نێچیرڤان بارزانى: به‌رخودانى کۆبانێ، مایه‌ى شانازیى کورد و هه‌موو جیهانه‌

10/30/2014 11:07:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

 نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ کۆمیته‌ى نوێنه‌رایه‌تى (42) حزب و لایه‌نى سیاسى هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان کۆبۆوه‌ .
 
پاشنیوه‌ڕۆى چوارشه‌ممه‌ 29ى تشرینى یه‌که‌مى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ کۆمیته‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان کرد که‌ نوێنه‌رایه‌تیى (42) حیزب و لایه‌نى سیاسیى هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان ده‌که‌ن.

له‌ دیدارێکدا کۆمیته‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان تیشکى خسته‌ سه‌ر ئامانجى دروستبوونى، که‌ کارکردنه‌ بۆ پته‌وکردنى یه‌کڕیزیى لایه‌نه‌ کوردسانییه‌کان و ئاماژه‌یان به‌ دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێم و په‌رله‌مانى کوردستان و نوێنه‌رانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان دا و، باسیان له‌و کار و چالاکى و خۆپیشاندانانه‌ کرد که‌ بۆ پشتگیریى کۆبانێ ئه‌نجامیان داون. هه‌روه‌ها ڕێککه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى ڕۆژاواى کوردستانیان به‌ هه‌نگاوێکى مێژوویى له‌ قه‌ڵه‌م دا و ڕۆڵى به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستانیان بۆ لێکنزیککردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌کان و سه‌رپه‌رشتیکردنى ڕێککه‌وتنه‌که‌ به‌رز نرخاند و، هیوایان خواست ئه‌م هه‌نگاوه‌ ببێته‌ هۆى به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى.

کۆمیته‌که‌ هه‌روه‌ها داواى کرد حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بڕیارى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌رباره‌ى مامه‌ڵه‌کردنى فه‌رمى له‌گه‌ڵ ئیراده‌ى ڕۆژاواى کوردستان جێبه‌جێ بکات و مۆڵه‌تى کردنه‌وه‌ى فه‌رمیى کانتۆنه‌کانى ڕۆژاوا له‌ هه‌رێمى کوردستان بدات، هه‌روه‌ها داوایان کرد به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیران ڕۆڵى خۆى له‌ پته‌وکردنى یه‌کڕیزیى لایه‌نه‌کان و پشتگریى ڕۆژاوا بگێڕێت. هه‌روه‌ک چوونى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانیان بۆ به‌رگرى له‌ کۆبانێ به‌ هه‌نگاوێکى مه‌زنى مێژوویى که‌ ده‌بێته‌ هۆکارى پته‌وبوونى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى و یه‌کڕیزیى کورد و کوردستانیان، له‌ قه‌ڵه‌م دا.  

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى، ده‌ستخۆشى له‌ پێکهێنانى کۆمیته‌که‌ کرد و سوپاس و پێزانینى بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ گرنگه‌ و کار و چالاکییه‌کانى ده‌ربڕى، هه‌موو پشتگیرى و پشتیوانییه‌کى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیشى بۆ کۆبانێ دووپات کرده‌ و ڕایگه‌یاند: شه‌ڕوانانى کورد قاره‌مانانه‌ به‌ره‌نگارى تیرۆر بوونه‌ته‌وه‌ و به‌رخودانى کۆبانێ مایه‌ى شانازیى کورد و هه‌موو جیهانه‌، هیوایشى خواست چوونى پێشمه‌رگه‌ ببێته‌ هۆى سه‌رکه‌وتنى یه‌کجارى له‌ کۆبانێ و دووپاتى کرده‌وه‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌موو پشگیرییه‌کى سه‌ربازى و مرۆیى بۆ کۆبانێ به‌رده‌وام ده‌بێت. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا که‌ هه‌ر له‌ ده‌سپێکى هێرشى تیرۆرستانه‌وه‌ بۆ سه‌ر کۆبانێ، سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێم و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر هێڵ بوون، سوپاسى کۆمارى تورکیاشى کرد که‌ ڕێگه‌ى به‌ چوونى پێشمه‌رگه‌ بۆ کۆبانێ داوه‌.


زۆرترین خوێندراو