قائیمقامى سلێمانى : رێگه‌ به‌ زیاد بونى نرخى کارتى باڵانس ناده‌ین

3/26/2015 5:42:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


قائیمقامى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت ده‌نگۆى گرانبونى نرخى کارتى باڵانسى تۆڕه‌کانى په‌یوه‌ندیکردن ناراسته‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌به‌ گران بوونى نرخه‌که‌ى نادرێت و هه‌ر که‌سێک نرخ له‌سه‌ر هاوڵاتیان زیاد بکات رووبه‌ڕووى سزاى یاسایى ده‌کرێته‌وه‌ , داواش له‌ هاوڵاتیان ده‌کات له‌کاتى زیاد کردنى نرخى باڵانسدا لیژنه‌کان و فه‌رمانگه‌ ئیدارییه‌کانى لێ ئاگادار بکه‌نه‌وه‌,
ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 26 ئازارى 2015, له‌ دیوانى قائیمقامیه‌ت ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى هه‌ردوو کۆمپانیاى ئاسیاسێڵ و کۆڕه‌ک تلیکۆمدا کۆبوویه‌وه‌ و تێدا تاوتوێى ده‌نگۆى گران بوونى نرخى باڵانس کرا که‌ چه‌ند رۆژێکه‌ سه‌رى هه‌ڵداوه‌ , له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا نوێنه‌رى ئه‌و دووکۆمپانیایه‌ى بوارى په‌یوه‌ندى کردن رایانگه‌یاند کۆمپانیاکانیان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نرخى باڵانسیان زیاد نه‌کردووه‌ و پابه‌ندیشن به‌هه‌مان ئه‌و نرخه‌ى که‌ ده‌ستنیشان کراوه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا قائیمقامى سلێمانی رایگه‌یاند به‌دواداچونی ته‌واویان بۆ ده‌نگۆى گران بونى نرخى کارتى مۆبایل کردووه‌ و بۆیان ده‌رکه‌وتووه‌ هه‌ندێک له‌ مامه‌ڵه‌کاران به‌بێ هۆ نرخى باڵانسان زیاد کردووه‌, که‌ ئه‌مه‌ش کارێکى رێگه‌ پێنه‌دراو نایاساییه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌ به‌ زیادبونى نرخه‌ى باڵانسى تۆڕه‌کانى په‌یوه‌ندی کردن نادرێت , ووتیشى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانیان راسپاردووه‌ به‌ووردى به‌دواداچون له‌م باره‌یه‌وه‌ بکه‌ن و هه‌ر که‌سێک پابه‌ند نه‌بێت به‌ نرخه‌وه‌ رووبه‌ڕووى سزایى یاسایى بکرێته‌وه‌ .

له‌ به‌شێکى ترى کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئاوات محه‌مه‌د داواى له‌ هه‌ردوو کۆمپانیاى ئاسیاسێڵ و کۆڕه‌ک تلیکۆم کرد بڕێکى زیاترى کارتى باڵانس بخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێویستى هاوڵاتیان به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو دابین بکرێت و هه‌روه‌ها ده‌رفه‌ت نه‌ڕه‌خسێت له‌ به‌رده‌م مامه‌ڵه‌کردنى نایاسایى به‌ کارتى باڵانسه‌وه‌,  قائیمقامى سلێمانى داواشى له‌ هاوڵاتیان کرد له‌کاتى گرانبونى نرخى باڵانسدا له‌ سنورى شارى سلێمانى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کان ئاگاداربکه‌نه‌وه‌ و له‌ شار و شارۆچکه‌کانى تریش فه‌رمانگه‌ ئیدارییه‌کانى لێ ئاگادار بکه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێگرى ته‌واو له‌ گران بونى نرخى باڵانسى تۆڕه‌کانى په‌یوه‌ندی کردن بکرێت . 
بۆ په‌یوه‌نى کردن به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانه‌وه‌ (07701450755-07705487171-07704885252 یان ژماره‌ 100).


زۆرترین خوێندراو