له‌ سلێمانى دیارده‌ى زیاده‌ڕۆیى بنه‌بڕده‌کرێت

10/31/2014 1:40:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

هه‌ڵمه‌ته‌ به‌رفراوانه‌که‌ى قائیمقامیه‌ت و فه‌رمانگه‌کانى تر بۆ لابردنى زیاده‌ڕۆییه‌کان له‌ شارى سلێمانى به‌رده‌وامه‌و تا ئێستا ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ زیاده‌ڕۆییه‌کان لابراون و سه‌رپه‌رشتیارانى هه‌ڵمه‌ته‌که‌ش رایده‌گه‌یه‌نن له‌هه‌وڵه‌کانیان به‌رده‌وام ده‌بن تا هه‌موو ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ لاده‌بنه‌ که‌ کراونه‌ته‌ سه‌ر موڵکى گشتى و گرفتیان بۆ هاوڵاتیان دروست کردووه‌ .
 
شه‌وى رابردوو  30/10, لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌ت به‌ هاوبه‌شى شاره‌وانى سلێمانى و هێزه‌کانى پۆلیس  له‌ هه‌ڵمه‌تێکى به‌رفراواندا له‌ به‌ره‌ده‌م باخى گشتى و ناوچه‌ى قڕگه‌ هه‌موو ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌یان لابرد که‌ له‌لایه‌ن دووکاندار و کاسب کرانه‌وه‌ کرابوونه‌ سه‌رموڵکى گشتى و بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى شه‌قام و رێگه‌کان به‌کار هێنراون.

سۆران عه‌بدلغه‌فور سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند له‌ هه‌ڵمه‌ته‌که‌یاندا توانیان هه‌موو ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ى که‌ له‌لایه‌ن کاسبکارانه‌وه‌ کرابوونه‌ سه‌ر موڵکى گشتى لاببرێن ,راشیگه‌یاند له‌ هه‌ڵمه‌ته‌که‌یاندا له‌ به‌رده‌م باخى گشتى و ناوچه‌ى قڕگه‌ توانیان هه‌موو ئه‌و کۆشک و عه‌ره‌بانانه‌ لاببه‌ن که‌ به‌شێوه‌ى زیاده‌ڕۆیى دانرابوون و هه‌روه‌ها ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌شیان به‌ خاوه‌نى دووکان و سۆپه‌رمارکێته‌کان لابرد که‌ کرابوونه‌ سه‌ر موڵکى گشت و شۆسته‌و شه‌قامه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى به‌کار هێنرابوون .

سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى ووتیشى زۆربه‌ى کاسب کاران پابه‌ند نه‌بوون به‌و سنوره‌ى که‌ بۆیان ده‌ستنیشان کرابوو به‌ڵکو به‌درێژایى چه‌ندین مه‌تر له‌ دوکانه‌کانیانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و مه‌وادو که‌ره‌سته‌کانیان هێناوه‌ته‌ ناوه‌راستى شۆسته‌و شه‌قامه‌کان  و موڵکى گشتیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان به‌کار هێناوه‌ , راشیگه‌یاند زیاده‌ڕۆیى کردنه‌ سه‌ر موڵکى گشتى کارێکى نایاساییه‌و به‌پێى یاسا رێگه‌ به‌هیچ که‌سێک نادرێت زیاده‌ڕۆیى بکاته‌ سه‌ر موڵکى گشتى .
 
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ عوسمان ئه‌بوبه‌کر به‌ڕێوه‌به‌رى کارگێڕى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند له‌ هه‌ڵمه‌ته‌که‌یاندا هه‌موو زیاده‌ڕۆییه‌کانیان لابردووه‌ و خاوه‌نى مارکێت و دووکانه‌دار و کاسب کاره‌کانیان ئاگادار کردووه‌ته‌وه‌ که‌ پابه‌ند بن به‌و سنوره‌ى که‌ بۆیان ده‌ستنیشان کراوه‌ , ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد چه‌ندین سکاڵاى هاوڵاتیانیان ئاراسته‌ کراوه‌ که‌ به‌هۆى زیاده‌ڕۆییه‌کانه‌وه‌ ئاسته‌نگى زۆر له‌ به‌رده‌م رێڕه‌و ژیانى رۆژانه‌یاندا دروست بووه‌ , ووتشى له‌ هه‌ڵمه‌ته‌که‌یاندا بۆیان ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ زۆربه‌ى خاوه‌نى مارکێت و دووکانداره‌کان زیاده‌ڕۆیى زۆریان کردووه‌ و گرفتى گه‌وره‌یان له‌ به‌رده‌م ژیانى خه‌ڵکیدا دروست کردووه‌ .

عوسمان ئه‌بوبه‌کر راشیگه‌یاند پێشتر به‌نوسراوى ره‌سمى هه‌موو شوێنه‌کان ئاگادار کراونه‌ته‌وه‌ پابه‌ند بن به‌ مه‌رج و رێنماییه‌کانه‌وه‌ و زیاده‌ڕۆییه‌کانیان لابه‌رن به‌ڵام پابه‌ند نه‌بوون و له‌سه‌ر فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانى و له‌ ڕوانگه‌ى داکۆکى کردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى هاوڵاتیان به‌ هه‌ماهه‌نگى هه‌موو فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هه‌ڵمه‌ته‌که‌یاندا و هه‌موو گه‌ڕه‌ک و شوێنه‌کان به‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه‌ و رێگه‌ناده‌ن هیچ که‌سێک  موڵکى گشتى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆی به‌کار بهێنێت , داواش له‌ کاسب کاران ده‌کات به‌ر له‌وه‌ى سه‌ردانیان بکه‌ن زیاده‌ڕۆییه‌کانیان لاببه‌ن چونکه‌ ئه‌وان درێژه‌ به‌ هه‌ڵمه‌ته‌که‌یان ده‌ده‌ن تا ئه‌و کاته‌ى دیارده‌ى زیاده‌ڕۆیى له‌ سلێمانى بنه‌بڕده‌کرێت..


زۆرترین خوێندراو