پرسه‌نامه‌ى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم بۆ به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود

11/27/2014 11:30:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان بۆ شه‌هید بونى (عه‌تا محه‌مه‌دى  حاجى مه‌حمود ) پرسه‌نامه‌یه‌کى ئاڕاسته‌ى محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان کردوه‌ تیایدا رایگه‌یاندوه‌: هاوکاتى هه‌واڵه‌ خۆشه‌کانى سه‌رکه‌وتنه‌ یه‌ک له‌دواى یه‌که‌کانى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان، به‌ به‌رده‌وامى هه‌واڵى شه‌هیدبوونى پۆلێک پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مانمان پێده‌گات، جه‌نابیشتان له‌سه‌ره‌تاى شۆڕشى نوێى گه‌له‌که‌مانه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامن له‌ خه‌باتکردن و دواجار دوێنى له‌ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان کاکه‌ عه‌تاى کوڕى جه‌نابت شه‌هید بوو، پرسه‌و سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌مى خۆمتان ئاڕاسته‌ ده‌که‌م و ده‌زانم و هه‌ستى پێده‌که‌م که‌ ئازارى له‌ده‌ستدانى جه‌رگ و رۆڵه‌ چه‌نده‌ ناخۆشه‌.


پرسه‌نامه‌ى کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى بۆ محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود
به‌ناوى خواى گه‌وره‌و میهره‌بان
که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیده‌ نه‌مره‌کان

هاوکاتى هه‌واڵه‌ خۆشه‌کانى سه‌رکه‌وتنه‌ یه‌ک له‌دواى یه‌که‌کانى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان، به‌داخه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامى هه‌واڵى شه‌هیدبوونى پۆلێک پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مانمان پێده‌گات، که‌ خوێن و گیانى خۆیان ده‌که‌نه‌ فیداى خاکى پیرۆزى کوردستان.

براى به‌ڕێزم کاکه‌ محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود/ سکرتێرى حزبى سۆشیالیست دیموکراتى کوردستان

روون و ئاشکرایه‌ جه‌نابتان له‌سه‌ره‌تاى شۆڕشى نوێى گه‌له‌که‌مانه‌وه‌ وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کى قاره‌مان خه‌باتتان کردوه‌و تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامن له‌ خه‌باتکردن و دواجار دوێنى له‌ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان کاکه‌ عه‌تاى سه‌رکرده‌ى گه‌نج و ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى حزبى سۆشیالیست دیموکراتى کوردستان و کوڕى جه‌نابت شه‌هید بوو، لێره‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌مى خۆمتان ئاڕاسته‌ ده‌که‌م و ده‌زانم و هه‌ستى پێده‌که‌م که‌ ئازارى له‌ده‌ستدانى جه‌رگ و رۆڵه‌ چه‌نده‌ ناخۆشه‌، بۆیه‌ هه‌موو کات و له‌گه‌ڵ بیستى هه‌واڵى شه‌هید بوونى هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ک ئاخ هه‌ڵده‌کێشم و ده‌ڵێم یاخوا که‌س ئازارى له‌ده‌ستدانى رۆڵه‌ نه‌بینی، به‌ڵام دڵنیام جه‌نابتان و هه‌موو دایک و باوکه‌ شه‌هیدێکى کورد ده‌زانن که‌ خوێنى رۆڵه‌که‌یان به‌فیڕۆ نه‌چووه‌و شه‌هیدى پاراستنى خاک و نیشتمانن.
له‌ کۆتاییدا دووباره‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌مى خۆم ئاڕاسته‌ى بنه‌ماڵه‌ى سه‌رجه‌م شه‌هیدانى کوردستان ده‌که‌م و ئومێد ده‌که‌م خوێنى ئه‌و پۆله‌ شه‌هیدانه‌ى کوردستان دوا هه‌نگاوه‌کانمان بێ بۆ گه‌یشتن به‌سه‌ربه‌خۆیى و ئاشتى و ئارامى له‌ کوردستان.

کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی
جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان


زۆرترین خوێندراو