ساڵح موسلیم: هه‌ڵوێستى په‌رله‌مانى کوردستان هه‌ڵوێستێکى کوردانه‌ و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ بوو

10/21/2014 2:30:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ساڵح موسلیم،هاوسه‌رۆکى پارتى یه‌کێتى دیموکراتى PYD له‌  ده‌ڵێت: ئه‌مڕۆ کورد یه‌ک دوژمنى هه‌یه‌، ئه‌ویش تیرۆرستانه‌، هه‌رکاتێک کورد له‌ناوخۆیدا ته‌بایى نه‌بووبێت، لاواز بووه‌ و دوژمنان زه‌فه‌ریان پێ بردووه‌، بۆیه‌ ئێستا کاتى ته‌بایى و پێکه‌وه‌ کارکردنه‌، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ کۆده‌نگییه‌ى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ کۆبانێ هه‌ڵوێستێکى کوردانه‌ و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ بوو.! ئه‌م وتانه‌ى ساڵح موسلیم له‌میانى سه‌ردانێکیدا هات بۆ په‌رله‌مانى کوردستان، که‌ سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ ٢١ ى تشرینى یه‌که‌مى 2014، له‌لایه‌ن  یوسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆکى په‌رله‌مان پێشوازیکرا .

له‌سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌که‌دا، دواى به‌خێرهاتنى ساڵح موسلیم و وه‌فدى میوان، سه‌رۆکى په‌رله‌مان، ئاماژه‌ى به‌ بڕیاره‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان بۆ کانتۆنه‌کانى خۆرئاوا کرد و به‌ ئه‌رکێکى نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌یى وه‌سفکرد، له‌ باره‌ى په‌یوه‌ندى حیزبه‌کانى خۆرئاواش، سه‌رۆکى په‌رله‌مان وتی:هیوادارین دانیشتنه‌کانتان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ کوردییه‌کانى خۆرئاوا کۆتایى بێنێت به‌ گرژى و ئاڵۆزییه‌کانى نێوانتان، ئێستا کاتى پێکه‌وه‌ کارکردنه‌، هیوادارى جیاوازییه‌کانتان بخه‌نه‌ ئه‌ولا و هه‌موتان له‌ خۆرئاوا پێکه‌وه‌بن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستان."

له‌باره‌ى په‌یوه‌ندى په‌رله‌مان و کانتۆنه‌کانى خۆرئاوا، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردسات، وتى "هه‌ر شاندێکى نێوده‌وڵه‌تى و کونسوڵ و باڵیۆزێک هاتبێته‌ په‌رله‌مان باسى ڕووداوه‌کانى خۆرئاوامان بۆ کردوون و داوامان کردووه‌ پشتیوانى له‌شه‌ڕڤانان و هاوڵاتیانى سڤیل بکه‌ن."

پاشان ساڵح موسلیم، له‌باره‌ى به‌ره‌و پێشچوونى گفتوگۆکانى نێوان په‌یه‌ده‌ و لایه‌نه‌ کوردییه‌کانى خۆرئاوا، که‌ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێک له‌ دهۆک له‌ دانوستاندان وتی:"به‌ره‌وپێشچوونى زۆر ڕوویداوه‌، له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا چاره‌سه‌رى گرفته‌کانى نێوانمان ده‌که‌ین و نایه‌ڵین ئیدى ماڵى کورد په‌رته‌وازه‌ لێکترازاو بێت.


زۆرترین خوێندراو