حکومه‌تى هه‌رێم نرخى به‌نزین زیاد ده‌کات بۆ 900 دینار

8/31/2014 7:47:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا ئاماژه‌ به‌نرخى به‌نزین ده‌دات که‌بۆله‌مه‌ودوا بێ کۆبۆنه‌وه‌ بۆهه‌رلیترێک نرخه‌که‌ى 900 دیناره‌ .
ئه‌مه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یه‌ :

راگه‌یاندراوێک له‌ سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به‌ نرخى به‌نزین و نه‌وت له‌ هه‌رێمى کوردستان

ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ کاروبارى نه‌وت و گاز ،دوابه‌دواى چه‌ندین کۆبونه‌وه‌ى یه‌ک به‌دواى یه‌ک له‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌ت و ناوه‌نده‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ قه‌یرانى سوته‌مه‌نى له‌ هه‌رێمى کوردستان، هه‌روه‌ها دواى چه‌ندین دانیشتن له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان، تاوتوێى دیارى کردنى نرخى به‌نزین و شێوازى دابه‌ش کردن و دۆزینه‌وه‌ى میکانیزمێکى گونجاو بۆ تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانى سوته‌مه‌نى له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌، بۆیه‌ به‌له‌به‌رچاوگرتنى بارودۆخى شه‌ر و په‌لاماره‌کانى شه‌رانگێزى ده‌وڵه‌تى تیرۆریستى داعش که‌ تیایدا هه‌رێمى کوردستان له‌ ئێستادا له‌ شه‌رێکى نه‌خوازراودا رووبه‌رووى تیرۆریستاندایه‌.

حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌رکێکى قورسى که‌وتۆته‌ سه‌رشان ،له‌دابین کردنى پێداویستییه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان ،که‌ ئه‌مرۆ له‌ سه‌نگه‌ره‌کانى به‌رگرى له‌ خاکى پیرۆزى کوردستاندان،سه‌ره‌راى ئه‌م بارودۆخه‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌رکێکى گه‌وره‌ترى له‌ ئه‌ستۆدایه‌ ئه‌ویش خزمه‌تکردن و دابین کردنى پێداویستیه‌کانى زیاتر له‌ (850000) هه‌شت سه‌د و په‌نجا هه‌زار ئاواره‌ى ده‌رئه‌نجامه‌کانى شه‌ڕن  که‌ له‌ئێستادا له‌ هه‌رێمى کوردستاندان و که‌ و وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ ئێستا پارێزگایه‌کى تر بۆ هه‌رێمى کوردستان زیاد بوو بێت. هه‌روه‌ها له‌ لایه‌کى تر حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌دابین کردنى داوده‌رمان و سه‌رجه‌م خزمه‌ت گوزاریه‌ گشتیه‌کانى تر بۆ هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان به‌ ئاواره‌کانیشه‌وه‌.

سه‌ره‌راى بڕینى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم، که‌ ماوه‌ى هه‌شت مانگه‌ بودجه‌ له‌حکوومه‌تى ناوه‌ندى بۆ هه‌رێمى کوردستان نه‌هاتووه‌و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ دابین کردنى موچه‌ى خه‌ڵک و فه‌رمانبه‌ران.

زۆر له‌و زه‌خت و قورساییانه‌ى که‌ که‌وتۆته‌ ئه‌ستۆى حکومه‌ت، ئه‌ندامانى به‌رێزى په‌رله‌مان له‌ لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کان هاورابوون که‌ به‌ڵێ حکوومه‌ت تووشى قه‌یران بووه‌. وه‌ به‌ شێوازێکى روون ،فرۆشتنى نه‌وت خراوه‌ته‌ به‌رده‌م  ئه‌ندامانى به‌رێزى په‌رله‌مان و هه‌موو ئه‌و پاڵپشتیانه‌ى که‌ حکوومه‌ت ده‌یدات بۆ بواره‌ جیاجیاکانى هه‌رێم باس کراوه‌ .

سه‌ربارى هه‌موو ئه‌مانه‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ دوابڕیارى، له‌سه‌ر نرخى سوته‌مه‌نى و به‌نزین هه‌وڵیداوه‌ چین و توێژه‌کانى کۆمه‌ڵ و خه‌ڵکى ئاسایى له‌به‌ر چاو بگیرێت به‌شێوه‌یه‌ک زۆرینه‌ى خه‌ڵک تیایدا سودمه‌ند بن و له‌ به‌رژه‌وه‌ندى زۆرینه‌ى هاوڵاتیاندا بێت ، هه‌روه‌ها گرتنه‌به‌رى رێوشوێنى یاسایى و تۆکمه‌ بۆ زامن کردنى کوالێتى به‌نزین به‌جۆرێک خاوه‌ن به‌نزینخانه‌کان و ئه‌وانه‌ى هاوورده‌ى به‌نزین ده‌که‌ن گه‌ر سه‌رپێچى رێنماییه‌کانى کوالیتى به‌نزین بکه‌ن  سزابدرێن و وه‌ گرتنه‌به‌رى دارشتنى میکانیزمى نوێ بۆ سه‌رپه‌رستى کردنى  فرۆشتن و دابه‌شکردنى سوته‌مه‌نى ده‌گیرێته‌ به‌ر .

بۆیه‌ له‌ دانانى نرخه‌کاندا نرخى به‌نزین و سوته‌مه‌نى بۆ ئۆتۆمبێله‌کانى ته‌کسى و پاس به‌هه‌ند وه‌رگیراوه‌و هه‌روه‌ها له‌ دانانى نرخه‌کاندا ره‌چاوى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و به‌رپرسیارێتى ئه‌م قۆناغه‌و ره‌وشى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان کراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ بۆ دانانى نرخى به‌نزین و گاز وایل و نه‌وتى سپى بڕیاردرا:-

1-نرخى  یه‌ک لیتر به‌نزین بۆ ته‌کسى و پاس 500 دینار بێـت و له‌ رێگه‌ى کۆبۆن دابه‌ش ده‌کرێت.
2-نرخى به‌نزین بۆ ته‌واوى ئۆتۆمبیله‌کانى تر به‌ بێ کۆبۆن ده‌بێته‌ 900 دینار.
3- نه‌وتى سپى بۆ دابه‌ش کردنى ئه‌مساڵ بۆ هاوڵاتیان وه‌ک خۆى ده‌مێنێت واته‌ به‌ 160 دینار بۆ هه‌ر لیترێک.
ئه‌م رێوشوێنانه‌ په‌یوه‌ستن به‌م بارودۆخه‌ نائاساییه‌و له‌ کاتى گه‌ڕانه‌وه‌ى دۆخى ئاسایى بوونه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان، پیاچوونه‌وه‌ به‌م بڕیارانه‌ ده‌کرێت.


زۆرترین خوێندراو