى ئاواره‌کان".

نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان هاوکارى حکومه‌تى عیراق و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات له‌ دابینکردن و گه‌یاندنى هاوکارى به‌ په‌له‌ بۆ ئاواره‌کان، و هه‌وڵه‌کانى چڕتر کردووه‌ بۆ دابینکردنى پێداویستیه‌کان بۆ ئاواره‌کان له‌ سه‌رتاسه‌رى عیراق.

کێڤن که‌نه‌دى، جێگرى رێکخه‌رى کاروبارى مرۆیى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ عیراق ده‌ڵێت: "ئه‌مه‌ ئه‌رکێکى سه‌خته‌، و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و هاوبه‌شه‌کانى له‌ رێکخراوه‌ ناحکومیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان به‌ ته‌واوى  پابه‌ندن به‌ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى ئه‌م بارودۆخه‌. هه‌زاران ته‌ن هاوکارى گه‌یندراوه‌ بۆ ئاواره‌کان و سه‌دان کارمه‌ندى UN گه‌یشتوون بۆ هه‌رێمى کوردستان له‌م قه‌یرانه‌ى ئیستاى عیراقدا. پێشکه‌شکردنى هاوکارى مرۆیى کارێکى ئاسان نییه‌ له‌ عیراق له‌به‌ر بارودۆخى ئه‌منى، و گه‌وره‌یى قه‌باره‌ى ئاواره‌بوون، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ رێگاى هاوکارى بێ وێنه‌ و له‌ نزیکه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى کردنى کاره‌کان زۆر یارمه‌تیمان ده‌دات. ئه‌م قه‌یرانه‌ى ئاواربوون هاوشێوه‌ى کۆڕه‌وى ساڵى 1991 سه‌خت و دژواره‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ک به‌ هه‌ستێکى لێپرسراویه‌تى به‌ده‌نگه‌وه‌ى بێت به‌مه‌به‌ستى رێکخستن و گه‌یاندنى یارمه‌تى مرۆیى پێویست".


نه‌خشه‌ى دابه‌شبوونى ئاواره‌کان له‌ عێراق  2014


زۆرترین خوێندراو