سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان: حکومه‌تی عێراقی که‌بودجه‌ نه‌نێرێت و یارمه‌تى هه‌رێم نه‌دات ئیتر چاوه‌ڕێی چی لێبکرێت

10/31/2014 3:56:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌ 
یوسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان له‌دیمانه‌یه‌کى رۆژنامه‌وانى ئاماژه‌ به‌قه‌یران و دوا پێشهاته‌کانى کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ ده‌کات .

سه‌رۆکى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌کاریگه‌رى قه‌یرانه‌کانى‌ ئابوری‌و سیاسی‌و ئه‌منی که‌به‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی گرته‌وه‌ رایگه‌یاند : به‌دڵنیاییه‌وه‌ بۆ هه‌ندێکیان رێگری دروستکردووه‌، بۆ نموونه‌ به‌شێکی زۆری ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ی بۆ رێکخستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌و خانه‌نشینی گشتی، خانه‌نشینی که‌رتی تایبه‌ت، زیادکردنی موچه‌ی خانه‌نشینی به‌گشتی، هێنانه‌ کایه‌ی دادی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ له‌به‌رنامه‌ماندا بوو خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌میشی بۆ کراوه‌، ئێستا به‌داخه‌وه‌ ناتوانین ده‌ستیان بۆ ببه‌ین‌و گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ بکه‌ین‌و بڕیاری کۆتایی له‌سه‌ر بده‌ین، چونکه‌ بارودۆخی دارایی هه‌رێمی کوردستان له‌بارێکی خرپدایه‌.

بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌م بارودۆخه‌ له‌هه‌ندێ‌ پرسدا ده‌ستی گرتوین‌و ناتوانین کاربکه‌ین‌و سه‌رقاڵی کردوین‌و له‌گه‌ڵ‌ رووداوه‌کان سه‌ره‌ده‌رى ئه‌که‌ین‌و بڕیارده‌ده‌ین، به‌ڵام له‌هه‌ندێکی تردا کاره‌کانی خۆمان ئه‌نجامداوه‌و پرۆسه‌ی چاودێریکردن باش ده‌ڕواته‌ پێشه‌وه‌،
 
یوسف محه‌مه‌د  سه‌باره‌ت به‌ پرسی گه‌نده‌ڵی ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات ‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌په‌رله‌مانی کوردستان پرسى گه‌نده‌ڵى فه‌رامۆش نه‌کراوه‌، هه‌م لیژنه‌ی نه‌زاهه‌مان ئه‌کتیڤه‌، هه‌م هه‌وڵی ئه‌وه‌ماندا له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستبه‌کاربوونی ئێمه‌ دیوانی چاودێری داراییش ده‌ستبه‌کار بێت، ئه‌نجومه‌نی باڵای ده‌سته‌ی چاودێری دارایی دروست بووه‌و ئێستا ئه‌و ده‌سته‌یه‌ تیمه‌کانی خۆی بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کان ده‌نێرێت‌و راپۆرت ئاماده‌ ده‌کات. ته‌نانه‌ت له‌م بارودۆخه‌ی ئێستاشدا به‌شێکی گرنگی سه‌رنجی ئێمه‌ له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌و به‌ره‌کانی جه‌نگ بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندییان به‌گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ هه‌یه‌، چونکه‌ پێمان وایه‌ گه‌نده‌ڵی خۆره‌ی ئیراده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌، هه‌م ده‌بێته‌ هۆی به‌هه‌ده‌ردانی سامان‌و هه‌م له‌ده‌ستدانی وره‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌، هه‌ندێ‌ زانیارییمان بیستووه‌ که‌ ده‌ستبه‌جێ‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مان‌و لیژنه‌ی نه‌زاهه‌و لیژنه‌ی داراییه‌وه‌ به‌دواداچونیان بۆ کراوه‌. پرسی گه‌نده‌ڵی فه‌رامۆش نه‌کراوه‌،

