لیژنه‌ى پیشه‌سازى و ووزه‌ى په‌رله‌مان: به‌رپرسیاره‌تى دیاریکردنى نرخى به‌نزین ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆى حکومه‌ت

8/31/2014 7:43:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
 
سه‌ر له‌به‌یانى ئه‌مرۆ 31 ى ئابى 2014  لیژنه‌ى پیشه‌سازى و ووزه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان له‌گه‌ڵ‌ وه‌زاره‌تى نه‌وت و سامانه‌ سروشتییه‌کانى هه‌رێم له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کۆبۆونه‌وه‌ه‌ بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى نرخى لیترێک به‌نزین، که‌ به‌هۆى رووداوه‌کانى ئه‌مدواییه‌وه‌ نرخ و میکانیزمه‌کانى پێدانى به‌نزین به‌هاووڵاتیان گۆرانى به‌سه‌ردا هاتبوو.

له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆنامه‌وانیدا که‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى پێشه‌سازى و ووزه‌ له‌ته‌لارى په‌رله‌مان ئه‌نجامدرا، د. شێرکۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆکى لیژنه‌ى پیشه‌سازى و ووزه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌رئه‌نجامى کۆبوونه‌وه‌که‌ى ئاشکراکردو  به‌رۆژنامه‌نووسانى راگه‌یاند: له‌کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مرۆماندا له‌گه‌ل وه‌زاره‌تى نه‌وت و سامانه‌ سروشتییه‌کانى هه‌رێم نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامێکى کۆتایى بۆ دیاریکردنى نرخى لیترێکى به‌نزین و وه‌کو وه‌فدى په‌رله‌مان گه‌یشتینه‌ ئه‌و بریاره‌ى که‌ دیاریکردنى نرخه‌که‌ بۆ حکومه‌ت به‌جێبێلێن و به‌رپرسیاره‌تییه‌که‌ى بکه‌وێته‌ ئه‌ستۆى حکومه‌ت و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش له‌رێگه‌ى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کانه‌وه‌ له‌ماوه‌یه‌کى نزیکدا نرخه‌ نوێیه‌که‌ راده‌گه‌ینێت.

هه‌ر له‌کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى لیژنه‌ى پیشه‌سازى و ووزه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان-ه‌وه‌ ئه‌وه‌ روونکرایه‌وه‌: حکومه‌ت هۆکارى په‌سند نه‌کردنى پێشنیازه‌کانى په‌رله‌مان گه‌رانده‌وه‌ بۆ قه‌یرانى دارایى ئه‌مداوییه‌و هه‌روه‌ها به‌ هۆى داهاتى به‌نزینه‌وه‌ خه‌رجى وێستگه‌کانى کاره‌باى لێیده‌درێت و هه‌روه‌ک پاڵپشتێکیشه‌ بۆ دابینکردنى به‌شێک له‌مووچه‌.

هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى لیژنه‌ى پیشه‌سازى و ووزه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان-ه‌وه‌ ئه‌وه‌ش خرایه‌روو، که‌ لیژنه‌که‌یان سێ پرۆژه‌ى  بۆ حکومه‌ت پێشنیازکردبوو، یه‌که‌مییان بریتیبوو له‌دانانى 500 دینارو دووه‌مییان 600 دینارو سێیه‌میشان 650 دینار بوو، به‌ڵام هیچییان له‌لایه‌ن وه‌فده‌ وه‌زارییه‌که‌وه‌ په‌سند نه‌کران.

هه‌ر له‌کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا، په‌رله‌مانتاران راشیگه‌یاند: وه‌کو په‌رله‌مان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ئه‌رکى چاودێریکردنى کواڵیتى و جۆرى به‌نزینه‌که‌و هه‌وڵده‌ده‌ن رێگه‌چاره‌ى دیکه‌ له‌داهاتوودا بدۆزنه‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو