حکومه‌تى هه‌رێم : لێکنه‌گه‌یشتنێک له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌ و عیراق پێى وایه‌ هه‌رێم ده‌توانێ ڕێژه‌یه‌کى زیاترى نه‌وت بداته‌ به‌غدا

1/28/2015 3:02:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28 ى کانونى دووه‌مى 2015، یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ ساڵى تازه‌ ساز کرا.

له‌ سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌دا، ده‌رباره‌ى دوایین ڕێککه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا،  سه‌رۆک وه‌زیران ڕایگه‌یاند: لێکنه‌گه‌یشتنێک له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌ و حکوومه‌تى عیراق پێى وایه‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌توانێ ڕێژه‌یه‌کى زیاترى نه‌وت له‌وه‌ى که‌ له‌سه‌رى ڕێککه‌وتووین بداته‌ به‌غدا، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ ڕاشکاوى گوتوومانه‌، له‌ تواناشماندا بێت، له‌و ڕێژه‌یه‌ زیاتر ناده‌ین که‌ له‌سه‌رى ڕێککه‌وتووین، جگه‌ له‌مه‌ له‌ ڕووى ته‌کنیکیشه‌وه‌ ناکرێت، چونکه‌ ژێرخانى پێویست بۆ نارنى زیاتر نییه‌. وێڕاى ئه‌وه‌ش جه‌ختى‌ له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان به‌پێى ڕێککه‌وتنه‌که‌ و له‌ کاتى خۆیدا، ئه‌و ڕێژه‌یه‌ى‌ له‌سه‌رى ڕێککه‌وتوون، ده‌نێرێت. هه‌روه‌ها دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێم خوازیاره‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى فیدرال بگاته‌ چاره‌سه‌رى و به‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌وه‌ پابه‌نده‌.

ده‌رباره‌ى دۆخى دارایى هه‌رێمى کوردستانیش، باسى له‌وه‌ کرد که‌ گه‌وره‌ترین کێشه‌ى دارایى له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌، بۆیه‌ حکوومه‌ت ناچاره‌ هه‌ندێ ڕێکارى تایبه‌ت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دۆخه‌که‌ بگرێته‌ به‌ر. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا که‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌ حکوومه‌تدا پێکه‌وه‌ن و پێکه‌وه‌ بڕیار ده‌ده‌ن، که‌چى له‌ ڕاگه‌یاندندا وا ده‌رناکه‌وێت، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان کۆده‌بینه‌وه‌ و تاوتوێى دۆخه‌که‌ ده‌که‌ین.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پیرۆزبایى له‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانى ئه‌م دواییانه‌ کرد و ده‌ستخۆشى له‌ پێشمه‌رگه‌ کرد، هه‌روه‌ها هاوده‌ردى و هاوخه‌مى له‌گه‌ڵ که‌سوکارى شه‌هیدان ده‌ربڕی. پیرۆزباییى ڕزگارکردنى کۆبانێشى کرد و سوپاسى هه‌ڵوێستى تورکیا و به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رکۆمارى تورکیاى کرد، که‌ ڕێگه‌ى دا هێزى پێشمه‌رگه‌ و چه‌کى قورس له‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ بگاته‌ کۆبانێ و ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ به‌دى بێت.

دواى ئه‌وه‌  وه‌زیرى دارایى و ئابووری، ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کى له‌سه‌ر دۆخى دارایى له‌ هه‌رێمى کوردستان پێشکه‌ش کرد و له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ په‌سه‌ند کرا، بۆ ئه‌وه‌ى بنێردرێته‌ په‌رله‌مانى کوردستان. له‌ ڕوونکردنه‌وه‌که‌دا به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى تیشکى خسته‌ سه‌ر ڕێژه‌ى که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کان و به‌رنامه‌ و پلانى وه‌زاره‌تى بۆ چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌بردنى که‌رتى دارایى و جێبه‌جێکردنى پلانى که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کان و زیادکردنى داهاته‌کانى له‌م دۆخه‌دا، خسته‌ ڕوو.

پاشان پڕۆژه‌یاساى ده‌سته‌ى نیشته‌جێبوون له‌ هه‌رێمى کوردستان ـ عیراق، خرایه‌ ڕوو و دواى گفتوگۆ و خستنه‌ڕووى چه‌ند سه‌رنج و تێبینییه‌ک، بڕیار درا لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان کۆبوونه‌وه‌یه‌کى دیکه‌ى تایبه‌ت ده‌رباره‌ى پڕۆژه‌یاسایه‌که‌ ئه‌نجام بده‌ن و بۆ په‌سه‌ندکردن بهێنرێته‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران. به‌پێى پڕۆژه‌یاساکه‌،‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ سیاسه‌تى نیشته‌جێکردنى گشتى له‌ هه‌رێمى کوردستان و چه‌ند ستراتیژێکى ڕوون له‌سه‌ر بنه‌ماى پێداویستییه‌کانى هه‌رێم داده‌ڕێژێت و بۆ جێبه‌جێکردنى پلانه‌کانی، سوود له‌ بانک و دامه‌زراوه‌ داراییه‌کان و وه‌به‌رهێنانى‌ بیانى و ناوخۆیى وه‌رده‌گرێت، به‌ جۆرێک که‌ له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌کان و سنوورداریى تواناى داراییى که‌مده‌رامه‌تان بگونجێت.

له‌ بڕگه‌یه‌کى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌دا ڕاپۆرتى لیژنه‌ى ناساندنى جینۆسایدى کوردانى ئێزدى و پێکهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى دیکه، له‌ لایه‌ن به‌ڕێز وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانه‌وه‌‌ پێشکه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کرا و تیایدا باس له‌و کار و چالاکییه‌کانه‌ کرا که‌ له‌ ئاستى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى وڵاتدا، بۆ به‌ره‌وپێشبردنى ئه‌م که‌یسه‌ ئه‌نجام دراون. هه‌روه‌ها تیشک خرایه‌ سه‌ر سه‌ردان و دیداره‌کانى لیژنه‌که‌ له‌گه‌ڵ داموده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات و پێشکه‌شکردنى به‌ڵگه‌ و دۆکیوومێنته‌کان له‌سه‌ر ئه‌و کاره‌ساتانه‌ى به‌سه‌ر ئێزدییه‌کاندا هاتوون‌. به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانیش ده‌ستخۆشى له‌ لیژنه‌که‌ کرد و هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ خواست، هه‌موو پشتگیرییه‌کى سه‌رۆکایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیشى بۆ لیژنه‌که‌ دووپات کرده‌وه‌.



زۆرترین خوێندراو