کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى هیچ ده‌رئه‌نجامێکى نه‌بوو، جارێکى تر دواخرا

9/14/2014 2:33:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ پییه‌ک شه‌ممه‌ 14ى ئه‌یلولى  2014 بۆ جارى  شه‌شه‌م  ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى به‌مه‌به‌ستى  هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاو پارێزگارى سلێمانى کۆبۆوه‌  ، به‌ڵام  کۆبونه‌وه‌که‌ هیچ ده‌رئه‌نجامێکى نه‌بوو بۆ ماوه‌ى  7 رۆژى تر درێژ کرایه‌وه‌ .

له‌وباره‌یه‌وه‌ "فه‌رهاد تۆفیق " ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و سه‌رۆکى لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى کوردستانى به‌جه‌ماوه‌رنیوزى راگه‌یاند:  کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مرۆَى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى هیچ ده‌رئه‌نجامێکى نه‌بووه‌و دواى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌تادا سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌کان کۆبوونه‌وه‌ به‌ڵام نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ بریارێک  بۆیه‌  کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى به‌ئاماده‌بونى نوێنه‌رى رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى  به‌رێوه‌چوو ،به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى هیچ لایه‌نێک کاندیدى نه‌بوو بۆ پۆسته‌کانى ئه‌نجومه‌ن و پارێزگار   له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا پرسى دواخشتنى خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌ڵام هیچ ده‌نگێکى به‌ده‌ست نه‌هێنا .
ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که‌له‌کۆبونه‌وه‌کانى پێشووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ،هیچ لایه‌نێکى نێو ئه‌نجومه‌ن کاندیدى نه‌بوو بۆ پۆسته‌کانى سه‌رۆک و جێگرى ئه‌نجومه‌ن و پۆستى پارێزگار ،ئه‌مرۆش به‌هه‌مان شێوه‌ هیچ کاندیدێک نه‌بوو ، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌رێکه‌وتنى نێوان لایه‌نه‌کان،به‌ڵام لاینه‌کان نزیک بوونه‌ته‌وه‌ له‌رێکه‌وتن ، بۆیه‌ بڕیاردرا بۆ جارێکى تر دانیشنه‌که‌ به‌کراوه‌ى بهێڵرێته‌وه‌و ماوه‌که‌ درێژ بکرێته‌وه‌ بۆ 7 رۆژى تر که‌  21 ى ئه‌یلول دواواده‌ ده‌بێت  .

فه‌رهاد تۆفیق ووتى:" ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌له‌سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌که‌دا لیستى خزمه‌ت وه‌ک هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌سه‌ر رێنه‌که‌وتنى هه‌ردوو فراکسیۆنى یه‌کێتى و گۆران له‌سه‌ر پۆسته‌کان له‌کۆبونه‌وه‌که‌ چونه‌ده‌ره‌وه‌ ،به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌وان وه‌ک به‌رپرسیار له‌یه‌کلایى کردنه‌وه‌ى پۆسته‌که‌ن ناوده‌برێن ، به‌ڵام له‌دواى پشوى یه‌که‌مى کۆبونه‌وه‌که‌ لیستى خزمه‌ت هاتنه‌وه‌ نێو کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن و پرۆسه‌ى ده‌نگدان له‌سه‌ر پۆسته‌کان به‌رێوه‌چوو ،به‌ێم هیچ فراکسیۆنێک کاندیدى نه‌بوو .

ووتیشى :  به‌پێى یاسا ده‌بوایه‌ له‌ کۆبونه‌وه‌ى  یه‌که‌مدا سه‌رۆکى و جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵبژێردرێت، به‌ڵام دواى ئه‌نجامدانى پێنج‌ کۆبونه‌وه‌ تائێستا ئه‌و پۆستانه‌ یه‌کلایى نه‌کراونه‌ته‌وه‌و ئومێد ده‌کرێت له‌دانیشتنى داهاتوودا کۆتایى پێبێت و پۆسته‌کان یه‌کلایى بکرێنه‌وه‌ ،له‌به‌رئه‌وه‌ى فراکسیۆنه‌کان نزیک بونه‌ته‌وه‌ له‌رێکه‌وتن بۆ دابه‌شکردنى پۆسته‌کان و دروستکردنى حکومه‌تى خوجێى سلێمانى .


زۆرترین خوێندراو