عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود : روداوه‌کانى ئه‌مدواییه‌ له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تیه‌کان سودیشى بۆ کورد هه‌بووه‌

10/20/2014 6:56:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود کارگێرى مه‌کته‌بى سیاسى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و سه‌رۆکى فراکسیۆنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌دیدارێکى تایبه‌ت به‌جه‌ماوه‌رنیوز ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات له‌گه‌ڵ هاتنى داعش و نه‌هامه‌تیه‌کان چه‌ند سودێکى دیکه‌ بۆ گه‌لى کورد هاته‌ ئاراوه‌ .

سه‌باره‌ت به‌بارو دۆخى ئێستا و کاریگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان عه‌بدولا حاجى مه‌حمود ووتى : دواى ئه‌و کێشانه‌ى رووبه‌روى گه‌لى کوردستان بوونه‌وه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ک، له‌ باشوور کێشه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق و سه‌رهه‌ڵدانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق و شام (داعش)و هه‌ندێ کێشه‌ى ناوخۆى حزبه‌کان و گرفتى نه‌بوونى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌کاتى دیاریکراوى خۆیدا و وه‌ستانى پرۆژه‌ خزمه‌ت گوزارییه‌کان و ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ى ماوه‌ى نزیکه‌ى ساڵێکه‌ رووبه‌رووى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان بووه‌ته‌وه‌ کاریگه‌رى نه‌رێنیان له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان  دروستکردووه‌.
 

عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ ئه‌م روداوانه‌بوونه‌ مایه‌ى زیندوکردنه‌وه‌و پته‌و کردنى هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى له‌لاى گه‌لى کورد، وتیشى وه‌ک ده‌بینین له‌م کاته‌دا له‌ باکوورى کوردستان خۆپیشاندانى هه‌زاران هاوڵاتى کوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ى ده‌رفه‌تێک بۆ رزگاربوونى گه‌لى کوردستان و کۆبانى له‌ ده‌ستى داعـش به‌ فشار خستنه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تى تورکیا سه‌رى هه‌ڵدا،  که‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌یان رۆََڵه‌ى کورد شه‌هید و برینداربوون، هاوکات پشتیوانى و پشتگیرى کوردانى رۆژهه‌ڵات و هه‌موو کوردستانیانى ده‌ره‌وه‌ى کوردستان به‌ کۆبوونه‌وه‌ى فراوان و خۆپیشاندان و هه‌وڵى پشتیوانى و پشتگیرى به‌شێوازى دیموکراسیانه‌ که‌ ئه‌مانه‌ یه‌کێتى و یه‌ک ریزى گه‌لى کوردستان ده‌رده‌خات له‌ هه‌ر شوێنێک بن .

عه‌بدولا حاجى مه‌حمود  ووتى :  له‌دواى هێرشى داعش بۆ سه‌ر کوردستان، هاوپه‌یمانییه‌کى فراوانى نێوده‌وڵه‌تى و کۆمارى ئیسلامى ئێران پشتیوانیان ده‌ربرى بۆ کوردستانى باشوور و ده‌سه‌ڵاتدارانى حکومه‌تى عێراق (شیعه‌کان) تێگه‌یشتن که‌ کارێکى باشیان نه‌کرد به‌رامبه‌ر هه‌رێمى کوردستان که‌ له‌ بڕى دۆستایه‌تى دژایه‌تى سه‌رسه‌ختى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیان کرد به‌ بڕینى مووچه‌ى هاوڵاتیانى کوردستان به‌ مه‌به‌ستى که‌وتن و لاواز کردنى حکومه‌تى هه‌رێم، به‌ڵام له‌ کۆتاییدا ئاسۆى سه‌رکه‌وتن روونتر بووه‌.

 سه‌باره‌ت به‌یه‌ک ریزى ماڵکى کورد عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود ووتى : هاتنى ساڵح موسلیم بۆ هه‌رێمى کوردستان دڵنیایه‌کى باش ده‌دات که‌ کۆبانى تاراده‌ییه‌ک له‌ که‌وتن رزگارى ده‌بێت، دیاره‌ ئه‌م هاتنه‌ و ئه‌و دیدارانه‌ هه‌وڵێکى له‌ راده‌به‌ده‌رى هه‌رێمى کوردستانى له‌ پشته‌وه‌ بوه‌ که‌ به‌راى من گه‌وره‌ترین و دره‌وشاوه‌ ترین سه‌رکه‌وتن ده‌بیت بۆ یه‌کخستنى ته‌واوى هێزه‌ کاریگه‌ره‌کانى رۆژاواو ڕێکخستنى به‌ره‌ى به‌رگرى له‌ خه‌باتى گه‌لى رۆژاواو سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان لایه‌نێکى گرنگى ئه‌و هه‌نگاوه‌ سیاسى و دبلۆماسییه‌یه‌.

 


زۆرترین خوێندراو