وه‌زاره‌تى سامانه‌ سرووشتییه‌کان : لێکدانه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ بۆ نرخى به‌نزین کراون

9/16/2014 12:30:00 AM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

وه‌زاره‌تى سامانه‌ سرووشتییه‌کان له‌ روونکردنه‌وه‌یه‌کدا  ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ به‌گوێره‌ى ئه‌و هاوکێشه‌ بیرکاریانه‌ نرخى لیترێک سێ ئه‌وه‌نده‌ زیاتر ده‌کات بۆ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌چاو ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانارێکه‌وه‌  لێکدانه‌وه‌ى بۆ کردووه‌: که‌واته‌ 1200 دینار ده‌کات، نه‌ک 400 دینار .

ده‌قى روونکردنه‌وه‌که‌:

وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کان به‌ پێویستى ده‌زانێت هه‌ندێک له‌ لێکدانه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌کانى نرخى به‌نزین راست بکاته‌وه‌ که‌ له‌لایه‌ن د. عیزه‌ت سابیر، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى و ئابوورى وه‌به‌رهێنانى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ له‌ نامه‌یه‌کى کراوه‌دا بۆ سایتى خه‌ندان له‌ ١٢-٩-٢٠١٤ دا خرابوونه‌ڕوو.

له‌ نامه‌که‌یدا، په‌رله‌مانتاره‌که‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان قازانجێکى زۆر ده‌کات له‌ فرۆشتنى به‌نزین به‌ نرخى ٩٠٠ دینار بۆ لیترێک (بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ تێچووى به‌نزین بۆ یه‌ک لیتر ٤٠٠ دینار ده‌که‌وێت له‌سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان)، له‌کاتێکدا پارێزگاى که‌رکوک لیترێک به‌نزین به‌ ٨٠٠ دینار ده‌فرۆشێت.

لێکدانه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانى په‌رله‌مانتاره‌که‌ راست نین.

لێکدانه‌وه‌که‌ى بۆ تێچووى به‌رمیلێک به‌نزین له‌سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌یه‌: ٣٠ دۆلار ده‌درێت به‌ کۆمپانیاى به‌رهه‌مهێن؛ ١٧ دۆلار له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ ده‌درێت به‌ پاڵاوگه‌؛ ٣ دۆلاریش کرێى گواستنه‌وه‌یه‌. واته‌ ٣٠ + ١٧ + ٣ = ٥٠ دۆلار. پاشان ٥٠ دۆلاره‌که‌ دابه‌ش ده‌کات به‌سه‌ر ١٥٣ (که‌ بریتیه‌ له‌ ژماره‌ى لیتر بۆ هه‌ر به‌رمیلێک به‌پێى گریمانه‌ى ئه‌و که‌ به‌ده‌ست دێت پاش پاڵاوتن) تاکو نرخى یه‌ک لیترمان ده‌ست بکه‌وێت که‌ ٣٣ سه‌نته‌. به‌ نرخى ١٢٠٠ دینار بۆ هه‌ر دۆلارێک، نرخى لیترێک ده‌کاته‌ ٤٠٠ دینارى عێراقی.
یه‌که‌م، ئه‌و ١٥٣ لیتره‌ى ئاماژه‌ى پێ ده‌دات هه‌مووى بریتى نیه‌ له‌ به‌نزین، به‌ڵکو ته‌نها ٢٠٪ ى ئه‌م بڕه‌ ده‌بێته‌ به‌نزین، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌بێته‌ به‌رهه‌مى تر که‌ به‌هایان که‌متره‌ له‌ به‌نزین.

دووه‌م، راستیه‌ک هه‌یه‌، تێچووى کۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان زۆر زیاتره‌ له‌ ٣٠ دۆلار بۆ به‌رمیلێک له‌ نه‌وتى خاو که‌ ئه‌و له‌ لێکدانه‌وه‌که‌یدا گریمانه‌ى بۆ کردووه‌.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ژماره‌کانى په‌رله‌مانتاره‌که‌ به‌ ‌هێند وه‌رگرین بۆ تێچووه‌کانى به‌رهه‌مهێنان، ئه‌وا ده‌بێت ١٠٠ دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێک زیاد بکه‌یت چونکه‌ به‌غدا له‌سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم حسابى ده‌کات وه‌ک نرخى بازاێ‌ له‌به‌ر به‌کارهێنانى ئه‌م نه‌وته‌ و له‌ بودجه‌ى هه‌رێمى ده‌بڕێت. به‌م پێیه‌، کۆى تێچوونه‌کان پێویسته‌ به‌ ١٥٠ دۆلار بۆ به‌رمیلێک حساب بکرێت نه‌ک ٥٠ دۆلار بۆ به‌رمێلێک وه‌ک په‌رله‌مانتاره‌که‌ ئاماژه‌ى بۆ کردووه‌.

