نێچیرڤان بارزانى و ئه‌ردۆغان کۆبوونه‌وه‌

12/20/2014 4:21:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

رۆژى  19ى کانوونى یه‌که‌مى  2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، له‌ کۆشکى کۆماریى نوێى سه‌رۆکایه‌تیى کۆمارى تورکیا ’’ئاک سارای’’، له‌ لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رکۆمارى تورکیاوه‌ پێشوازى لێکرا.

له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا بارودۆخ و ڕه‌وشى ئێستاى عیراق و ناوچه‌که‌ به‌ گشتى و پێشهاته‌کانى جه‌نگى دژى تیرۆر و پێشڕه‌وییه‌کانى دوو ڕۆژى ڕابردووى پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌وروبه‌رى شه‌نگال و ناوچه‌ى زوممار تاوتوێ کرا و به‌ڕێز ئه‌ردۆغان وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانى پێشمه‌رگه‌، هه‌روه‌ها هیواى سه‌رکه‌وتن و پێشڕه‌ویى به‌رده‌وامى بۆ پێشمه‌رگه‌ خواست.

دوایین ڕێککه‌وتنى نێوان حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى فیدرالى عیراق، به‌شێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ بوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌دۆغان پیشتگیریى خۆى بۆ ڕێککه‌وتنه‌که‌ دووپات کرده‌وه‌ و ده‌ستخۆشى له‌ هه‌ردوولا کرد، هه‌روه‌ها هیواى خواست ڕێککه‌وتنه‌که‌ ببێته‌ سه‌ره‌تاى چاره‌سه‌رکردنى ته‌واوى کێشه‌کانى هه‌ولێر و به‌غدا.

نێچیرڤان بارزانى و ئه‌ردۆغان، په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌شیان خسته‌ به‌ر باس و داکۆکییان له‌ فراوانکردن و بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان کرده‌وه، ‌به‌ تایبه‌تیش له‌و بوارانه‌دا که‌ بۆ هه‌ردوولا جێگه‌ى بایه‌خن.


زۆرترین خوێندراو