دانیشتنى په‌رله‌مانى کوردستان ئاڵۆزى لێده‌که‌وێته‌وه‌

3/25/2015 4:40:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

کاتژمێر  11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 25 ى مارسى 2015 له‌په‌رله‌مانى کوردستان دانیشتنى ژماره‌ (4)ى ئاساییى خولى به‌هاره‌، ساڵى دووه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌که‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ى خوێنده‌وه‌ که‌ له‌دوو خاڵ پێکهاتبوو، خاڵى یه‌که‌مى به‌رده‌وامبوون بوو له‌سه‌ر گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ یاساى سه‌ندوقى داهاته‌کانى نه‌وت ‌و گاز له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌پێى ماده‌کانى (72،74،75) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکرا‌و، خاڵى دووه‌میش، تایبه‌تبوو به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر متمانه‌دان و سوێندخواردنى یاسایى  (غازى سه‌عید سلێمان) بۆ پۆستى وه‌زیرى هه‌رێم.

به‌ر له‌خستنه‌رووى خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کار، به‌هۆى روودانى ده‌مه‌قاڵه‌و پێکداهه‌ڵپژان له‌نێوان ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتار به‌ر له‌ده‌سپێکردنى دانیشتنه‌که‌، سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان بریارى پێکهێنانى لیژنه‌یه‌کیدا بۆ ده‌رخستنى راستییه‌کانى رووداوه‌که‌. 

له‌کاتى خوێندنه‌وه‌ى راپۆرتى هاوبه‌شى لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌باره‌ى پرۆژه‌ یاساى سه‌ندوقى کوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتى ‌و گازییه‌کان، ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتار به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ده‌ربرینى ناره‌زایه‌تییه‌کانیان ده‌رباره‌ى رووداوه‌که‌، له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان بۆ ماوه‌یه‌کى کاتى دانیشتنه‌که‌ى هه‌ڵگرت.

له‌کاتژمێر  2:20 پاشنیوه‌رۆ، به‌شى دووه‌مى دانیشتنه‌که‌ ده‌ستیپێکرده‌وه‌و  سه‌رۆکى په‌رله‌مان له‌باره‌ى رووداوه‌که‌ى سه‌رله‌به‌یانی، وتی"ئه‌و ڕوداوه‌ نه‌ده‌بوو ڕووبدات، ده‌بێت له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا هه‌مومان به‌ گیانى یه‌ک تیمییه‌وه‌ کاربکه‌ین و کێشه‌ لاوه‌کییه‌کانمان بخه‌ینه‌ ئه‌ولاوه‌، چونکه‌ له‌ رابردوودا به‌رامبه‌ر تیرۆرستان و دوژمنانمان به‌ یه‌کگرتوویى توانیمان پارێزگاریى له‌ خاک و وڵاتمان بکه‌ین، ئه‌گه‌ر نه‌توانین کێشه‌ و گرفته‌کانمان له‌ ڕیگه‌ى سازان و گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین، مه‌ترسى په‌رته‌وازه‌یى ماڵى کوردى لێده‌که‌وێته‌وه‌و ئه‌وکات هه‌مومان پێکه‌وه‌ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین."

له‌به‌شێکى ترى وته‌کانیدا، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان وتى "داواکارم له‌ هه‌مو هێزه‌ سیاسییه‌کان، به‌ گیانى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بکه‌ن و خۆیان به‌ دوور بگرن له‌ توندوتیژیى و یه‌کتر بریندارکردن، ئاساییه‌ هێزه‌کان جیاوازبن، به‌ڵام نابێت ئه‌و جیاوازییه‌کانمان ماڵى کوردى په‌رته‌وازه‌ بکات.

له‌به‌رامبه‌ر وته‌کانى سه‌رۆکى په‌رله‌ماندا، ئومێد خۆشناو، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان وتى "ئێمه‌ ئیدانه‌ى ئه‌و ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌ ده‌که‌ین، ئه‌وه‌ گوزارشت نییه‌ له‌ سیاسه‌تى پارتی. ئێمه‌ هه‌مومان پێکه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان و حکومه‌ت به‌شدارین و داواکارین هه‌مو لایه‌نه‌کان پێکه‌وه‌ کار بکه‌ین بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌که‌. دواتر سه‌رۆکى په‌رله‌مان دانیشتنه‌که‌ى هه‌ڵگرت بۆ هه‌فته‌ى داهاتوو. 

پێویسته‌ بوترێت نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێش ده‌ستپێکردنى دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان، شه‌ڕله‌ نێوان هه‌ردوو په‌رله‌مانتارى پارتى دیموکراتى کوردستان (نازم که‌بیر و مه‌ردان خدر) له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارى گۆڕان (عه‌لى حه‌مه‌ساڵح) درووست بوو، ئه‌و دوو په‌رله‌مانتاره‌ى فراکسیۆنى پارتى   هێرشیان کرده‌ سه‌ر (عه‌لى حه‌مه‌ساڵح) به‌مه‌ش پشێوى له‌ نێوان په‌رله‌مانتاران درووست بوو، سه‌رۆکى په‌رله‌مان بڕیاریدا، هه‌ردوو په‌رله‌مانتار (نازم که‌بیر و مه‌ردان خدر) به‌شدارى دانیشتنى دواى نیوه‌ڕۆى په‌رله‌مان نه‌که‌ن.


زۆرترین خوێندراو