سه‌رۆکى په‌رله‌مان  له‌وه‌ڵامى جێبه‌جێکردنى یاسا به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کاندا وسه‌ره‌تا له‌وه‌زیره‌کانی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه‌ که‌چه‌ند وه‌زیرێکی هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و دارایی،له‌کاتێکدا خه‌ڵک ده‌ڵێن وه‌زاره‌تی دارایی به‌شێکی گه‌وره‌ی به‌رپرسیارێتی قه‌یرانی دارایی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌شه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ره‌یه‌کی زۆری شه‌ڕ له‌ئارادایه‌و که‌موکوڕی له‌ناوپێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام تائێستا هاوڵاتیان نه‌یانبینی هیچ کام له‌وه‌زیره‌کانتان بانگ بکه‌ن بۆ لێپرسینه‌وه‌، سه‌رۆکى په‌رله‌مان وتى : ئه‌بێت فراکسیۆنى گۆڕان خۆی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بداته‌وه‌، به‌ڵام هێنده‌ى من ئاگادارم هیچ یه‌کێک له‌فراکسیۆنه‌کان خۆ ناپارێزن له‌پرسیار کردن‌و بانگکردنى وه‌زیره‌کانى خۆیان. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ئێمه‌ وه‌ک سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان هیچ داواکارییه‌ک له‌لایه‌ن هیچ فراکسیۆنێکی په‌رله‌مانیه‌وه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ست ئێمه‌ بۆ بانگهێشتکردنی وه‌زیری دارایی‌و پێشمه‌رگه‌‌و ئێمه‌ ره‌تمانکردبێته‌وه‌و نه‌مانناردبێت بۆ وه‌زیری دارایی‌و پێشمه‌رگه‌، ڕۆژى دووشه‌مه‌ى رابردوو وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ بانگهێشتی به‌رده‌م لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌و جینۆسایدو زیندانیان کراو ئاماده‌ بوو، ئێمه‌ کاری خۆمانمان کردووه‌ له‌و رووه‌وه‌ بێ‌ که‌موکوڕی.

 سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێ‌ نه‌کردنى داواکاریه‌کانى کورد له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌که‌ى عه‌بادى سه‌رۆکى په‌رله‌مان ووتى : هاوڵاتی هه‌رێمی کوردستان هه‌قی خۆیه‌تی بپرسێت چی ماوه‌ته‌وه‌ له‌م عێراقه‌دا، حکومه‌تی عێراقی که‌ یارمه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ نه‌دات‌و بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان نه‌دات‌و له‌کێشه‌ی ئاواره‌کان هاوکاری نه‌کات که‌ به‌هۆی شکستی سوپاکه‌ی ئه‌وه‌وه‌ ئاواره‌ی هه‌رێمی کوردستان بوون ئیتر چاوه‌ڕێی چی لێبکرێت، خه‌ڵکی هه‌رێم ده‌پرسێت: به‌ڕاستی چی له‌م عێراقه‌ ماوه‌.
 
له‌نه‌ستی هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان چه‌سپاوه‌ عێراق به‌م هه‌موو ململانێیه‌ی ناوخۆییه‌ی خۆیه‌وه‌و به‌و ‌دژایه‌تییه‌ی هه‌رێمی کوردستان که‌ ده‌یکات وه‌کو نه‌یار ته‌ماشا ده‌کرێت.
 
ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌بێت به‌روونی له‌وه‌ تێبگه‌ین هه‌میشه‌ ئه‌و کارانه‌ی حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌دوایه‌که‌کانی عێراق به‌رامبه‌ر هه‌رێمی کوردستان کردویانه‌ په‌رچه‌کرداری پێچه‌وانه‌ی هه‌بووه‌، ،هیواداریشین حکومه‌تی تازه‌ به‌عه‌قڵیه‌تی تازه‌ بیر بکاته‌وه‌و په‌ند له‌ئه‌زموونه‌کانی رابردوو وه‌ربگرێت.
 
 


زۆرترین خوێندراو