سه‌رجه‌م ئه‌و کۆشک و عه‌ره‌بانانه‌ى که‌ به‌شێوه‌ى زیاده‌ڕۆیى دانراون لاده‌برێن

10/24/2014 5:18:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى هه‌ڵمه‌تێکى به‌رفراوانیان ده‌ستپێکردووه‌ بۆ لابردنى هه‌موو ئه‌و کۆشک و عه‌ره‌بانانه‌ى که‌ به‌شێوه‌ی زیاده‌ڕۆیى دانراون , له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا لیژنه‌کان به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ تیمه‌کانى سه‌رۆکایه‌تى شاره‌وانى و پۆلیس له‌ ناوچه‌ى سه‌رچنار و شه‌کره‌که‌ى شارى سلێمانى و چه‌ند شوێنێکى تر هه‌موو ئه‌و کۆشک و عه‌ره‌بانانه‌یان لابرد که‌ به‌شێوه‌ى زیاده‌ڕیى له‌سه‌ر زه‌وى حکومه‌ت کاریان ده‌کرد,.

سۆران عه‌بدولغه‌فور سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند له‌سه‌ر فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانى هه‌ڵمه‌تێکى به‌رفراوانیان ده‌ستپێکردووه‌ بۆ لابردن و رێگرى کردن له‌ کارکردنى ئه‌و کۆشک و عه‌ره‌بانانه‌ى که‌ به‌شێوه‌ى زیاده‌ڕۆیى له‌سه‌ر موڵکى گشتى کارده‌که‌ن و زه‌وى حکومه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان به‌کار ده‌هێنن , ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کرد له‌گه‌ڵ لابردنى کۆشک و عه‌ره‌بانه‌کاندا هه‌موو ئه‌و دوکان و مارکێتانه‌ش که‌ زیاده‌ڕۆیی ده‌که‌ن و شۆسته‌و موڵکى گشتى به‌کار ده‌هێنن رێگه‌یان پێنادرێت و به‌ڵێننامه‌یان لێوه‌رگیراوه‌ که‌ له‌ که‌مترین ماوه‌دا پابه‌ند بن به‌و سنوره‌ى که‌بۆیان ده‌ستنیشان کراوه‌ .

سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى ووتیشى سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئه‌و شوێنانه‌ موڵک و ماڵى گشتیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان به‌کارهێناوه‌ هاوکات به‌هۆى دانانى که‌ره‌سته‌و مه‌واده‌کانیانه‌وه‌ له‌سه‌ر شۆسته‌ و شه‌قامه‌کانیان ئاسته‌نگ و گرفتى زۆریان له‌به‌رده‌م هاتووچۆى هاوڵاتیاندا دروست کردووه‌ , راشیگه‌یاند به‌کارهێنانى موڵکى گشتى و زیاده‌ڕۆیى کارێکى نایاساییه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌کى رێگه‌ى پێنادرێت.
 
سۆران عه‌بدولغه‌فور باسى له‌وه‌شکرد له‌ یه‌که‌م هه‌ڵمه‌تیاندا له‌ ناوچه‌ى سه‌رچنار و شه‌کره‌که‌و چه‌ند شوێنێکى تر ژماره‌یه‌کى زۆر کۆشک و دووکان و عه‌ره‌بانه‌ى زیاده‌ڕۆییان لابردووه‌ , ووتشى هه‌ڵمه‌ته‌که‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌پێناو داکۆکى کردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ى زیاده‌ڕۆیى تێدا ده‌کرێت لاده‌برێت و رێگه‌ به‌ کارکردنیان نادرێت, ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد هه‌ر که‌سێک پابه‌ند نه‌بێت به‌ بڕیاره‌که‌یانه‌وه‌ سه‌ربارى لابردنى زیاده‌ڕۆییه‌که‌ى رووبه‌ڕووى سزاى یاسایش ده‌کرێته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو