سلێمانى... هه‌نگاوى پێویست بۆ چاره‌سه‌رکردنى گرفتى که‌مى غاز ده‌نرێت

10/20/2014 2:52:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ماوه‌ى چه‌ند رۆژێکه‌ له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى گرفتى که‌مى غازى ماڵان سه‌رى هه‌ڵداوه‌ و دامه‌زراوه‌په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکومه‌تیش رایده‌گه‌یه‌نن له‌هه‌وڵى به‌رده‌وامدان بۆ چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌که‌و رێگه‌ش به‌ زیادکردنى نرخى غاز ناده‌ن.

به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و گرفته‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20 ى تشرینى یه‌که‌مى 2014, له‌ دیوانى قائیمقامیه‌ت ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌په‌یوه‌ندیداکاندا کۆبوویه‌وه‌ و گفتوگۆ له‌ باره‌ى هۆکارى سه‌رهه‌ڵدانى گرفته‌که‌ کراو قائیمقامى سلێمانى هۆکاره‌که‌ى بۆ که‌مبوونه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ که‌ پێشتر له‌ناوخۆى هه‌رێم و به‌شێکى له‌لایه‌ن حکومه‌تى ناوه‌ندییه‌وه‌ دابین ده‌کرا ووتیشى پێشتر رۆژانه‌ 400 تۆن غاز ده‌گه‌یشته‌ پارێزگاى سلێمانى به‌ڵام ئێستا بڕه‌که‌ بۆ نیوه‌ى ئه‌وه‌ که‌مکراوه‌ته‌وه‌, ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد تاکاتى چاره‌سه‌ر کردنى ئه‌و گرفته‌ رێشوێنى پێویست ده‌گرنه‌به‌ر له‌ دابه‌شکردنى ئه‌و بڕه‌ى که‌ ده‌گاته‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى گونجاو به‌سه‌ر شارى سلێمانى و قه‌زاو ناحییه‌کاندا دابه‌شبکرێت و هاوڵاتیان رووبه‌ڕووى گرفتى که‌مى غازنه‌بنه‌وه‌.

له‌ باره‌ى چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌که‌ش ئاوات محه‌مه‌د رایگه‌یاند له‌هه‌وڵى به‌رده‌وامدان له‌ که‌مترین ماوه‌دا گرفته‌که‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواى له‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کان کرد هه‌نگاوى خێرا بنێت بۆ چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌که‌ و دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌ى پێویست بۆی.
 
له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌شدا قائیمقامى سلێمانى به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى راسپارد به‌شێوه‌یه‌کى ووردتر چاودێرى دابه‌شکردنى ئه‌و بڕه‌ غازه‌ بکه‌ن که‌ ده‌گاته‌ پارێزگاى سلێمانى و به‌شێوه‌یه‌کى یه‌کسان و به‌ ڕه‌چاوگرتنى ژماره‌ى دانیشتوانى شار و شارۆچکه‌کان دابه‌شى بکه‌ن , راشیگه‌یاند به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌ به‌ زیاد کردنى نرخ ناده‌ن و نرخى ره‌سمى هه‌ر بوتڵێک غاز ته‌نها 6 هه‌زار  250دیناره‌و داواشى له‌ هاوڵاتیان کرد له‌کاتى زیادکردنى نرخدا لیژنه‌کانى لێ ئاگادار بکه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستبه‌جێ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا بکه‌ن که‌ نرخ زیاد ده‌که‌ن 


زۆرترین خوێندراو