سلێمانى ،به‌هۆى نزیک بونه‌وه‌ى وه‌رزى خوێندن ،ئاواره‌ى نێو خوێندنگاکان ده‌گوازرێنه‌وه‌

9/1/2014 2:31:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

وه‌زرى نوێى خوێندن نزیک ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام زیاتر له‌ 50 خوێندنگه‌ى سنورى پارێزگاى سلێمانى ئاواره‌ى تێدا نیشه‌جێ‌ کراوه‌، پارێزگارى سلێمانیش بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و بابه‌ته‌و ئاماده‌کردنى شوێنى تر بۆ ئاواره‌کان له‌ جێگه‌ى خوێندنگه‌کان له‌گه‌ڵ قائیمقامه‌کانى پارێزگاى سلێمانى و ئیداره‌ى گه‌رمیان کۆ ده‌بێته‌وه‌ .

ئه‌مڕۆ 1ى ئه‌یلولى 2014، به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح، پارێزگارى سلێمانى به‌ ئاماده‌بوونى به‌رێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى و به‌رێوه‌به‌رى کۆچ و کۆچبه‌رانى سلێمانى ، له‌گه‌ڵ قائیمقامه‌کانى سنورى پارێزگاى سلێمانى و ئیداره‌ى گه‌رمیان کۆبووه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا دوو ته‌وه‌ره‌ى سه‌رى گفتوگۆى له‌سه‌ر کرا که‌ بریتیى بوون له‌ سه‌رژمێرى و ئامارى ئاواره‌کان و دۆزینه‌وه‌ى جێگره‌وه‌ى خوێندنگه‌کان بۆ نیشته‌جێکردنى ئاواره‌کان.

له‌ ته‌وه‌رى یه‌که‌مدا پارێزگارى سلێمانى ئاماژه‌ى بۆ کۆبوونه‌وه‌ى دوێنى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و پارێزگاره‌کانى هه‌رێم کرد له‌گه‌ڵ یاریده‌ده‌رى" بان کى مۆن " سکرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌ له‌ شارى هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو.

له‌و رووه‌وه‌ پارێزگار رایگه‌یاند نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌ماى ژماره‌ى ئاواره‌کان هاوکارى پێشکه‌ش ده‌که‌ن بۆیه‌ پێویسته‌ به‌وردى و به‌ هه‌ماهه‌نگى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ئامارى ئاواره‌کان وه‌ربگیرێت.

پارێزگار  رێنماى پێویستیدا به‌ ئاماده‌بووان بۆ ئه‌وه‌ى کارى له‌سه‌ر بکه‌ن بۆ وه‌رگرتنى ئامارى ته‌واوتى ئاواره‌کان له‌ زووترین کاتدا.

له‌ته‌وه‌رى دووه‌میشدا، پارێزگار  رایگه‌یاند نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان  له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌کدا لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌که‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌توانن چه‌ند که‌مپى نیشته‌جێ‌ بوون تا مانگى تشرینى دووه‌م دروست بکه‌ن، به‌ڵام تا ئاماده‌بوونى که‌مپه‌کان ده‌بێت شوێنێکى  جێگره‌وه‌ بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ ده‌سته‌به‌ر بکرێت که‌ له‌ خوێندنگه‌کاندا نیشته‌جێ‌ کراون.

له‌ دواى رۆژى 10ى حوزه‌یرانى رابردووه‌وه‌ تا ئێستا نزیکه‌ى 160 هه‌زار ئاواره‌ رووى له‌ پارێزگاى سلێمانى کردووه‌، ژماره‌یه‌کى زۆریش له‌و ئاوارانه‌ له‌ زیاتر له‌ 50 خوێندنگه‌ى پارێزگاى سلێمانى به‌شێوه‌ى کاتى نیشته‌جێ‌ کراون.

له‌و رووه‌وه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ى پارێزگار له‌گه‌ڵ قائیمقامه‌کان بریاردرا تا 10ى ئه‌م مانگه‌ که‌ سه‌ره‌تاى وه‌رزى خوێندنه‌ سه‌رجه‌م ئاواره‌کان بگوازرێنه‌وه‌ بۆ شوێنى تر له‌وانه‌ش که‌مپى عه‌ربه‌ت و  ئه‌و بینایانه‌ى که‌ له‌ئێستادا که‌متر پێویستن.

پارێزگارى سلێمانیش ته‌ئکیدى کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێت ئاواره‌کان بگوازرێنه‌وه‌ بۆ که‌مپه‌کان  رایگه‌یاند نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوه‌کانیان به‌مه‌رجى ئه‌وه‌ هاوکارى ئاواره‌کان ده‌که‌ن که‌ له‌ که‌مپدا  نیشه‌جێ‌ کرابن.

  وتیشى : له‌ ده‌ڤه‌رى راپه‌ڕین و  چه‌مچه‌ماڵ و گه‌رمیان شوێن ئاماده‌ کراوه‌ بۆ دروستکردنى که‌مپ  و چاوه‌روانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانین ده‌ست به‌کاربن بۆ دروستکردنیان .


زۆرترین خوێندراو