ئه‌نجه‌لینا جۆلی، ستایشى خه‌ڵک و حکوومه‌تى کوردستان ده‌کات

1/26/2015 9:06:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، 26 ى کانونى دووه‌مى 2015 ،نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ نێردراوى تایبه‌تى کۆمیسارى باڵاى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ کاروبارى په‌نابه‌ران و باڵیۆزى نیازپاکیى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند و ئه‌کته‌رى ناودارى هۆڵیوود، خاتوو ئه‌نجه‌لینا جۆلى کرد.

له‌ دیدارێکدا خاتوو جۆلى باسى له‌ سه‌ردانى خۆى بۆ چه‌ند که‌مپێکى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆک و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى له‌نزیکه‌وه‌ى ڕه‌وشى که‌مپه‌کان کرد و ستایشى خه‌ڵک و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى کرد که‌ هاوکاریى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیان کردووه‌ و باوه‌شیان بۆ کردوونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها دڵگرانیى خۆى بۆ ئه‌و کاره‌ساتانه‌ ده‌ربڕى که‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکى ناوچه‌که‌دا و به‌تایبه‌تیش به‌سه‌ر هه‌ردوو پێکهاته‌ى ئێزدى و مه‌سیحیدا هاتوون.

خاتوو جۆلى دووپاتى کرده‌وه‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ڕێز و پێزانینێکى زۆرى بۆ خه‌ڵک و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌ که‌ توانیویانه‌ به‌شێکى زۆرى پێداویستییه‌کانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران دابین و کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند له‌ هه‌وڵ و کۆششه‌کانى به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى کاراتر به‌هاناى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌وه‌ بێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌زگا و ئاژانسه‌کانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ڕێکخراوه‌ خێرخوازه‌کان له‌ جیهان هان ده‌دات تا کۆمه‌ک و هاوکاریى زیاتریان بۆ کۆبکه‌نه‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سوپاسى سه‌ردانه‌که‌ى کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ هاتنیان بۆ کوردستان و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى ڕه‌وشى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ ڕووى مۆراڵه‌وه‌ کاریگه‌ریى ئه‌رێنیى خۆى ده‌بێت و هیواى خواست له‌ پشتگیرى بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها وێنه‌یه‌کى ڕاسته‌قینه‌ى کوردستان و بارودۆخه‌که‌ بگوازێته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و ڕێکخراوه‌ جیهانییه‌کانى بگه‌یه‌نێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌و فیلمه‌ دۆکیوومێنتارییه‌ى که‌ خه‌ریکن ئاماده‌ى ده‌که‌ن و به‌ ناوى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ بڵاوى ده‌که‌نه‌وه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ڕاستیى بارودۆخى کوردستان و ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بێت.

سه‌رۆک وه‌زیران هه‌روه‌ها دووپاتى کرده‌وه‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ کۆمه‌ک و یارمه‌تیدانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌موو بواره‌کانى ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌یی، پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کان و هه‌موو بواره‌کانى دیکه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌مه‌ به‌ ئه‌رکى خۆى ده‌زانێت، به‌ڵام جه‌ختیشى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ باره‌که‌ زۆر قورسه‌ و له‌ تواناکانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ده‌ره‌، بۆیه‌ پێویستى به‌ کۆمه‌ک و هاوکاریى زیاتر و ئاوڕدانه‌وه‌ى جددیترى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان هه‌یه‌.



زۆرترین خوێندراو