نێچیرڤان بارزانی: شه‌ڕى پێشمه‌رگه‌ دژى تیرۆر، بۆ پاراستنى بنه‌ماکانى مافى مرۆڤه‌

3/29/2015 9:28:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌  29 ى مارسى 2015 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز ژان ئاسڵ بۆرن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لۆکسه‌مبۆرگ و شاندێکى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیدارێکدا باس له‌  ڕه‌وشى ئه‌و ئاوارانه‌ کرا که‌ ڕوویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ و بارگرانییه‌کى زۆریان بۆ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دروست کردووه‌، له‌ کاتێکدا هه‌رێم خۆى دووچارى قه‌یرانى دارایى و نه‌بوونى بودجه‌ و شه‌ڕێکى نه‌گریس بووه‌ته‌وه‌، وێڕاى ئه‌مه‌ش توانیویه‌تى پێشوازى له‌و ئاوارانه‌ بکات و له‌ هه‌موو بواره‌کاندا هاوکارى و خزمه‌تگوزارییان پێشکه‌ش  بکات، بۆ ئه‌مه‌ش شاندى میوان سوپاسى حکوومه‌تى هه‌رێمى کرد.

شاندى میوان هه‌روه‌ها باسیان له‌وه‌ کرد که‌ هه‌موو هه‌وڵه‌کانیان ده‌خه‌نه‌ گه‌ێ‌ بۆ ئه‌وه‌ى کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى و به‌ تایبه‌تى وڵاتانى ئه‌ورووپا له‌ باره‌ى پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارى به‌ ئاواره‌کان، یارمه‌تیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بدات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌فته‌ى داهاتوو له‌ میانى به‌شداریکردنیان له‌ کۆنفرانسى وڵاته‌ کۆمه‌کبه‌خشه‌کان که‌ له‌ کوێت ده‌به‌سترێت، باس له‌وه‌ ده‌که‌ن حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ ڕووى هاوکاریکردنى ئاواره‌کانه‌وه‌، ئه‌رکى سه‌رشانى خۆى جێبه‌جێ کردووه‌ و پێویسته‌ کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌رکه‌کانى به‌رامبه‌ر هه‌رێمى کوردستان جێبه‌جێ بکات.

له‌ ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌دا باس له‌ بارودۆخى  ئێستاى عیراق و به‌ره‌کانى شه‌ڕى دژى تیرۆریستان و ڕه‌وشى سیاسیى وڵات کرا و شاندى لۆکسه‌مبۆرگ سوپاس و پێزانینى خۆیان بۆ ئه‌و نه‌به‌ردییه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى که‌ توانیویه‌تى بوێرانه‌ ڕووبه‌ڕووى ئه‌و گرووپه‌ تیرۆیستییه‌ ببنه‌وه‌ و ئاماده‌ییى خۆیان ده‌ربڕى که‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى بریندارانى پێشمه‌رگه‌، هاوکاریى پێویست پێشکه‌ش بکه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سوپاسى شاندى میوانى کرد بۆ سه‌ردانه‌که‌یان و هه‌ڵوێسته‌که‌یانى به‌رز نرخاند و دڵنیاى کردنه‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان به‌بێ جیاوازیى ئایین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌، باوه‌شى بۆ هه‌موو ئاواره‌کان کردووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد ئه‌و شه‌ڕه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ دژى تیرۆیستان ده‌یکات، بۆ پاراستنى بنه‌ماکانى مافى مرۆڤه‌ که‌ خه‌ڵکى کوردستان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى ئازادیخواز و مرۆڤدۆستى جیهان، هاوبه‌شى ئه‌و بنه‌مایانه‌ن و به‌رده‌وام له‌به‌رچاوى گرتوون.

له‌ ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا سه‌رۆک وه‌زیران بارودۆخى سیاسیى عێراق و به‌ره‌کانى شه‌ڕ و به‌ تایبه‌ت ڕه‌وشى شارى مووسڵى بۆ شاندى میوان خسته‌ ڕوو و جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر پاراستنى ئه‌و ناوچانه‌ى که‌ ئازادى کردوون و هه‌موو هاوکارییه‌کیش بۆ نه‌هێشتنى مه‌ترسیى تیرۆر پێشکه‌ش ده‌کات.

له‌ کۆتایى دیداره‌که‌دا نێچیرڤان بارزانى باسى له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا کرد و له‌م باره‌یه‌شه‌وه‌ چه‌ندین بیروڕا له‌ نێوان هه‌ردوولادا، ئاڵوگۆڕ کران.


زۆرترین خوێندراو