داواى زیادکردنى قه‌رزى جووتیارن و بودجه‌ى کشتوکاڵى بۆ 10%ى بودجه‌ى گشتى ده‌کرێت

12/18/2014 8:36:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

 کاتژمێر  11:45ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 18 ى کانوونى یه‌که‌ى 2014 له‌په‌رله‌مان، دانیشتنى ژماره‌ (17)ى ئاساییى خولى گرێدانى ساڵى دووه‌م له‌خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو. 

له‌دانیشتنه‌که‌دا، که‌ به‌ ئاماده‌بوونى وه‌زیرى کشتوکاڵى حکومه‌تى هه‌رێم و ژماره‌یه‌ک له‌به‌رێوه‌به‌رانى گشتى وه‌زاره‌ته‌که‌ به‌رێوه‌چوو، به‌رنامه‌ى کارى دانیشستنه‌که‌ له‌دوو خاڵ پێکهاتبوو، خاڵى یه‌که‌مى تایبه‌تبوو به‌خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى چوار پرۆژه‌ یاسا، که‌ پێکهاتبوون له‌هه‌موارکردنه‌وه‌ى هه‌رسێ پرۆژه‌ یاساى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى ژماره‌ 4ى ساڵى 2014، و پرۆژه‌ یاساى خانه‌نشینى که‌مئه‌ندامانى پێشمه‌رگه‌(زێره‌ڤانی)ى ژماره‌ 34ى ساڵى 2007 و هه‌موارى یاساى راژه‌و خانه‌نشینى هێزه‌کانى ئاسایشى ناوخۆ ژماره‌ 18ى ساڵى 2011، له‌گه‌ڵ‌ پرۆژه‌ یاساى ده‌سته‌ى کۆچ و کۆچبه‌ران-ى هه‌رێم که‌ له‌لایه‌ن ژماره‌ى یاسایى په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ پێشکه‌شکرابوو.

خاڵى دووه‌مى به‌رنامه‌ى کاریش، تایبه‌تبوو به‌ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر دۆخى کشتوکاڵ له‌هه‌رێمى کوردستان به‌ئاماده‌بوونى وه‌زیرى کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانى ئاو، به‌پێى برگه‌ى 1ى مادده‌ى 53 له‌په‌یره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان.
دواتر، سکرتێرى په‌رله‌مان  پوخته‌ى دانیشتنى پێشوو و ناوى ئاماده‌نه‌بوو مۆڵه‌تپێدراوانى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى خوێندنه‌وه‌و خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کاریش خرایه‌روو، پاشانیش لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان، خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ هه‌ر چوار پرۆژه‌ یاساى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى و پرۆژه‌ یاساى خانه‌نشینى که‌مئه‌ندامانى پێشمه‌رگه‌(زێره‌ڤانی) و هه‌موارى یاساى راژه‌و خانه‌نشینى هێزه‌کانى ئاسایشى ناوخۆ له‌گه‌ڵ‌ پرۆژه‌ یاساى ده‌سته‌ى کۆچ و کۆچبه‌ران-ى هه‌رێم کراو له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ى لیژنه‌ى یاسایى و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و په‌رله‌مانتاران کرا بۆ ئه‌نجامدانى رێککارییه‌ یاساییه‌کانیان.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ى دانیشتنه‌که‌شدا، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتاره‌وه‌ له‌رێگه‌ى خاڵى نیزامییه‌وه‌ داوایان له‌سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان کرد، روونکردنه‌وه‌ى پێویست بده‌ن له‌باره‌ى دواکه‌وتنى گفتوگۆکردنى کێشه‌کانى خوێندکارانى پزیشکى و پزیشکى ددان له‌گه‌ڵ‌ زانکۆ تایبه‌ته‌کان، له‌به‌رامبه‌ردا، سه‌رۆکى په‌رله‌مان رایگه‌یاند: له‌سه‌ر داواى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌و پرسه‌ بۆ ماوه‌یه‌کى کاتى دواخراوه‌و بۆیه‌ لیژنه‌کانى په‌رله‌مانیش تائێستا ئاراسته‌ى سه‌رۆکایه‌تى نه‌کردووه‌و چاوه‌روانى وه‌ڵامى حکومه‌تى هه‌رێم-ن، ئه‌گه‌ر بێتوو له‌هه‌فته‌ى داهاتوو وه‌ڵامى حکومه‌ت نه‌گات ئه‌وا ده‌ست ده‌کرێت به‌رێککارییه‌ یاساییه‌کانی.
سه‌باره‌ت به‌خاڵى دووه‌مى به‌رنامه‌ى کاریش، که‌ تایبه‌تبوو به‌ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر دۆخى کشتوکاڵ له‌هه‌رێمى کوردستان، وه‌زیرى کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانى ئاو، له‌راپۆرتێکدا بارى کشتوکاڵى هه‌رێم و پلانه‌کانى وه‌زاره‌ته‌که‌ى بۆ په‌ره‌پێدانى سێکته‌رکانى کشتوکاڵ و ئاو بۆ په‌رله‌مانتاران خسته‌روو، که‌ له‌سه‌رتاى قسه‌کانیدا، وه‌زیرى کشتوکاڵ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا: وه‌زاره‌ته‌که‌یان دوو ئه‌رکى سه‌ره‌کى هه‌یه‌: یه‌که‌مییان دابینکردنى ئاسایشى خۆراکه‌و ئه‌ویدیکه‌شییان دابینکردنى ئاسایشى ئاوه‌.