ئه‌مه‌ش نرخى لیترێک سێ ئه‌وه‌نده‌ زیاتر ده‌کات بۆ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌چاو ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانتاره‌که‌ لێکدانه‌وه‌ى بۆ کردووه‌: که‌واته‌ ١٢٠٠ دینار ده‌کات نه‌ک ٤٠٠ دینار وه‌ک په‌رله‌مانتاره‌که‌ ئاماژه‌ى پێکردووه‌.

ئه‌گه‌ر به‌ شێوازێکى تر له‌مه‌ بڕوانین:

حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ٣٠ دۆلار وه‌ک تێچووى کۆمپانیاکان ده‌دات (به‌ پێى گریمانه‌ى په‌رله‌مانتاره‌که‌). ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان خۆى نه‌وته‌که‌ى هه‌نارده‌ بکردایه‌، ئه‌وا ده‌گه‌یشته‌ ١٠٠ دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێک، واته‌ به‌ قازانجى ٧٠ دۆلار.

ئه‌گه‌ر هیچ توانایه‌کى پاڵاوتن له‌ کوردستاندا بوونى نه‌بوایه‌، ئه‌وا حکومه‌تى هه‌رێم به‌رهه‌مه‌کانى وه‌ک به‌نزینى له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ بازاڕه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌کرد به‌ نرخى ١٥٢ دۆلار بۆ به‌رمیلێک (ئه‌مه‌ش به‌ پێى نرخى نێودوه‌ڵه‌تى ٩٥٠ دۆلار بۆ یه‌ک ته‌ن له‌گه‌ڵ تێچووه‌کانى گواستنه‌وه‌ به‌ ٢٠٠ دۆلار بۆ یه‌ک ته‌ن بۆ کوردستان).

له‌به‌رئه‌وه‌، پوخته‌ى تێچووى بنه‌ڕه‌تى بۆ به‌رمیلێک به‌نزین بۆ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌ ده‌بێت:

١٥٢ + ٣٠ – ٧٠ = ١١٢ دۆلار (٩٠٠ دینار بۆ لیترێک، به‌ گریمانه‌ى ئه‌وه‌ى که‌ ١٥٩ لیتر هه‌یه‌ له‌ به‌رمیلێکدا).

سه‌ربارى ئه‌وه‌، دووباره‌ ده‌بێت ١٠٠ دۆلارى تر بۆ هه‌ر به‌رمیلێک زیاد بکرێت بۆ ئه‌و ژماره‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌ چونکه‌ به‌غدا داواى ده‌کات له‌ حکومه‌تى هه‌رێم و له‌ بودجه‌ى هه‌رێمى ده‌بڕێت، ئه‌مه‌ش تێچووى به‌رمیلێک له‌ به‌رهه‌مه‌کان ده‌گه‌یه‌نێته‌ ٢١٢ دۆلار، واته‌ ١٧٠٠ دینار بۆ هه‌ر لیترێک نه‌ک ٤٠٠ دینار وه‌ک له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاره‌که‌وه‌ لێکدانه‌وه‌ى بۆ کراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ که‌رکوک که‌ لیترێک به‌نزین به‌ ٨٠٠ دیناره‌، مایه‌ى سه‌رسوڕمانه‌ که‌ په‌رله‌مانتاره‌که‌ نه‌یتوانیوه‌ تێبینى بکات که‌ ئه‌و سووته‌مه‌نیه‌ى که‌رکوک که‌ ئه‌و ئاماژه‌ى بۆ ده‌کات پێکهاته‌یه‌کى پله‌ نزمى تێدایه‌ که‌ پێى ده‌ڵێن نه‌فتا که‌ به‌نزین نیه‌ چونکه‌ ژماره‌یه‌کى نزمى ئۆکتانى هه‌یه‌ که‌ (٨٠)یه‌ له‌گه‌ڵ رادده‌یه‌کى زۆر له‌ مادده‌ى گۆگردى مه‌ترسیدار به‌ رێژه‌ى (٣٠٠ بۆ ٥٠٠ پى پى ئێم). ئه‌مه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌زینى خاوێنى هه‌رێمى کوردستان که‌ ئۆکتانى به‌رزه‌ له‌نێوان (٨٨) بۆ (٨٩) دایه‌ و بڕى (٥٠ پى پى ئێم) که‌متر له‌ گۆگردى تێدایه‌ که‌ هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ باشترین پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان.

ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سازش بکات له‌سه‌ر کوالیتى و به‌نزین به‌ هه‌مان مواسه‌فاتى که‌رکوک دابه‌ش بکات که‌ په‌رله‌مانتاره‌که‌ ئاماژه‌ى بۆ کردووه‌، ئه‌وا حکومه‌تى هه‌رێمیش ده‌توانێت لیترێک به‌نزین بدات به‌ ٨٠٠ دینار، یان زۆر هه‌رزانترى بکات. به‌ڵام هه‌روه‌ک په‌رله‌مانتاره‌که‌ ده‌بێت بزانێت، خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان سازشکردنى له‌م جۆره‌ له‌سه‌ر کوالیتى قبوڵ ناکه‌ن.


زۆرترین خوێندراو