په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌حه‌سانه‌ى مامۆستایانى ئایینى وه‌ڵامى یه‌کێتى زانایان ده‌داته‌وه‌

9/1/2014 1:03:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

دواى ئه‌وه‌ى چه‌ند حاڵه‌تێک هاتنه‌پێش تێیدا مامۆستایانى ئایینى بانگهێشتى دادگا‌و لێپێچینه‌وه‌ى یاسایى ده‌کران، یه‌کێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان له‌ (6-8-2014) نووسراوێکى ئاراسته‌ى لیژنه‌ى ئه‌وقافى په‌رله‌مانى کوردستان کرد‌و، تێیدا داوا ده‌کات: (هه‌ر لێپرسینه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ زانایانى ئایینى پێویسته‌ له‌ رێگاى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف‌و کاروبارى ئایینیو یه‌کێتى زانایانه‌وه‌ بێت‌و، به‌بێ‌ ئاگادارى ئه‌م دوو ده‌زگایه‌ زاناى ئایینى راپێچى دادگا نه‌کرێت).

دواى به‌رزکردنه‌وه‌ى ئه‌م داواکارییه‌ لێژنه‌ى ئه‌وقافى په‌رله‌مان نووسراوێکى بۆ سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان به‌رزکرده‌وه‌‌و، پێشنیار ده‌که‌ن هه‌ر زانایه‌کى ئایینى که‌ ئیجرائاتى یاسایى له‌گه‌ڵ بکرێت، با له‌ رێگه‌ى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف‌و کاروبارى ئایینى بێت، چونکه‌ ده‌زگایه‌کى فه‌رمى حکوومیه‌‌و زۆربه‌ى زۆرى زانایان فه‌رمانبه‌رن له‌م ده‌زگایه‌.

هه‌روه‌ها پێشنیار ده‌که‌ن ئه‌م حه‌سانه‌یه‌ پیاوانى ئایینه‌کانى تریش بگرێته‌وه‌.

دواى به‌رزکردنه‌وه‌ى ئه‌م پێشنیاره‌ى لێژنه‌ى ئه‌وقاف سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستان رۆژى 20-8-2014 به‌ ژماره‌ (4-3-2406) نووسراوێکى ئاراسته‌ى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کردووه‌، له‌ نووسراوه‌که‌دا ئاماژه‌ به‌ نووسراوه‌که‌ى یه‌کێتى زانایان‌و راى لێژنه‌ى ئه‌وقاف له‌ په‌رله‌مان کراوه‌‌و بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ره‌وانه‌کراوه‌: (به‌ مه‌به‌ستى به‌دواداچوون‌و جێبه‌جێکردنى کارى پێویست به‌ پێى یاسا).

شایانى باسه‌ ده‌ستگیرکردنى مامۆستایانى ئایینى به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى په‌یوه‌ندیدار، که‌ وه‌زاره‌تى ئه‌وقافه‌ نیگه‌رانى یه‌کێتى زانایانى لێکه‌وته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م داوایانه‌یان به‌رزکرده‌وه‌، به‌و ئومێده‌ى جێبه‌جێ‌ بکرێت، به‌ سوپاسه‌وه‌ په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌م داواکارییه‌ى یه‌کێتى زانایانى قبوڵ کردووه‌.


زۆرترین خوێندراو