به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود سه‌ردانى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى نیشتمانى ده‌کات

3/28/2015 8:20:00 PM
جەماوەر نیوز
  جه‌ماوه‌رنیوز
 
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ  28 ى مارسى 2015 ، به‌رێز محمه‌دى حاجى مه‌حمود به‌یاوه‌رى عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود کارگێرى مه‌کته‌بى سیاسى و رزگار غه‌فور ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان سه‌ردانى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستانیان کردوو له‌لایه‌ن مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوى ده‌سته‌ى کارگێڕی وره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى ‌و هه‌ڵۆ پێنجوێنی، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى ‌و مامۆستا ئیکرام، لێپرسراوى په‌یوه‌ندییه‌کانى کوردستانی، پێشوازى کران
 
له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کى دۆستانه‌شدا، گفتوگۆ له‌سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ کرا له‌به‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى  روبه‌روبونه‌وه‌ى داعش و بارودۆخى کوردستان و هه‌لومه‌رجى ئێستاى عیراق‌و ناوچه‌که‌ ، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ش تاووتوێکرا، که‌ به‌هۆى گرژى ‌و ئاڵۆزییه‌کانى ئه‌م دواییه‌ له‌ناوچه‌که‌ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌‌و کۆبوونه‌وه‌ش پێویستى یه‌کڕیزیو یه‌کده‌نگى زیاترى کوردى به‌پێوستییه‌کى گرنگ، به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌رو رووداوه‌کانى ئایینده‌ له‌قه‌ڵه‌مدا.

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود ، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد، "راسته‌ به‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى  پێشمه‌رگه‌، سه‌رکه‌وتنى باشى به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام ناکرێ‌ هێشتا مه‌ترسییه‌کانى داعش له‌به‌رچاو نه‌گرین"‌و له‌و باوه‌ڕه‌شه‌وه‌ سه‌رنجه‌کانى سه‌باره‌ت به‌ئازادکردنى شه‌نگال خسته‌ڕوو. رایگه‌یاند: راسته‌ له‌ئێستادا به‌ره‌کان گرنگى خۆى هه‌یه‌، به‌ڵام جوڵه‌ى سیاسى کوردستانیش بۆ ئێستا گرنگیو پێویستى خۆى هه‌یه‌.

هه‌روه‌ک ئاماژه‌ى به‌دۆخى ئێستاى عیراق‌و ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ش کرد، که‌ رووبه‌ڕووى عیراق بوه‌ته‌وه‌و سه‌ره‌نجامى مه‌ترسییه‌کانیشى بۆ هه‌ر جۆره‌ شه‌ڕێکى مه‌زهه‌بیو تائیفى له‌عیراقدا شیکرده‌وه‌‌و وتی:ده‌بێ‌ بپرسین که‌ ئێستا کورد له‌کوێى ئه‌و رووداوانه‌دایه‌ که‌ له‌ناوچه‌که‌دا ده‌گوزه‌رێت‌و ده‌بێ‌ ئاماده‌شبین بۆ ئه‌وه‌ى چ جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ کۆى رووداوه‌کان له‌عیراق‌و ناوچه‌که‌شدا بکه‌ین. هاوکات هه‌لومه‌رجه‌که‌ى به‌زه‌نگێک بۆ کورد ناوبردو به‌پێویستیشزانى کورد به‌وردى هه‌لومه‌رجه‌که‌ هه‌ڵبسه‌نگێنێت.

هاوکات سه‌باره‌ت بارودۆخى یه‌کێتیی، به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود، رایگه‌یاند "یه‌کێتیى ناو یه‌کێتیى بۆ هه‌مووان گرنگه‌".

له‌درێژه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌دا، مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوى ده‌سته‌ى کارگێڕی، پاشئه‌وه‌ى رونکردنه‌وه‌و زانیارى پێویستى سه‌باره‌ت به‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونى دانوستانه‌کان بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى خۆجێى سلێمانى خسته‌ڕوو، تێڕوانینه‌کانى له‌بارى هه‌لومه‌رجى عیراق‌و هه‌ستیارى ئه‌و دۆخه‌ى ئێستاى ناوچه‌که‌‌و ده‌وڵه‌تانى هه‌رێمایه‌تى گرتۆته‌وه‌ خسته‌ڕوو، تیایدا به‌وردى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ کرد، که‌ له‌هه‌ڵوێستى هه‌ر سیاسه‌تێکى نه‌خوازراودا له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌که‌ بێته‌ئاراوه‌و وێڕاى ئه‌وه‌ى ته‌ئکیدى کرده‌وه‌ که‌ "به‌وردى نه‌خوێندنه‌وه‌ى کۆى رووداو و پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌، واده‌کات دۆخێکى مه‌ترسیدارتر له‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌ بێته‌ ئاراوه‌"، پێویستى کۆبوونه‌وه‌‌و دیداره‌کانى لوتکه‌ى سیاسى له‌کوردستاندا، به‌گرنگ‌و مایه‌ى به‌رپرسیارێتییه‌کى مێژووى له‌ئه‌ستۆى هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ناساند‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رایگه‌یاند که‌ "ناوچه‌که‌ پێویستى به‌خوێندنه‌وه‌یه‌کى وردو لێوردبوونه‌وه‌ هه‌یه‌"‌و ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه‌، که‌ "ده‌بێ‌ به‌ به‌رپرسیارانه‌ هه‌م دۆخه‌که‌ بخوێنینه‌وه‌و هه‌م ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ تازه‌یه‌ى رووى له‌ناوچه‌که‌ کردووه‌ هه‌ڵبه‌سه‌نگێنین‌و مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى بێ‌ ئاگا‌و بێ‌ خه‌م نه‌بین له‌هه‌ر پڕیشکێک که‌ له‌سه‌ره‌نجامى ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌دا به‌ر کورد بکه‌وێت".

له‌به‌شێکى ترى قسه‌کانیدا، مه‌لا به‌ختیار، سه‌باره‌ت به‌بارودۆخى یه‌کێتیی، ئاماژه‌ى بۆ ته‌واوبوونى کارى لیژنه‌کان کردو بڕواى خۆیشى سه‌باره‌ت به‌چاره‌سه‌رى کێشه‌کان‌و پاراستنى یه‌کێتیى ناو یه‌کێتیى خسته‌ڕوو، به‌تایبه‌ت که‌ ناوچه‌که‌ له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌رو گۆڕانکاریدایه‌و ئاماده‌یى سیاسه‌تى نوێى یه‌کێتیشى به‌گرنگ له‌و رووه‌وه‌و خوێنده‌وه‌. 

له‌کۆتاییشدا، کۆبوونه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌شه‌ڕگه‌کان‌و هێزى پێشمه‌رگه‌، ته‌ئکیدیى له‌هاوکاریو پشتیوانى زیاتر له‌هێزى پێشمه‌رگه‌ کرده‌وه‌و هه‌روه‌ک ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى کۆبوونه‌وه‌کانى لوتکه‌ى سیاسى کوردستان، به‌گرنگ‌و پێویستى هه‌لومه‌رجى ئێستا زانرا. 



 


زۆرترین خوێندراو