سه‌رۆکى هه‌رێم : مافى چاره‌ى خۆنووسین مافێکى یاسایى و سروشتى گه‌لى کورده‌وخۆى بڕیارى له‌سه‌ر ده‌دات

11/20/2014 8:28:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

  به‌رێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌دیدارێکدا له‌گه‌ڵ فرانس 24  ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌مافى چاره‌ى خۆنووسین مافێکى یاسایى و سروشتى گه‌لى ئێمه‌یه‌ و گه‌لى خۆمان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووس و داهاتووى خۆیان ده‌ده‌ن.

سه‌رۆکى هه‌رێم  سه‌باره‌ت به‌شه‌ڕى داعش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌مه‌ شه‌ڕێکى نوێیه‌ و ته‌کتیکى نوێى جه‌نگه‌ و شه‌ڕێکى ئایدۆلۆجییه‌. ئه‌م تیرۆیسته‌ به‌ربه‌ریانه‌ ره‌چاوى هیچ ناکه‌ن و ته‌نها هێڕش ده‌که‌ن. بۆیه‌ ئه‌م گروپه‌ تیرۆریستییه‌ دڕنده‌ترین و به‌ربه‌ریترین رێکخراوه‌، 

ووتیشى  ته‌قریبه‌ن رۆژانه‌ ئه‌و شه‌ڕانه‌ له‌ دژى داعش و تیرۆریستان به‌رێوه‌ ده‌چێت. داعش، ئه‌م گروپه‌ تیرۆریستییه‌، کۆنترۆڵى موسڵى کرد و به‌ره‌و باشوور هه‌نگاوى نا و دواتر هێڕشیان کرده‌ سه‌ر کوردستان. له‌ رۆژانى سه‌ره‌تایى هێڕشکردنه‌ سه‌ر کوردستان و راسته‌ توانییان ده‌ست به‌سه‌ر هه‌ندێک ناوچه‌ بگرن، به‌ڵام دواتر هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ ده‌ستیان کرد به‌ جێبه‌جێکردنى ستراتیژییه‌ک که‌ له‌ دوو قۆناغ پێکهاتبوو، یه‌که‌م بریتى بوو له‌ راگرتن و راوه‌ستانى داعش، و دواتر ده‌ستکردن به‌ هێڕش و ده‌رکردنیان له‌و ناوچانه‌ى که‌ کۆنترۆَیان کردووه‌. به‌ڵێ تا ئێستا پێشمه‌رگه‌ زۆر سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه‌ و ده‌ستکه‌وتیان زۆر بووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر داعش، پێشمه‌رگه‌ له‌ فراوانبووندایه‌ و ده‌چنه‌وه‌ ئه‌و جێگایانه‌ى داعش کۆنترۆڵى کردبوو. له‌م چرکه‌ساته‌ش که‌ له‌گه‌ڵ تۆ قسه‌ ئه‌که‌م، شه‌ێ‌ له‌ رۆژئاواى دیجله‌ هه‌یه‌.

بارزانی ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌جه‌نگه‌که‌ هێشتا ته‌واو نه‌بووه‌. داعشیش هێشتا له‌ بارودۆخێکدا نییه‌ که‌ بڵێین هێزى هێڕشکردنیان له‌ده‌ست داوه‌. ئه‌م شه‌ڕه‌ به‌رده‌وامه‌ و داعشیش هێشتا ده‌توانێت هێڕش بکات. راسته‌ ئه‌وان لاواز بوون به‌ڵام هێشتا ئیمکانیاتى هێڕشبردنیان له‌ده‌ست نه‌داوه‌.

فرانس 24: ده‌مه‌وێت بچمه‌ سه‌ر بابه‌تى سه‌ربه‌خۆیی. چه‌ند مانگێک له‌مه‌وپێش بانگه‌شه‌ى ریفراندۆمى چاره‌ى خۆنووسینتان، دیاره‌ رووداوى دیکه‌ به‌دوا داهات وه‌کو نزیکبوونه‌وه‌ى داعش له‌ کوردستان. ئایا ریفراندۆم له‌سه‌ر مافى چاره‌ى خۆنووسین له‌ کوردستان ساز ده‌کرێت؟

سه‌رۆکى هه‌رێم کوردستان سه‌باره‌ت به‌ئه‌نجامدانى ریفراندۆم و مافى چاره‌ى خۆنوسین بۆ گه‌لى کورد ئاشکراى کرد مافى چاره‌ى خۆنووسین مافێکى یاسایى و سروشتى گه‌لى ئێمه‌یه‌ و گه‌لى خۆمان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووس و داهاتووى خۆیان ده‌ده‌ن. بۆیه‌ کاتێک گه‌ل ئه‌و مافه‌ى هه‌بێت، ده‌بێت بتوانێت موماره‌سه‌ى بکات و هیچ کام له‌ رووداو و پێشهاته‌کان ناتوانن رێگرى له‌م پرۆسه‌یه‌ بکه‌ن چونکه‌ ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌ و هیچ شتێک نابێته‌ به‌ربه‌رست و پرۆسه‌که‌ به‌رده‌وامه‌. ره‌نگه‌ چوارچێوه‌ى زه‌مه‌نى یاخود کاته‌که‌ى گۆڕانکارى به‌سه‌ردا هاتبێت، به‌ڵام له‌م پرۆسه‌یه‌ و له‌ موماره‌سه‌کردنى مافى سروشتى خۆمان ناگه‌ڕێینه‌ دواوه‌.

بارزانى ووتیشى : ئێستا په‌رله‌مانى کوردستان سه‌رقاڵى ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ و بڕیاره‌که‌ هى ئه‌وانه‌، به‌ڵام کاتى ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه‌که‌ش هه‌ر له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت.

سه‌رۆکى هه‌رێم ووتى:" بڕیارى ئه‌نجامدانى ئه‌و ریفراندۆمه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵکى کوردستان چى بڕیار ده‌دات له‌سه‌ر چاره‌نووس و مافى چاره‌نووسى خۆیان که‌ هه‌یانه‌، به‌ڵام ورده‌کارى دواترى ئه‌و ریفراندۆم و بڕیاره‌ دواتر باسى لێوه‌ ده‌کرێت. ئێمه‌ هیوادارین که‌س رێگریمان لێ نه‌کات له‌ ماف و خواست خه‌ڵکى کوردستان، گه‌لى کوردستان خۆیان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسى خۆیان ده‌ده‌ن، هیچ که‌سیتر مافى بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسى گه‌لى کوردستان نییه‌ جگه‌ له‌ گه‌لى کوردستان خۆی".




زۆرترین خوێندراو