په‌یامى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌باره‌ى چوونى پێشمه‌رگه‌ بۆ کۆبانێ

10/30/2014 11:32:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

 سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به‌ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ کۆبانى و پشتیوانى شه‌ره‌فانى رۆژهه‌ڵات په‌یامێکى بڵاو کرده‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى : 

به‌ناوى خوداى مه‌زن و دلۆڤان

په‌لامارى تیرۆریستانى داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان و ڕۆژئاواى کوردستان و ئه‌و دڕنده‌یى و بێڕه‌حمییه‌ى تیرۆریستان له‌به‌رانبه‌ر گه‌لى کوردیان ئه‌نجام دا زۆر به‌ڕوونى نیشان ده‌دات که‌ تیرۆریستانى داعش ته‌نیا له‌ڕووى ئایینیه‌وه‌ توندڕۆ نین به‌ڵکو زۆریان هه‌ڵگرى هه‌ردوو توندڕۆیى ئایینى و ڕه‌گه‌زپه‌رستیى نه‌ته‌وه‌یین. هه‌ر بۆیه‌شه‌ هه‌رێمى کوردستان و ڕۆژئاواى کوردستانیان کرده‌ ئامانج و په‌لامارى گه‌لى کوردییان دا.

جێگه‌ى شانازییه‌ ئێستا گه‌لى کوردستان له‌ ڕۆژئاوا و هه‌رێمى کوردستان قاره‌مانانه‌ به‌رگرى له‌خۆى ده‌کات و تیرۆریستانیان تووشى شکست و داڕمان کردووه‌. له‌و کاته‌ى کۆبانێ له‌ لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ که‌وته‌ به‌ر هێرش، یارمه‌تیدان و گه‌یاندنى هاوکارى بۆ خوشک و براکانمان ئه‌رکێکى نه‌ته‌وه‌یى بوو. به‌ڵام به‌هۆى دووریى جیۆگرافى و ئابڵۆقه‌دانى کۆبانێ له‌ لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ گه‌یاندنى هاوکارى به‌ شێوه‌یه‌کى ڕاسته‌وخۆ زۆر ئه‌سته‌م بوو. بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێکمان دا له‌گه‌ڵ دۆستانى گه‌له‌که‌مان که‌ هه‌وڵ بده‌ن کۆبانێ نه‌که‌وێته‌ ده‌ست تیرۆریستان. 

به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنى هاوپه‌یمانان و وه‌شاندنى گورزى ئاسمانى و هه‌روه‌ها گه‌یاندنى هاوکارییه‌ سه‌ربازییه‌کانى هه‌رێم له‌ لایه‌ن فڕۆکه‌ ئه‌مه‌ریکییه‌کانه‌وه‌، هه‌نگاوێکى کاریگه‌ر بوو و جێگه‌ى سوپاس و پێزانینه‌ و یارمه‌تیى شه‌ڕڤانانى کۆبانێى دا که‌ هێرشى داعش بشکێنن.

چوونى هێزى پێشمه‌رگه‌یش بۆ کۆبانێ به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندى تورکیا و هاوکاریى ئه‌وان و ئه‌مه‌ریکا مومکین نه‌بوو. به‌ڕێز جۆن کێرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا له‌ په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنیدا پێى ڕاگه‌یاندم که‌ له‌گه‌ڵ تورکیا خه‌ریکن ڕێک بکه‌ون بۆ ناردنى پێشمه‌رگه‌ به‌ناو خاکى تورکیا. دواى چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى و سێ قۆڵیى نێوان به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریکا و تورکیا و هه‌رێم، به‌ ڕه‌سمى ئاگادار کراین که‌ تورکیا ڕه‌زامه‌نده‌ و ئاسانکارى ده‌کات بۆ چوونى هێزى پێشمه‌رگه‌ و ئه‌مه‌ریکایش پشتیوانیى خۆى بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌ربڕی. ئه‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان باسکرا و داوا له‌ پارله‌مانى کوردستان کرا ڕێگه‌ بدات هێز بنێرین و پارله‌مانیش ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دا. چونکه‌ به‌پێى یاسا ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ڕه‌زامه‌ندیى پارله‌مانى کوردستانى پێویسته‌.

هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیمان به‌ سه‌رکردایه‌تیى په‌یه‌ده‌ کرد که‌ ئاماده‌ین هێزێکى زۆرى پێشمه‌رگه‌ بۆ کۆبانێ بنێرین. ئه‌وان له‌ وه‌ڵامدا گوتیان پێویستیمان به‌ هێزى شه‌ڕکه‌رى پێشمه‌رگه‌ نییه‌ به‌ڵکو پێویستیمان به‌ هێزێکى پشتیوانییه‌. بۆیه‌ له‌سه‌ر داواى ئه‌وان بڕیار درا هێزێکى پشتیوانیى پێشمه‌رگه‌ بۆ کۆبانێ بنێرین.
ئه‌و هێزه‌ى ئێستا به‌ره‌و کۆبانێ به‌ڕێ که‌وتووه‌ ته‌نها هێزێکى پاڵپشتى و دابینکردنى ئاگره‌. داواى سه‌رکه‌وتنیان بۆ ده‌که‌م و هیوادارم بتوانن هاوکارییه‌کى باشى خوشک و براکانیان بکه‌ن. هه‌ر کاتێکیش بارودۆخى مه‌یدانى پێویست بکات و داواى هێزى زۆرترمان لێ بکرێت و ڕێگه‌ هه‌بێت ئه‌وه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى زیاتر بۆ پاراستنى کۆبانێ و تێکشکاندنى تیرۆریستان له‌ ڕۆژئاوا ڕه‌وانه‌ ده‌که‌ین.

بۆ هه‌رێمى کوردستان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان شانازییه‌کى مه‌زنه‌ بتوانن له‌ هه‌ر کوێ یارمه‌تیى شارێک یان گوندێک یان تاکێکى کوردستان بده‌ن. شانازیشه‌ له‌ جیاتى مرۆڤایه‌تى شه‌ڕى دڕنده‌ترین ڕێکخراوى تیرۆریستى بکه‌ن.

مسعود بارزانی
سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان
30ـى 10ـى 2014


زۆرترین خوێندراو