له‌ ناوچه‌ى مه‌خموور داموده‌زگاکانى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ستى به‌کاره‌کانى ده‌کاته‌وه‌

9/1/2014 6:34:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

زۆربه‌ى دام و ده‌زگاکانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ ناوچه‌ى مه‌خموور ده‌ستیان به‌کاره‌کانى خۆیان کردۆته‌وه‌، دواى پاکردنه‌وه‌ى له‌ چه‌کدارانى رێکخراوى داعش له‌لایه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانه‌وه‌.

‌له‌م باره‌یه‌وه‌ ئیبراهیم شیخه‌للا قائیمه‌قامى شارۆچکه‌ى مه‌خموور به‌ ماڵپه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى گوت که‌ ئێستا ره‌وشى ناوچه‌که‌ ئاسایى بوویته‌وه‌ و "ده‌زگاکانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستیان به‌کارى رۆژانه‌ى خۆیان کردۆته‌وه‌، ته‌نها فه‌رمانگه‌ى بارى شارستانى نه‌بێت که‌ ئه‌ویش بریاره‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوو بگه‌رێته‌وه‌ و ده‌ست به‌ راپه‌ڕاندنى کاروبارى هاوڵاتیان بکاته‌وه‌."

‌هه‌روه‌ها گوتی" هاوڵاتیانیش له‌ کورد و عه‌ره‌ب به‌رێژه‌یه‌کى به‌رچاو گه‌راینه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و شوێنى خۆیان. هه‌رچه‌نده‌ ته‌نها به‌شێکى زۆر که‌م له‌ عه‌ره‌به‌کان، به‌راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ، هاوکارى چه‌کدارانى داعشیان کردووه‌، به‌ڵام زۆربه‌یان له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانى کورد به‌ره‌و ناوچه‌کانى کوردستان ئاواره‌ببوون".

له‌ لایه‌کى تره‌وه‌ قائیمه‌قامى شارۆچکه‌ى مه‌خموور رایگه‌یاند که‌ "به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى کۆچ و کۆچبه‌رانى حکومه‌تى عیراقى فیدرالییه‌وه‌ لیژنه‌یه‌ک پێکهاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بڕى پاره‌یه‌کى دیاریکراو به‌ هه‌ر خێزانێکى ئاواره‌ى ناوچه‌که‌ بدرێت وه‌ک قه‌ره‌بوو".

هه‌روه‌ها گوتى که‌ "هه‌ر چه‌نده‌ جارێ هیچ بودجه‌یه‌ک له‌لایه‌ن هه‌ردوو حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى عیراقى فیدرالییه‌وه‌ ته‌رخان نه‌کراوه‌ بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى زیانپێکه‌وتووان، به‌ڵام به‌رێگاى دوو لیژنه‌وه‌، دارایى و یاسایی، له‌ سنوورى ناوچه‌که‌ هه‌موو زه‌ره‌ر وزیانه‌کانى هاوڵاتیان تۆمار ده‌که‌ین و داواشمان له‌هاوڵاتیانى ناوچه‌ى مه‌خموور کردووه‌ ئه‌وانه‌ى که‌ زیان به‌ به‌ر ماڵ و موڵکیان که‌تووه‌ سه‌ردانى ئه‌م لیژنانه‌ له‌ باره‌گاى قایمه‌قامیه‌تى مه‌خموور بکه‌ن و داوکارى خۆیان پێشکه‌ش به‌ لیژنه‌کان بکه‌ن. ئه‌م لیژنانه‌ هه‌موو داواکارى هاوڵاتیان وه‌رده‌گرن و دیراسه‌ت ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوودا قه‌ره‌بوو بکرێنه‌وه‌".

‌جگه‌ له‌مه‌ش ده‌زگاى خێرخوازى بارزانى و کۆمه‌ڵێک له‌ سه‌رمایه‌دارانى کورد له‌م ناوچه‌یه‌ هاوکارى خه‌ڵک و هێزى پێشمه‌رگه‌یان کردووه‌ و رۆژانه‌ خۆراک و خوارده‌مه‌نى بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ دابین ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى کۆچ و کۆچبه‌رانى حکومه‌تى عیراقى فیدرالییه‌وه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو هه‌ندێک هاوکارى له‌ به‌شى خۆراک پێش که‌ش به‌ هاوڵاتیانى شارى مه‌خموور کراوه‌.‌‌

کێشه‌کان وهه‌وڵى چاره‌سه‌ریان

سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌کانى ناوچه‌که‌، قائیمقامى مه‌خموور رایگه‌یاند "له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م دۆخه‌ دوو کێشه‌ى سه‌ره‌کى دروست بوون ئه‌ویش کێشه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ و کێشه‌ى کاره‌بایه‌. بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى ئاو، دواى سه‌ردانى وه‌زیرى شاره‌وانى و پارێزگارى هه‌ولێر بۆ ناوچه‌که‌ و داڕشتنى به‌رنامه‌یه‌ک به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ری، ده‌ستمان کرد به‌ لێدانى بیرى ئاو و راکێشانى تۆڕى ئاو بۆ ئه‌وه‌ى قه‌ره‌بووى ئه‌و ئاوه‌ بکه‌ینه‌وه‌ که‌ پێشتر له‌ سۆلتان عه‌بدوللا و قه‌راج بۆ مه‌خمور ده‌هات و توانیمان تاراده‌یه‌ک کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ربکه‌ین."

