زیاتر له‌ 300 هه‌زار کوردى ئێزدى له‌ هه‌رێمى کوردستاندا ئاواره‌ن

11/22/2014 4:53:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

نوێنه‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ئاواره‌کانى شه‌نگار رایگه‌یاند، "دواى داگیرکردنى قه‌زاى شه‌نگارله‌لایه‌ن تیرۆریستانى داعشه‌وه‌، نزیکه‌ى 263 هه‌زار که‌س له‌م ده‌ڤه‌ره‌وه‌ به‌ره‌و پارێزگاى دهۆک رایانکردووه‌ ونزیکه‌ى 20 هه‌زار که‌سیش له‌پارێزگاى هه‌ولێر نیشته‌جێکران، هه‌مان ژماره‌ش ئێستا له‌پارێزگاى سلێمانى بوونیان هه‌یه‌ وژماره‌یه‌کى که‌میش له‌سوریا وتورکیا ئاواره‌ بوونه‌".

له‌ دیمانه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌ماڵپه‌ڕى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌، نورى عوسمان شه‌نگاری، نوێنه‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم بۆ کاروبارى ئاواره‌کانى شه‌نگارئاماژه‌ى به‌وه‌دا "له‌ سۆنگه‌ى گرنگیدانى حکومه‌ت به‌پرسى ئه‌م ئاوارانه‌ ئه‌م نوێنه‌رایه‌تیه‌ تایبه‌تیه‌ى دامه‌زراند که‌ کارى به‌دوواداچوونى بارودۆخ وپێداویستیه‌کانى ئه‌و خه‌ڵکه‌ى گرتۆته‌ ئه‌ستۆ که‌ په‌نایان بۆ پارێزگاکانى هه‌رێمى کوردستان هێناوه‌ دواى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ماڵ وحاڵیان له‌لایه‌ن چه‌کدارانى داعشه‌وه‌".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند "خه‌ڵکێکى زۆر له‌ده‌ڤه‌ره‌که‌دا مابوونه‌وه‌ که‌ هه‌مووى له‌ژێر کۆنترۆڵى تیرۆریستانى داعشه‌ ته‌نها چیاىشه‌نگارنه‌بێت، به‌ڵام به‌هه‌وڵى به‌رده‌وامى حکومه‌تى هه‌رێم که‌سانێکى زۆریان رزگارکران".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "یارمه‌تى مرۆیى وه‌ک خۆراک وده‌رمان وپێداویستى پزیشکیه‌وه‌، ئێستا له‌ڕێگه‌ى هێلیکۆپته‌ر وفڕۆکه‌ى عیراقى وئه‌مه‌ریکیه‌وه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ى له‌چیاى شنگارن وئێستاش به‌هاوکارى حکومه‌تى عیراقى فیدرالى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌هێنان وگواستنه‌وه‌ى خه‌ڵک وبریندار ونه‌خۆش". ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ د.فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆکى کۆمارى عیراق وسوپاسالارى عیراق فه‌ریق بابه‌کر زێباری، رۆڵى راسته‌وخۆیان له‌م پرۆسه‌یه‌دا هه‌یه‌.

دواى هێنانه‌ خواره‌وه‌ى ژماره‌یه‌کى زۆر له‌و خه‌ڵکانه‌ى له‌چیاى شه‌نگارمابوونه‌وه‌، ئێستا نزیکه‌ى ده‌ هه‌زار که‌س له‌کوردانى ئێزدى له‌م شوێنه‌دا هه‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ژماره‌یه‌کى زۆرى پێشمه‌رگه‌ وخۆبه‌خش له‌خه‌ڵکى ده‌ڤه‌ره‌که‌ که‌ چه‌کیان بۆ به‌رگریکردن ورزگارکردنى شاره‌که‌یان هه‌ڵگرتووه‌.

