دیمیستورا گه‌یشته‌ هه‌ولێر و بڕیاره‌ چاوی به‌ به‌رپرسانی هه‌رێم و لایه‌نه‌کانی رۆژئاوا بکه‌وێت

10/23/2014 2:28:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

نێردراوی تایبه‌تی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ستیفن دی میستورا له‌ سوریا به‌ یاوه‌ری وه‌فدێک گه‌یشته‌ هه‌ولێر و له‌ فرۆکه‌خانه‌ له‌ لایه‌ن دیندار زێباری جێگری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ پێشوازی لێکرا. بڕیاره‌ دیمیستۆرا چاوی به‌ به‌رپرسانی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی رۆژئاوای کوردستان بکه‌وێت.

له‌ دیدارێکدا دی میستورا و زێباری باسیان له‌ ره‌وشی کوردانی رۆژئاوا کرد، به‌تایبه‌تی له‌بواری مڕۆییه‌وه‌ که‌ له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی 2011ـه‌وه‌ 230 هه‌زار په‌نابه‌ری رۆژئاوای کوردستانی روویان له‌ هه‌رێمی کوردستان کردووه‌، تیشکیان خسته‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی حکوومه‌تی هه‌رێم که‌ به‌شێوه‌یه‌کی جیدی یارمه‌تی په‌نابه‌رانی سوریا به‌بێ جیاوازی داوه‌.

هه‌ردوو لا باسیان له‌ سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێم و حوکمڕانی ئاشتیانه‌ی ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات کرد. سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی مڕۆییش به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و هاتنی ئه‌و ژماره‌ زۆڕه‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ سوریا و ناوچه‌کانی دیکه‌ی عێراق، زێباری به‌ نوێنه‌ری تایبه‌تی سکرتێرێ گشتی رایگه‌یاند حکوومه‌تی هه‌رێم کوردستان پێویستی به‌ یارمه‌تی و پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌.

دی میستورا پێداگری له‌سه‌ر گرنگی یه‌کریزی لایه‌نه‌کان کرد و وتی ره‌وشی ناوچه‌که‌ به‌ گشتی ره‌هه‌ندی زۆری هه‌یه‌ و هه‌وڵه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێم له‌بواری مڕۆییه‌وه‌ به‌رز نرخاند و گه‌یاندنی یارمه‌تی نێوده‌وڵه‌تیش به‌ گرنگ زانی.

دی میستورا له‌ماوه‌ی ساڵانی 2007 تا 2009 نێردراوی تایبه‌تی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق بوو که‌ رۆڵێکی به‌رچاو هه‌بووه‌ له‌ گرنگیدان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم. یه‌که‌مین هه‌ڵوێست و راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ له‌سه‌رده‌می دیمیستورا ده‌رچووه‌،  که‌ هه‌ر ئه‌و کات به‌ هاوکاری یوئێن توانرا به‌غدا و هه‌ولێر پێکه‌وه‌ درێژه‌ به‌و کاته‌ زه‌مه‌نییه‌ بده‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ناوچه‌ کوردستانییه‌کان له‌ چوارچێوه‌ی ماده‌ی 140. هه‌روه‌ها له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و سه‌رکه‌وتنی رۆلێکی به‌رچاو هه‌بووه‌.


زۆرترین خوێندراو