په‌رله‌مان بڕیارى پاڵاوتن ‌و په‌سندکردنى قایمقام ‌و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌کانى په‌سند ده‌کات

3/3/2015 7:19:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

کاتژمێر 12ى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 3 ى مارسى  2015 په‌رله‌مانى کوردستان، دانیشتنى ده‌سپێکى خولى به‌هاره‌، ساڵى دووه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردن  ئه‌نجامدا.

سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌که‌ که‌ به‌ ئاماده‌بوونى مه‌ولود موراد محێدین وه‌زیرى هه‌رێم بۆ کاروبارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو،  سه‌رۆکى په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ى خوێنده‌وه‌ که‌ له‌ چوار خاڵ پێکهاتبوو، خاڵى یه‌که‌م بریتى بوو له‌ده‌قیقه‌یه‌ک وه‌ستان بۆ  رێزلێنان له‌ گیانى پاکى شه‌هیدانى کوردستان ‌و عیراق له‌گه‌ڵ مارشى نه‌ته‌وه‌یی، خاڵى دووه‌میش بریتى بوو له‌ کردنه‌وه‌ى خولى به‌هاره‌، ساڵى دووه‌نى خولى هه‌ڵبژاردنى چواره‌مى په‌رله‌مانى کوردستان-عیراق له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆکى په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌پێى بڕگه‌ (2) له‌ ماده‌ى (17) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکرا‌و، خاڵى سێیه‌میش بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ بڕیارى هه‌ڵبژاردنى قایمقام ‌و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به‌پێى ماده‌ى (71) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکرا‌و، خاڵى چواره‌م ‌و کۆتایى به‌رنامه‌ى کاریش بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ یاساى سه‌ندوقى داهاته‌کانى نه‌وت ‌و گاز له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌پێى ماده‌ى (71) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکرا‌و. 

به‌پێى خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کار، سه‌رۆکى په‌رله‌مان داواى له‌ ئه‌ندامانى به‌ڕێزى په‌رله‌مان کرد بۆ رێزلێنان له‌گیانى پاکى شه‌هیدانى کوردستان ‌و عیراق له‌گه‌ڵ مارشى نه‌ته‌وه‌یى ده‌قیقه‌یه‌ک به‌ بێده‌نگى بوه‌ستن.  

پاشان به‌پێى خاڵى دووه‌مى به‌رنامه‌ى کار، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان به‌ بۆنه‌ى ده‌سپێکى خولى به‌هاره‌ وته‌یه‌کى پێشکه‌شکرد ‌و تیایدا ئاماژه‌ى به‌و قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ کرد که‌ ئێستا باشوورى کوردستانى پێدا تێپه‌ێ‌ ده‌بێت له‌ رووى په‌یوه‌ندیى دیبلۆماسى ‌و نێوده‌وڵه‌تى ‌و شه‌ڕى دژ به‌ تیرۆر ‌و رۆلى پێشمه‌رگه‌ گیانله‌سه‌ر ده‌سته‌کانیشى به‌رزنرخاند له‌و شه‌ڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ى که‌ دژ به‌ تیرۆر ده‌کرێت، هه‌روه‌ها ستایشى رۆلى به‌رپرسیارانه‌ى خه‌ڵکى کوردستان ‌و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌کان ‌و پارته‌ سیاسییه‌کانى کرد له‌و چوارچێوه‌یه‌دا که‌ به‌رپرسیارانه‌ ‌و خۆڕاگرانه‌ مامه‌له‌یان له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌که‌دا کردووه‌.

هه‌ر له‌ وته‌که‌یدا سه‌رۆکى په‌رله‌مان ئاماژه‌ى به‌ رۆل ‌و ئه‌رکى په‌رله‌مان کرد له‌ به‌ دامه‌زراوه‌ییکردن ‌و کاراکردنى رۆلى چاودێرى ‌و ئه‌کتیڤکردنى بواره‌کانى ترى په‌رله‌مان ‌و جه‌ختیشى له‌سه‌ر پێویستیى کارکردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێکى گرنگ  کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان کارى جدییان له‌سه‌ر بکات، له‌وانه‌ پڕۆژه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى کوردستان ‌و په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ‌و ئه‌و یاسایانه‌ى که‌ تایبه‌تن به‌ بواره‌کانى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ‌و داواکارى گشتى ‌و تۆکمه‌کردنى دامه‌زراوه‌کانى هه‌رێم به‌ تایبه‌ت پێشمه‌رگه‌ ‌و هێزه‌کانى ناوخۆ ‌و پڕۆژه‌ یاساکانى تایبه‌ت به‌ دامه‌زراوه‌ییکردنى که‌رتى نه‌وت ‌و گاز ‌و چه‌ندین پڕۆژه‌ یاساى ترى تایبه‌ت له‌ بوارى ئازادیى تاک ‌و به‌رژه‌وه‌ندیى گشتیدا.