ئێستا، به‌هۆى سه‌رماوه‌ گه‌یاندنى یارمه‌تى مرۆیى بۆ ئه‌و شوێنه‌ "بۆته‌ کارێکى سه‌خت وپێداویستییه‌کان زیادیان کردووه‌و هه‌لیکۆپته‌ریش ته‌نها ته‌نێک تا یه‌ک ته‌ن ونیو بارى پێ هه‌ڵده‌گیرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌وڵه‌کانى رێکخراوى تێرۆریستى ناسراو به‌ داعش بۆ داگیرکردنى چیاى شنگار، که‌ ئه‌م هه‌وڵانه‌یان له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌رپه‌رچدراون."

  نوێنه‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم روونیکرده‌وه‌، "ئه‌وانه‌ى ئێستا له‌سه‌ر چیاى شه‌نگارماونه‌ته‌وه‌، به‌ئاره‌زووى خۆیان له‌وێن وئێستاش پێیان خۆش نیه‌ ئه‌و شوێنه‌ به‌جێبهێڵن وکه‌سانێکى زۆریش خێزان وکه‌سوکارى خۆیان له‌چیاىشه‌نگارهێنایه‌ خواره‌وه‌ وخۆیان گه‌ڕانه‌وه‌. خه‌ڵکێکى زۆریش خۆبه‌خشانه‌ ده‌چنه‌ شاخ بۆ به‌شداریکردن له‌شه‌ڕى دژه‌ تیرۆر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. چه‌ند که‌سێکیش له‌و خۆبه‌خشانه‌ى که‌ له‌ئه‌ورووپاوه‌ هاتبوون شه‌هیدبوون".

له‌باره‌ى رۆڵى به‌غداش بۆ گه‌یاندنى یارمه‌تى مرۆیى بۆ لێقه‌وماوانى شه‌نگار،  نورى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌دا که‌ هه‌ر چه‌نده‌ حکومه‌تى فیدرالى هاوکارى ده‌کات، به‌ڵام رۆلى له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ئاستى پێویست نه‌بووه‌ به‌شێوه‌یه‌ک که‌ نه‌بوونى هه‌ستى به‌رپرسیارێتى نیشان بات له‌کاتێکدا که‌ ئه‌و لێقه‌وماوانه‌ هاوڵتى عیراقن وله‌ناوچه‌یه‌کدان که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌. ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدا که‌ هه‌رێمى کوردستان زیاتر له‌ یه‌ک ملیۆن و400 هه‌زار ئاواره‌ى له‌خۆوه‌ گرتووه‌ که‌ له‌ ناوه‌ڕواست وباشوورى عیراقه‌وه‌ هاتوون، جگه‌ له‌زیاتر له‌ 70 هه‌زار مه‌سیحى که‌ له‌تلکێف وتلسقۆف وباتنایا ومووسڵ هاتوون".

به‌هۆى بارودۆخى ئه‌م دواییه‌ى عیراق، ئێستا نزیکه‌ى 2 ملیۆن و70 حه‌فتا هه‌زار ئاواره‌ له‌عیراقدا هه‌ن که‌ نزیکه‌ی65 تا 70 له‌سه‌دى له‌هه‌رێمى کوردستانن. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش، له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 2014 به‌غدا ئابڵوقه‌یه‌کى ئابوورى خسته‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان وموچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم وبه‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانى بڕى وئه‌م پرسه‌ش ئه‌رکى هه‌رێمى کوردستانى بۆ ئیداره‌دانى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ قورستر کرد.

 نورى شه‌نگارى سوپاسى خه‌ڵکى کوردستانى کرد، به‌تایبه‌تى خه‌ڵکى پارێزگاى دهۆک که‌ به‌بێ جیاوازى هه‌موو ئاواره‌کانیان له‌باوه‌شگرتووه‌ وستایشى رۆڵى پارێزگاى دهۆک وداموده‌زگا ئیداریه‌کانى ئه‌م پارێزگایه‌ى کرد، به‌تایبه‌تى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى که‌ به‌ڕێنمایى سه‌رۆکى حکومه‌ت هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌کیان به‌بێ به‌رامبه‌ر پێشکه‌شى ئاواره‌کان کردووه‌ وئاماژه‌ى به‌وه‌شدا زۆرترین ئه‌رک له‌سه‌ر پارێزگاى دهۆکه‌ له‌به‌ر زۆرى ژماره‌ى ئاواره‌کان ونزیکى له‌ به‌ره‌کانى شه‌ڕه‌وه‌.

