سه‌رۆکى حکومه‌ت داواى له‌ UN و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و حکومه‌تى عیراق ده‌کات ،ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تیى خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن

9/14/2014 2:38:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 14ى ئه‌یلوولى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو ڤالێرى ئامۆس جێگرى سکرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ـ ڕێکخه‌رى نووسینگه‌ى کاروبارى مرۆییى UN و شاندێکى یاوه‌رى کرد.

وه‌فدى میوان که‌ سه‌ردانى که‌مپه‌کانى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆک کردبوو، پوخته‌ى دید و تێبینییه‌کانى خۆیان ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى ئاواره‌کان و کێشه‌ و گرفته‌کانیان خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانین و ده‌ستخۆشیى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییان پێشکه‌ش به‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد، که‌ وێڕاى زۆریى ژماره‌ى ئاواره‌کان و سنوورداریى تواناکان، پێشوازى لێ کردوون و هه‌موو کۆمه‌ک و هاوکارییه‌کى پێشکه‌ش کردوون.

وه‌فده‌که‌ هه‌روه‌ها تیشکیان خسته‌ سه‌ر کۆمه‌ڵێک کێشه‌ و گرفتى که‌مپه‌کان له‌ ڕووى په‌روه‌رده‌یى و ته‌ندروستى و ژیارییه‌وه‌ و مه‌ترسیى خۆیان له‌ ئه‌گه‌رى زیادبوونى ژماره‌ى په‌نابه‌ران و ئاواره‌کان ده‌ربڕى، دووپاتیشیان کرده‌وه‌ که‌ داوا له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و وڵاته‌ کۆمه‌کبه‌خشه‌کان و حکوومه‌تى به‌غدا ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هاوکارى و یارمه‌تیى زیاتر پێشکه‌ش به‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن، تا بتوانێت به‌ شێوه‌یه‌کى باشتر خزمه‌تى په‌نابه‌ران و ئاواره‌کان بکات.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیران دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌رگاکانى به‌ ڕووى هه‌موو په‌نابه‌ران و ئاواره‌کاندا کردووه‌ته‌وه‌ و وێڕاى سنوورداریى تواناکانیشى، هه‌موو کۆمه‌ک و هاوکارییه‌کى پێویستى پێشکه‌ش کردوون، به‌ڵام ئه‌وه‌یشى نه‌شارده‌وه‌ که‌ پێداویستییه‌کانى ڕه‌وشه‌که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى تواناکانى حکوومه‌ته‌، به‌ تایبه‌تى که‌ له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌ هۆى نه‌ناردنى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ لایه‌ن حکوومه‌تى عیراقه‌وه‌، حکوومه‌تى هه‌رێم له‌ قه‌یرانێکى سه‌ختى داراییدایه‌، بۆیه‌ داواى کرد که‌ UN و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و حکوومه‌تى عیراق، ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تیى خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن.


زۆرترین خوێندراو