ده‌رباره‌ى ئاسایش خۆراک، وه‌زیرى ناوبراو رایگه‌یاند: له‌دواى ساڵى 1957-ه‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆ یه‌که‌مجاره‌ به‌رهه‌مى گه‌نم بگاته‌  844 هه‌زار تۆن و بۆ یه‌کمجاریشه‌، 113هه‌زار تۆن په‌تاته‌ به‌رهه‌م بهێندرێت و بنێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم و خۆراکه‌کانى دیکه‌ى وه‌ک: ته‌ماته‌ له‌ئێستادا %56ى خود دابینکارییه‌و مریشک %67 و هێلکه‌ %53. هه‌روه‌ها گۆشتى سوور %38 و میوه‌ %34 و ماسى %10 رێژه‌ى خود دابینکارییه‌، ئه‌گه‌ر بێتوو بودجه‌ى پێویستیش له‌به‌رده‌ست بێت ئه‌وا ئه‌و خۆراکانه‌ش ده‌گه‌ینینه‌ رێژه‌ى %100.
سه‌باره‌ت به‌کرینه‌وه‌ى گه‌نم و جۆى بنه‌تۆ، ناوبراو رایگه‌یاند: تاوه‌کو ئێستا 16 هه‌زار تۆن گه‌نمى بنه‌تۆو به‌برى 15.900 ملیار دینار کردراوه‌ به‌داشکاندنى 30% به‌جووتیاران فرشۆراونه‌ته‌وه‌ و جۆى بنه‌تۆش بایى 14.500 ملیار دینار کردراوه‌ به‌داشکاندنى 50% به‌جووتیاران فرشۆراونه‌ته‌وه‌، که‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ش له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ش نه‌کراوه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، که‌ پرۆژه‌ بریارێکیان ئاراسته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کردووه‌ بۆ رێکخستنه‌وه‌ى به‌رووبوومى ناوخۆیى و باج خستنه‌سه‌ر به‌رووبوومى بیانى له‌کاتى پێگه‌یشتنى به‌روبوومه‌ ناوخۆییه‌کان و که‌وتۆته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ئاوى سه‌رزه‌ویش، وه‌زیرى کشتوکاڵ رایگه‌یاند:  کوردستان خاوه‌نى 29ملیار مه‌ترسێجایه‌ و له‌وبره‌ش 18ملیارى له‌ناوخۆیه‌و به‌پێى داتاکانیش، %60 ئه‌و ئاوه‌ به‌فیرۆ ده‌روات، له‌کاتێکدا جه‌نگێکى شاراوه‌ى ئاو به‌رێوه‌ ده‌چێت، بۆ نموونه‌ تورکیا له‌هه‌وڵى زیادکردنى به‌نداوه‌کان و ئێران له‌هه‌وڵى گۆرینى رێره‌وى ئاوه‌کانه‌، که‌ ئه‌مه‌ش له‌ئاینده‌دا به‌زه‌ره‌رى هه‌رێم ته‌واو ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌پلانى وه‌زاره‌ته‌که‌شییان بۆ چارسه‌رى کێشه‌کانى ئاو، وه‌زیرى کشتوکاڵ راشیگه‌یاند: تائێستا 10 به‌نداو کارى ته‌واوبووه‌و 7 به‌نداوى دیکه‌ش به‌شێوه‌ى قه‌رز کارییان له‌سه‌ر ده‌کرێت ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ کارى 24 به‌نداوى دیکه‌ش به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ کاریان وه‌ستاوه‌و هه‌روه‌ها 76 پۆندیش کاریان له‌سه‌ر ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر به‌پێى پلان و پاره‌ى به‌رده‌ست بۆ پلاه‌نه‌که‌ هه‌بێت ئه‌وا ده‌توانین دوو ئه‌وه‌نده‌ى پێویستى هه‌رێم و پتریش ئاو دابین بکه‌ین.

