هه‌فته‌ی داهاتوو که‌مپینی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان راده‌گه‌یه‌نرێ‌

11/21/2014 5:49:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
 
ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتوو ژنانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ‌ ژنانی تری جیهان که‌مپینی ساڵانه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان راده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام ئه‌مساڵ‌ یادکردنه‌وه‌که‌ له‌کاتێکدا ده‌بێت که‌ ئاماره‌کان دڵخۆشکه‌ر نین.
 
یه‌کێک له‌و باسانه‌ی به‌لای چاکوانانی ژنانه‌وه‌ وه‌ک گرفتێکی گه‌وره‌ ده‌بینرێت دروستبوونی مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ژنانه‌ی له‌سه‌نته‌ره‌کانی داڵده‌دانه‌وه‌ ده‌چنه‌وه‌ بۆ ناو که‌سوکاریان، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا باس له‌وه‌ ده‌کرێت که‌ هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاساکان له‌و باره‌یه‌وه‌، به‌ڵام رووداوه‌ "تاڵ‌"ه‌کان مایه‌ی مه‌ترسین.
 
به‌پێی سیسته‌می کاری ناوه‌نده‌کانی داڵده‌دانی ژنان له‌هه‌رێمی کوردستان، هه‌ر ژنێک که‌ به‌هۆی کێشه‌ی خێزانییه‌وه‌ له‌ده‌ست که‌سوکاره‌که‌ی هه‌ڵهاتبێت، راده‌ستی هیچ یه‌کێک له‌که‌سوکاره‌که‌ی نه‌کرێته‌وه‌ تا ئه‌وکاته‌ی به‌ڵێننامه‌ی یاسایی له‌لای دادوه‌ر پڕنه‌که‌نه‌وه‌و به‌ڵێنی پاراستنی سه‌لامه‌تی ژیانی که‌سه‌که‌ نه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێننامانه‌ رێگرییان نه‌کردووه‌ له‌وه‌ی دواتر که‌سوکاره‌که‌ی ده‌ست بۆ کوشتنی کچه‌کانیان نه‌به‌ن.
 
ژیله‌مۆ عه‌بدولقادر، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى له‌هه‌ولێر به‌"نیقاش"ى ووت "هه‌ندێک ئه‌وه‌نده‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌مه‌سه‌له‌ى شه‌ره‌فدا توندن، ته‌نانه‌ت بۆیان گرنگ نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر کوشتنه‌که‌ بیست ساڵیش بچنه‌ زیندانه‌وه‌."
 
هه‌روه‌ها نمونه‌ى حوکمدانى چوار که‌سى خێزانێک به‌ ١٥- ٢٠ ساڵ زیندانى وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ له‌ئابى ٢٠١٢دا کچه‌ داڵده‌دراوه‌که‌ى خۆیان کوشت دواى ته‌نها یه‌ک رۆژ له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی، ده‌ڵێت "به‌ڵێننامه‌یان لێوه‌رگیرابوو، به‌ڵام ئه‌وان شه‌ره‌فى خۆیان به‌لاوه‌ گرنگتر بوو."
 
به‌لاى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌وه‌ زیاتر له‌هۆکارێک به‌شداره‌ له‌کوشتنى که‌یسه‌ داڵده‌دراوه‌کان دواى راده‌ستکردنه‌وه‌یان، ئه‌وان ته‌نها هۆکاره‌که‌ له‌که‌فاله‌تکردنه‌که‌دا نابیننه‌وه‌.
 
که‌مى سزاى یاسایى له‌سه‌ر بکوژانى ژن، به‌هۆکارێکى دیکه‌ى بوونى مه‌ترسى زیاتر له‌سه‌ر کوشتنى که‌یسه‌ داڵده‌دراوه‌کان داده‌نرێت له‌لایه‌ن ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌وه‌ بۆئه‌مه‌ش پێشنیاریان بۆ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریو په‌رله‌مانى کوردستان کردوه‌ که‌ له‌هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى ژماره‌ ٨ى ساڵى ٢٠١١دا کار به‌به‌ڵێننامه‌ ناکرێت‌و له‌جیاتى ئه‌وه‌ حیجز بخرێته‌ سه‌ر موڵکێکى گرانبه‌هاى خێزانى که‌یسه‌که‌، هه‌روه‌ک ئه‌و ماده‌ یاساییه‌ش که‌ په‌یوه‌ندى به‌پاراستنى که‌یسه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌بێت پێداچونه‌وه‌ى بۆ بکرێت، بۆئه‌وه‌ى لانى که‌م رێژه‌ى هه‌وڵدان بۆ کوشتن که‌م بکرێته‌وه‌، سه‌رکه‌وت عومه‌ر  ده‌ڵێت "ناتوانین سه‌دا سه‌د گره‌نتى ئه‌وه‌ بده‌ین که‌ هیچ که‌یسێکى داڵده‌دراو دواى ته‌سلیم کردنه‌وه‌ى ناکوژرێت، به‌ڵام هه‌تا رێوشوێنه‌کان توندتربن، که‌مترین چانس ده‌بێت بۆئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێت ژنێک بکوژن."
 


زۆرترین خوێندراو