سه‌رۆکى هه‌رێم : تیرۆریستان ئاراسته‌ى شه‌ڕى خۆیان گۆڕیوه‌ و ته‌نیا دژى کورد شه‌ڕ ده‌که‌ن

10/21/2014 2:36:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ   ٢٠ـى تشرینى یه‌که‌مى  ٢٠١٤ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ مارک بارێتى باڵیۆزى نوێى فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراقى فیدڕاڵ و ئاڵان گیپخات کۆنسوڵى فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد.

له‌ دیدارێکدا باڵیۆزى فه‌ڕه‌نسا خۆشحاڵیى خۆى بۆ دیدار له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى هه‌رێم    ده‌ربڕى و ڕایگه‌یاند که‌ ڕێز و سڵاوى سه‌رۆکى فه‌ڕه‌نساى بۆ بارزانى و گه‌لى کوردستان هێناوه‌ و دواى ده‌ستبه‌کاربوونى هه‌وڵى داوه‌ له‌ نزیکترین ده‌رفه‌تدا سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان بکات بۆ ئه‌وه‌ى په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌کانى نێوان فه‌ڕه‌نسا و هه‌رێمى کوردستان بده‌ن، داواشى له‌ سه‌رۆکى هه‌رێم کرد تێڕوانینى خۆى و سیاسه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌باره‌ى ڕه‌وشى ئێستاى کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ بخاته‌ڕوو بۆئه‌وه‌ى به‌رچاوڕوونییه‌کى باشتریان هه‌بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆکى هه‌رێم به‌خێرهاتنى باڵیۆزى نوێى فه‌ڕه‌نساى کرد و پیرۆزبایى ده‌سته‌به‌کاربوونى له‌ ئه‌رکى نوێى کرد و هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ خواست و به‌ناوى خه‌ڵکى کوردستان سوپاسى سه‌رۆک و حکوومه‌ت و گه‌لى فه‌ڕه‌نساى کرد که‌ له‌کاتى ته‌نگانه‌دا به‌ کرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لى کوردستان وه‌ستان و ڕۆڵى پێشڕه‌وانه‌ى فه‌ڕه‌نسایشى بۆ هاندانى وڵاتانى ئه‌ورووپا بۆ یارمه‌تیانى کوردستان به‌رز نرخاند.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخى به‌ره‌کانى جه‌نگ بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ هه‌رچه‌نده‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ڕووى پڕچه‌ککردنه‌وه‌ ئابلووقه‌ى خرابووه‌ سه‌ر، به‌ڵام ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووى ده‌وڵه‌تێکى تیرۆریستیى پڕچه‌ک بووینه‌وه‌ که‌ چه‌کى دوو وڵاتى سووریا و عێراقى که‌وتۆته‌ ده‌ست، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش پێشمه‌رگه‌ توانى زوو تاکتیکى تیرۆریستان بزانێ و ڕێ له‌ پێشڕه‌وییان بگرێ و له‌ چه‌ندین ناوچه‌دا پاشه‌کشه‌یان پێ بکات و ئێستا زۆربه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى تیرۆریستان داگیریان کردبوو له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ ئازاد کراونه‌ته‌وه‌ و ئه‌و شوێنانه‌ى ماون ئازاد ده‌کرێنه‌وه‌.

سه‌رۆکى هه‌رێم ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند که‌ ئێستا تیرۆریستان له‌ عێراق سوریا ئاراسته‌ى شه‌ڕى خۆیان گۆڕیوه‌ و ته‌نیا دژى کورد شه‌ڕ ده‌که‌ن، ته‌نیا له‌ لایه‌ن کوردیشه‌وه‌ تێک ده‌شکێندرێن.

جه‌ختیشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ ته‌نیا کرده‌وه‌ى سه‌ربازى بۆ شکاندنى داعش به‌س نییه‌ و پێویسته‌ سه‌رچاوه‌ داراییه‌کانیان وشک بکرێت و ڕێگه‌ى هاتنى تیرۆریستانیش بۆناو ئه‌و ڕێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌ بگیرێت، هه‌روه‌ها ڕێگه‌ نه‌درێت چیتر خاکى سوریا وه‌ک حه‌شارگه‌ و ناوچه‌یه‌کى ئارام بۆ داعش بمێنێته‌وه‌.

باڵیۆزى فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق سوپاسى سه‌رۆکى هه‌رێمى کرد بۆ ڕوونکردنه‌وه‌که‌ى و ڕایگه‌یاند که‌ سه‌رنجه‌کانى بۆ فه‌ڕه‌نسا زۆر گرینگن و به‌رچاوڕوونییه‌کى باشتریان ده‌داتێ، هه‌روه‌ها سوپاسى پێشمه‌رگه‌ى کرد که‌ قاره‌مانانه‌ دژى تیرۆریستان شه‌ڕ ده‌که‌ن و ڕایگه‌یاند: شه‌ڕى کوردستان له‌دژى داعش، نه‌ک ته‌نیا بۆ عێراق و ناوچه‌که‌، به‌ڵکو بۆ هه‌موو جیهان گرینگه‌ و ئێوه‌ له‌جیاتى هه‌موو جیهان شه‌ڕ ده‌که‌ن.

هه‌ر له‌ دیداره‌که‌دا باڵیۆزى فه‌ڕه‌نسا ڕۆشنایى خسته‌ سه‌ر چالاکییه‌ سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى و کلتورییه‌کانى باڵیۆزخانه‌ى فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر و ئه‌نستیتۆ و کۆمپانیا فه‌ڕه‌نساییه‌کان له‌ کوردستان و ڕایگه‌یاند که‌ فه‌ڕه‌نسا ده‌یه‌وێ له‌ هه‌موو ئاسته‌کاندا په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان به‌ره‌وپێش ببات.

باسکردنى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق و پێکهێنانى حکوومه‌تى نوێ و په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێم و به‌غدا ته‌وه‌رێکى ترى کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.



زۆرترین خوێندراو