هه‌رێمى کوردستان و ئه‌مه‌ریکا بازرگانیى نه‌وت له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

10/20/2014 8:37:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ى تشرینى یه‌که‌مى  2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ئامۆس هۆکسته‌ین نێردراوى تایبه‌تى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا بۆ کاروبارى وزه‌ و شاندێکى یاوه‌رى کرد, که‌ له‌ به‌ڕێزان باڵیۆزى ئه‌مه‌ریکا له‌ عیراق و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسان و دپلۆماتکاران پێکهاتبوون.

له‌ دیدارێکدا که‌ هه‌ر یه‌که‌ له‌جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیرى سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کان ئاماده‌ى بوون، ڕه‌وشى ئێستاى عیراق و هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌که‌ به‌ گشتى و مه‌ترسیى ڕێکخراوى تیرۆرستیى داعش تاوتوێ کرا و، تیشک خرایه‌ سه‌ر هه‌وڵه‌کانى تیرۆرستان بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ نه‌وت و سه‌رچاوه‌کانى دیکه‌ى وزه‌ له‌ عیراق و، داکۆکى له‌ گرتنه‌به‌رى هه‌موو ڕێکارێکى پێویست بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ بازرگانیکردنى داعش به‌ نه‌وته‌وه‌ کرا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیران پوخته‌یه‌کى له‌ هه‌وڵ و کارى به‌رده‌وامى داموده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ هه‌ر هه‌وڵێکى ئه‌م بازرگانییه‌ پێشکه‌ش کرد و، ڕوونى کرده‌وه‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێشتریش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لیژنه‌یه‌کى باڵاى حکوومى له‌ به‌ڕێزان وه‌زیرانى پێشمه‌رگه‌، ناوخۆ، سامانه‌ سروشتییه‌کان و ئاسایشى گشتى پێک هێناوه‌ که‌ زۆر به‌ وردى چاودێریى که‌یسه‌که‌ ده‌که‌ن  و توندترین ڕێکار بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ڕێگه‌گرتن له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێکى بازرگانیکردنى تیرۆرستانى داعش به‌ نه‌وته‌وه‌، ده‌گرنه‌ به‌ر.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌دا، باس له‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراق و گرنگیى به‌شداریى هه‌رێمى کوردستان له‌ کابینه‌ى به‌ڕێز د. عه‌بادیدا کرا و، شاندى میوان خۆشحاڵیى خۆیان به‌ ده‌ستبه‌کاربوونى وه‌زیره‌ کورده‌کان له‌ به‌غدا ده‌ربڕى و هه‌ردوولا هیوایان خواست ئه‌م به‌شدارییه‌ ببێته‌ هۆى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى هه‌ولێر و به‌غدا. سه‌رۆک وه‌زیرانیش سوپاسى هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى ئه‌مه‌ریکاى کرد که‌ به‌رده‌وام هه‌وڵى داوه‌ له‌ چاره‌سه‌رکرنى کێشه‌کاندا یارمه‌تیده‌ر بن، جه‌تیشى له‌وه‌ کرده‌وه‌ هه‌رێمى کوردستان خوازیاره‌ هه‌موو کێشه‌کان له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێن و هه‌موو مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌سته‌به‌ر بکرێن.


زۆرترین خوێندراو