ده‌رباره‌ى کێشه‌ى کاره‌باش، له‌ ئه‌نجامى شه‌ێ‌ و پێکدادان، "به‌شێکى زۆرى هێله‌کانى کاره‌با بچرابوون و هه‌موو فه‌رمانبه‌رانى که‌رتى کاره‌با له‌ کورد و عه‌ره‌ب رۆیشتبوون. فه‌رمانبه‌ره‌ عه‌ره‌به‌کان نه‌گه‌راینه‌وه‌ و فه‌رمانبه‌رانى کوردیش زۆربه‌یان کێشه‌ى هاتووچویان هه‌یه‌ چونکه‌ به‌ته‌واوه‌تى نه‌گه‌راینه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ و شوێنى خۆیان و رۆژانه‌ش ناتوانن بێنه‌ ده‌وام، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا تاراده‌یه‌کى باش تیمه‌کانى تایبه‌ت به‌چاره‌سه‌رکردنى هێله‌کانى کاره‌با ئه‌م گرفته‌یان چاره‌سه‌ر کردووه‌."

سه‌باره‌ت به‌ که‌رتى ته‌ندروستی، ئیبراهیم شێخه‌للا ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ "ستافى که‌رتى ته‌ندروستى له‌ مه‌خموور له‌ دوو به‌ش پێکهاتوون، به‌شێک سه‌ر به‌ مووسڵ بوو که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م رووداوانه‌ هه‌موو کارمه‌نده‌کانى رۆیشتوونه‌ و نه‌گه‌راینه‌وه‌ و به‌شێک سه‌ر به‌ هه‌ولێر بوو که‌ کارمه‌نده‌کانى له‌کاتى شه‌ڕیش ئاماده‌بوونێکى باشیان هه‌بوو و ئێستاش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌رده‌وامن له‌سه‌ر کارى خۆیان و له‌ رووى ته‌ندروستیه‌وه‌ مه‌خموور کێشه‌یه‌کى ئه‌وتۆى نییه‌".

سه‌باره‌ت به‌ زه‌ره‌ر و زیانه‌کانى دام و ده‌زگاکانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ ناوچه‌که‌ رایگه‌یاند"چه‌کدارانى داعش زۆربه‌ى ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌کانى بناکانى ئه‌م ده‌زگایانه‌یان شکاندبوون و به‌شێک له‌ که‌لوپه‌ل و بڕێک له‌ پاره‌ له‌ هه‌ردوو فه‌رمانگه‌ى تێبینه‌رى خانوبه‌ره‌ و شاره‌وانى و هه‌ندێک که‌لوپه‌لى تر له‌گه‌ڵ چوار ئۆتۆمۆبێلى ئاگرکوژینه‌وه‌ و بڕێکى سوته‌مه‌نیان بردووه‌".

سه‌باره‌ت به‌ سایلۆى مه‌خموور، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ ناوه‌نده‌ سه‌ره‌کیه‌کانى کۆکردنه‌وه‌ى ده‌غڵى جوتیاران، گوتی"هه‌ندێک زه‌ره‌رى ماددى به‌ ئیداره‌ و به‌شه‌کانى که‌وتووه‌، به‌ڵام دووربووه‌ له‌ گه‌نم و دانه‌وێله‌ و جوتیارانیش، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان گه‌نم و ده‌نه‌وێله‌یانى لێ وه‌رگرتووه‌ دڵنیاده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ له‌ رێگاى وه‌زاره‌تى بازرگانیه‌وه‌ له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌داین بۆ ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌یه‌کى زۆر کورتدا ده‌ست بکه‌ین به‌ پێدانى پاره‌ى گه‌نم و دانه‌وێله‌کانیان."

سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌ى سوته‌مه‌نى و به‌نزین له‌ ناوچه‌که‌ ئیبراهیم شێخه‌للا گوتى که‌ دوو وێستگه‌ى دابه‌شکردنى به‌نزین ئێستا له‌ ناوچه‌که‌ به‌نزین به‌ هاولاتیان ده‌ده‌ن و له‌ ماوه‌یه‌کى که‌میش دا به‌نزیخانه‌ى حکومى له‌ مه‌خموور دووباره‌ ده‌کرێته‌وه‌ و ده‌ست به‌ دابه‌شکردنى به‌نزین ده‌کات بۆ هاوڵاتیان.

ناوچه‌ى مه‌خموور که‌ له‌ قه‌زاى مه‌خموور و ناحیه‌کانى گوێرو که‌ندیناواو قه‌راج پێکهاتووه‌، به‌پێى ناسنامه‌ى بارى شارستانى و کارتى خۆراک، ژماره‌ى دانیشتوانى نزیکه‌ى دوو سه‌د هه‌زار که‌س ده‌بێت و رێژه‌ى کورد له‌م ناوچه‌یه‌ له‌ 75 له‌سه‌د زیاتره‌. ئێستا زیاتر له‌ 90 له‌سه‌د له‌ خاکى ناوچه‌که‌ له‌لایه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانه‌وه‌ رزگارکرایته‌وه‌ و هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ زۆربه‌ ئه‌و شوێنانه‌یه‌ که‌ پێش هاتنى چه‌کدارانى رێکخراوى داعش لێى بووه‌، رۆژانه‌ش له‌ پێشره‌ویدان به‌ مه‌به‌ستى زیاتر کرۆنترۆڵکردنى ناوچه‌که‌ و پاکردنه‌وه‌ى له‌ چه‌کدارانى ئه‌م رێکخراوه‌یه‌.


زۆرترین خوێندراو