  نوێنه‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دووپاتیکرده‌وه‌ که‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌ر نه‌خۆشیه‌کى درم، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى "هه‌ڵمه‌تێکى کوتانى بۆ هه‌موو ته‌مه‌نه‌کان ده‌ستپێکرد به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئاژانس وده‌زگا نێوده‌وڵه‌تیه‌کان وئێستاش بارى ته‌ندروستى له‌ژێر کۆنتڕۆله‌. سه‌ره‌ڕاى هه‌بوونى قه‌یرانى دارایى وسستى ولاوازى رۆڵى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عیراق ورێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان، حکومه‌تى هه‌رێم نزیکه‌ى سه‌د ملیۆن دۆلار بۆ خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى بۆ پارێزگاى دهۆک ته‌رخانکردووه‌ وچه‌ندین حاڵه‌تیش بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات بۆ چاره‌سه‌رى نێردراون".

هیواشى خواست وڵاتانى جیهان "په‌له‌ بکه‌ن له‌یارمه‌تیدانى هه‌رێمى کوردستان له‌ڕووى مرۆیى وسه‌ربازیه‌وه‌ به‌تایبه‌تى ئه‌مه‌ریکا وبه‌ریتانیا، به‌وپێیه‌ى هه‌رێمى کوردستان زۆرترین فشارى له‌و شه‌ڕه‌دا له‌به‌رده‌سته‌ له‌دژى تیرۆر وله‌جیاتى جیهان شه‌ڕى تیرۆر ده‌کات".

 نورى شنگارى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ دواى ئه‌و بارودۆخه‌ى که‌ به‌سه‌ر عیراقدا هات له‌ئه‌نجامى داگیرکارى تیرۆریستانى داعش بۆ چه‌ند پارێزگا وشارى عیراق، لیژنه‌یه‌ک بۆ به‌هاناوه‌هاتنى ئاواره‌کان به‌سه‌رۆکایه‌تى ساڵح موتڵه‌گ جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراق پێکهات، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌م لیژنه‌یه‌، به‌تایبه‌تى له‌ڕووى ته‌ندروستیه‌وه‌، چ رۆڵێکى به‌رچاوى بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ نه‌دیووه‌ که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستانن. حکومه‌تى هه‌رێم له‌په‌یوه‌ندى به‌رده‌وامدایه‌ له‌گه‌ڵیان بۆ زامنکردنى به‌شى هه‌رێم له‌م یارمه‌تیه‌ ته‌ندروستیانه‌.

له‌باره‌ى بارودۆخى ناو شه‌نگاریش ، نوێنه‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند "بارودۆخىشه‌نگارزۆر سه‌خته‌ وهه‌بوونى تیرۆریستان له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا هه‌ڕه‌شه‌یه‌کى زۆر گه‌وره‌یه‌ به‌سه‌ر ژیانى ئه‌م هاوڵاتیانه‌ وله‌وه‌ته‌ى ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌ ده‌یه‌ها که‌س شه‌هیدکراون وله‌گۆڕى به‌کۆمه‌ڵ نێژراون که‌ دواى شه‌پۆلى ئه‌م دواییه‌ى باران ته‌رمه‌کانیان که‌وتنه‌ سه‌ر زه‌وی".

ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌، "ڕه‌سه‌نایه‌تى نه‌ته‌وه‌ى کورد له‌ئێزدیان دایه‌ که‌ ته‌نانه‌ت ئایینیه‌کانیشیان به‌زمانى کوردیه‌، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئێزدیان له‌ کورد جیا ناکرێنه‌وه‌ وهیچ که‌سێکیش له‌کوردانى ئێزدى ئه‌و هه‌وڵانه‌ى پێ قبووڵ نیه‌ که‌ بیانه‌وێ ئه‌م کاره‌ بکه‌ن. ئێستاش حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌کاردایه‌ بۆ به‌جینۆساید ناساندنى کوشتارى کوردى ئێزدى له‌سه‌ر ئاستێکى نێوده‌وڵه‌تی".


زۆرترین خوێندراو