ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران رۆژى ئاڵاى به‌رز راده‌گرێت

12/18/2014 11:03:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
 
رۆژى 17 ى کانوونى یه‌که‌مى 2014  ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌ ڕێوڕه‌سمێکدا به‌ئاماده‌بوونى وه‌زیرانى حکومه‌ت وفه‌رمانبه‌ر وکارمه‌ندانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئاڵاى کوردستان له‌گۆڕه‌پانى باڵه‌خانه‌ى ئه‌نجومه‌ن به‌رزکرا.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا، که‌ریم سنجارى وه‌زیرى ناوخۆ به‌ناوى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وته‌یه‌کى پێشکه‌شکرد، تیایدا پیرۆزبایى له‌خه‌ڵکى کوردستان کرد به‌بۆنه‌ى رۆژى ئاڵا ورۆژى دایک وئاماژه‌ى به‌وه‌دا له‌17ـى دیسه‌مبه‌رى 1945 به‌ئاماده‌بوونى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌د سه‌رۆکى یه‌که‌مین کۆمارى کوردستان له‌مهابادى پایته‌خت ئاڵاى کوردستان له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ى شاره‌وانى مهاباد هه‌ڵکرا که‌ له‌خۆیدا وه‌رچه‌رخانێکى گه‌وره‌ بوو له‌مێژووى گه‌لى کورد دا.

هاوکات ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو له‌ساڵى 1946 وله‌هه‌مان مێژوودا ئه‌م کۆماره‌ روخێندرا وئاڵاى کوردستان وه‌کو ئه‌مانه‌ت درایه‌ بارزانى نه‌مر، نیشانیشیدا ئه‌مڕۆش هه‌رێمى کوردستان ئازاده‌ وخاوه‌نى حکومه‌تى خۆیه‌تى ووه‌سیه‌تى قازى نه‌مر هاته‌دى وئاڵاى کوردستانیش له‌هه‌موو شار وشارۆچکه‌کانى کوردستاندا ده‌شه‌کێته‌وه‌.

هه‌ر له‌میانه‌ى وته‌که‌یدا سنجارى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، ئه‌مڕۆ رۆژى دایکه‌ وبه‌یه‌که‌م نیشتیمان وقوتابخانه‌ ومامۆستاى مرۆڤى وه‌سفکرد، وئه‌وپه‌ڕى ڕێزى بۆ دایکانى کورد نیشاندا له‌برى خۆڕاگرى وله‌خۆبوردویى وئه‌و به‌خششه‌ى له‌پێناو وڵات ونیشتیمان داویانه‌.

شایه‌نى باسه‌ رۆژى 17 ى کانوونى 2014 بۆنه‌ى رۆژى ئاڵاى کوردستان چه‌ندین چالاکى له‌داموده‌زگاکانى حکومه‌ت له‌سه‌رتاسه‌رى هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجامدران.


زۆرترین خوێندراو