قائیمقامیه‌تى سلێمانى پشتیوانى له‌ که‌مپینى هاریکارییه‌کان ده‌کات بۆ پێشمه‌رگه‌

9/1/2014 12:32:00 PM
جەماوەر نیوز

جه‌ماوه‌رنیوز

له‌ شارى سلێمانى له‌ یه‌ک کاتدا دوو که‌مپین سازکراوه‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ و گه‌یاندنى  کۆمه‌ک و هاوکارى بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ له‌و به‌ره‌کانى جه‌نگدا و له‌ میانه‌ى به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى ئه‌و که‌مپینانه‌شدا قائیمقامى سلێمانى رایگه‌یاند ئه‌رکى سه‌رشانى هه‌مووانه‌ به‌هه‌ست کردن به‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ى که‌ له‌ ئه‌ستۆماندایه‌ هاوکارى پێویست پێشکه‌ش به‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بکه‌ین و پشتیوانى و هاوسۆزى خۆمانیان بۆ دووپات بکه‌ینه‌وه‌.

 ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى سه‌ردانى که‌مپینى (نه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌)ى له‌ به‌رده‌م باخى گشتى و که‌مپینى (به‌خشینى هاوکارى بۆ پێشمه‌رگه‌ و ئاواره‌کان) له‌ گه‌ره‌کى کارێزه‌ویشک کرد ، که‌ که‌مپینه‌کان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک گه‌نج و مه‌کته‌بى رێکخراوه‌ دیموکراتیه‌کانه‌وه‌ سازکراوه‌ و مه‌به‌ست لێ بۆ گه‌یاندنى کۆمه‌ک و هاوکاریه‌ بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ .
 
له‌ میانه‌ى به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى که‌مپینه‌کاندا قائیمقامى سلێمانى ده‌ستخۆشى له‌ رێکخه‌رانى که‌مپینه‌کان کردو هه‌موو هاوکارى و کارئاسانیه‌کى خۆى بۆ سه‌رکه‌وتنى زیاترى کاره‌کانیان بۆ ده‌ربڕى و رایگه‌یاند هاوکارى کردنى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ ئه‌رکێکى نیشتمانى گه‌وره‌یه‌و پێویسته‌ هه‌مووان به‌شداربین له‌ پشتیوانى کردن و هاوکارى کردن هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رکه‌وتنى زیاتر تۆمار بکه‌ن و پارێزگارى له‌ خه‌ڵک و نیشتمانه‌که‌یان بکه‌ن.


زۆرترین خوێندراو