وه‌زیرى کشتوکاڵ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: کار له‌سه‌ر پرۆژه‌ى ئاودێرى شه‌مامک ده‌کرێت، که‌ پرۆژه‌یه‌کى ستراتیژییه‌و 80 هه‌زار دۆنم به‌راو ده‌کات و ماوه‌ى پرۆژه‌که‌ش 5ساڵ ده‌خایه‌نێت و تێچووه‌که‌شى 380 ملیۆن دۆلاره‌.

له‌به‌شێکى دیکه‌ى راپۆرته‌که‌یدا، وه‌زیرى کشتوکاڵ کاروچالاکى وه‌زاره‌ته‌که‌یان له‌ماوه‌ى 6 مانگى رابردوو خسته‌روو. هه‌روه‌ک ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: وه‌زاره‌ته‌کان خه‌ریکى سه‌ر له‌نوێ رێکخستنه‌وه‌ى هه‌یکه‌لى وه‌زاره‌ته‌که‌ن به‌مه‌به‌ستى زیاتر به‌خشینى ده‌سه‌ڵاته‌کان به‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌ت له‌پێناو جێبه‌جێکردنى لامه‌رکه‌زییه‌ت.

هه‌روه‌ها وه‌زیرى کشتوکاڵ راشیگه‌یاند: داوا ده‌که‌ین قه‌رزى کشتوکاڵى له‌ 150 ملیۆن دیناره‌وه‌ زیاد بکرێت بۆ 500 ملیۆن دینارو ماوه‌ى دانه‌وه‌که‌شى له‌ 4ساڵه‌وه‌ بۆ 10 ساڵ.

له‌باره‌ى کێشه‌کانى به‌رده‌م وه‌زاره‌تى کشتوکاڵیش، وه‌زیرى ناوبراو ئاماژه‌ به‌چه‌ند کێشه‌یه‌کى سه‌ره‌کیدا، له‌وانه‌: کێشه‌ى بودجه‌، که‌ وه‌زاره‌ته‌که‌یان داوا ده‌ه‌کات به‌پێى ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان که‌ نابێت له‌ 10% که‌متر بێت و به‌و ئاسته‌ بودجه‌ى سێکته‌رى کشتوکاڵى هه‌رێمیش زیاد بکرێت، که‌ له‌ئێستادا 1.8% بودجه‌ى گشتییه‌.

هه‌روه‌ها کێشه‌کانى هاورده‌کردنى به‌رووبوومى کشتوکاڵى به‌شێوه‌ى قاجاخ و زیاده‌رۆیى له‌سه‌ر زه‌وى کشتوکاڵى  که‌ تا ساڵى 2012، 2487 حاڵه‌تى ته‌جاوزى هه‌بووه‌ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى 1.651.199 دۆنم زه‌وى کشتوکاڵى بۆ شاره‌وانییه‌کان به‌کارهاتووه‌.

دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆکى په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رگاى گفتوگۆ بۆ په‌رله‌مانتاران کرایه‌وه‌ 46په‌رله‌مانتاران ناوى خۆیان تۆمارکرد بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر راپۆرته‌که‌ى وه‌زیرى کشتوکاڵ. په‌رله‌مانتاران، له‌کاتى خستنه‌روو تێبینى و سه‌رنجه‌کانى خۆیان ده‌رباره‌ى سێکته‌رى کشتوکاڵ، ژماره‌یه‌ک پێشنیازى نوێیان خسته‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ بۆ کار له‌سه‌ر کردنی.

دواتر، به‌هۆى زۆرى ژماره‌ى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى داواى قسه‌یانکردبوو دانیشتنکه‌ درێژه‌ى کێشا، سه‌رۆکى په‌رله‌مان بۆ ماوه‌یه‌کى کاتى دانیشتنه‌که‌ى دواخست.
 
کاتژمێر  2:45 پاشنیوه‌رۆ، به‌شى دووه‌مى دانیشتنى دانیشتنى ژماره‌ (17)ى ئاساییى خولى گرێدانى ساڵى دووه‌م له‌خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردن، به‌ سه‌رۆکایه‌تیى د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان ‌و ئاماده‌بوونى فه‌خره‌دین قادر عارف سکرتێرى په‌رله‌مان، ده‌ستیپێکرده‌وه‌.
به‌هۆى ئاماده‌ نه‌بوونى ژماره‌ یاسایى په‌رله‌مانتاران له‌دانیشتنه‌که‌دا، که‌ به‌پێى په‌یره‌وى ناوخۆ ده‌بێت 50+1 ئاماده‌ بێت، به‌و هۆیه‌وه‌، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان به‌راوێژ له‌گه‌ڵ‌ لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان بریاریدا دانیشتنه‌که‌ کۆتایى پێبێت.


زۆرترین خوێندراو