سه‌باره‌ت به‌ خاڵى سێیه‌مى به‌رنامه‌ى کاریش که‌ تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ بڕیارى هه‌ڵبژاردنى قایمقام ‌و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌کان، دواى خوێندنه‌وه‌ى ده‌قى پڕۆژه‌ بڕیاره‌که‌ ‌و راپۆرتى هاوبه‌شى هه‌ردوو لیژنه‌ى کاروبارى یاسایى ‌و لیژنه‌ى ناوخۆ ‌و ئاسایش ‌و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌کان، له‌لایه‌ن لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ پێشنیازکرا راپۆرتى هاوبه‌ش بکرێته‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆکان، ئه‌م پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌ کۆى ده‌نگ په‌سند کرا.

ناونیشانى پڕۆژه‌ بڕیاره‌که‌ش دواى گفتوگۆکردنى له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌ (پڕۆژه‌ بڕیارى پاڵاوتن ‌و په‌سندکردنى قایمقام ‌و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌کانى کوردستان-عیراق) خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سند کرا.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ى یه‌که‌مى پڕۆژه‌ بڕیاره‌که‌ش که‌ تایبه‌ت بوو به‌ زاراوه‌ ‌و پێناسه‌کان، دواى گفتوگۆکردنى ‌و لادانى زاراوه‌ى هه‌رێم ‌و پێناسه‌که‌ى به‌هۆى گۆڕینى ناونیشانه‌که‌ى که‌ وشه‌ى هه‌رێم)ى لێ لادرا، خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ کۆى ده‌نگ په‌سند کرا.

ماده‌ى دووه‌مى پڕۆژه‌ بڕیاره‌که‌ش که‌تایبه‌ت بوو به‌ شێوازى پاڵاوتنى قایمقام ‌و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌کان که‌ به‌ هه‌مان مه‌رج ‌و پله‌ ‌و ئه‌رک ‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى که‌ له‌ یاساى پارێزگاکان ده‌ق نووسکراون به‌ زۆرینه‌ى ره‌هاى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان ده‌بێت، هه‌روه‌ها به‌رزرکردنه‌وه‌ى ناوى په‌سندکراو بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌ مه‌به‌ستى به‌رزکردنه‌وه‌ى بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ ده‌رکردنى فه‌رمانى دامه‌زراندنیان، دواى داڕشتنه‌وه‌ى به‌ ره‌چاوکردنى سه‌رنج ‌و تێبینى ‌و پێشنیازى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سند کرا.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ى سێیه‌میش که‌ تایبه‌ت بوو به‌ شێواز ‌و چۆنیه‌تیى چاودێریکردنى قایمقام ‌و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌کان که‌ به‌پێى پڕۆژه‌ بڕیاره‌که‌ به‌ هه‌مان میکانیزمى چاودێریکردنى پارێزگار ده‌بێت، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ست بوونیان له‌ رووى کارگێڕییه‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ ‌و شێوازى له‌سه‌ر کار لادانیان، که‌ دواى گفتوگۆکردنى و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ى ده‌بێ به‌ ره‌زامه‌ندیى دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا بێت، ماده‌که‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سند کرا.

ماده‌ى چواره‌مى پڕۆژه‌ بڕیاره‌که‌ش که‌ تایبه‌ت بوو به‌ ماوه‌ ‌و چۆنیه‌تیى جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌که‌، دواى گفتوگۆکردنى له‌سه‌ر پێشنیازى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ‌و به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ بڕیاردرا تا کاتى هه‌ڵبژاردنى خولى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان ‌و ئه‌نجومه‌نى قه‌زا ‌و ناحیه‌کان کارى پێبکرێت، دواى داڕشتنه‌وه‌ى خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ کۆى ده‌نگ په‌سند کرا.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌کانى پێنجه‌م ‌و شه‌شه‌مى پڕۆژه‌ بڕیاره‌که‌ش که‌ تایبه‌ت بوون به‌ پابه‌ندکردنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ‌و وه‌زاره‌تى ناوخۆ ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ جێبه‌جێکردنى حوکمه‌کانى ئه‌و بڕیاره‌ ‌و جێبه‌جێکردنى له‌ رۆژى ده‌رچوونى ‌و بڵاوکردنه‌وه‌ى له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمیى وه‌قایعى کوردستان، وه‌ک ئه‌وه‌ى که‌ له‌ راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌شدا هاتبوون به‌ جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و په‌سند کران.

پاشان هۆکاره‌کانى ده‌رچوواندنى بڕیاره‌که‌ دواى لادانى ده‌سته‌واژه‌ى (بۆ پڕکردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆشاییه‌ یاساییه‌) له‌سه‌ر پێشنیازى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ‌و کۆى بڕیاره‌که‌ به‌ جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ کۆى ده‌نگ په‌سندکران. 

به‌مجۆره‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مان کۆتایى به‌ دانیشتنه‌که‌ هێنا ‌و رایگه‌یاند: "دانیشتنى داهاتوو سه‌عات 11ى رۆژى دووشه‌مه‌ى داهاتوو ده‌بێت".

پێویسته‌ بووترێ هۆکارى ده‌رچوواندنى ئه‌و بڕیاره‌ به‌هۆى ئه‌نجام نه‌دانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى قه‌زا ‌و ناحیه‌کانى هه‌رێمى کوردستانه‌ که‌ به‌پێى یاساى ژماره‌ (4)ى ساڵى 2009 دروست بووه‌.  


زۆرترین خوێندراو