نێچیرڤان بارزانى و باڵیۆزى به‌ریتانیا ڕه‌وشى عیراق و کوردستان تاوتوێ ده‌که‌ن

5/4/2015 1:05:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ  4 ى ئایارى 2015 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز فرانک بێیکه‌ر باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندێکى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیدارێکدا باڵیۆزى به‌ریتانیا خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان و دیدارى له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیران ده‌ربڕى و باسى له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و به‌تایبه‌تى پرسى جێبه‌جێکردنى ڕێککه‌وتنى نێوان هه‌ردوولا کرد. له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا ئاماژه‌ى به‌ پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى و به‌تایبه‌تى بارودۆخى ئه‌منى و شه‌ڕى دژى داعشى کرد و ده‌سخۆشى و پشتگیریى به‌رده‌وامى حکوومه‌تى وڵاته‌که‌ى بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى که‌ توانیویه‌تى ڕووبه‌رێکى فراوان له‌ ده‌ستى تیرۆریستان ڕزگار بکات.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى سه‌ردانى باڵیۆزى به‌ریتانیاى کرد و خۆشحاڵیى خۆى بۆ بیروبۆچوون و پشتگیرییه‌ به‌رده‌وامه‌کانى به‌ریتانیا بۆ هه‌رێمى کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى و هیواى خواست کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌تایبه‌تى به‌ریتانیا وه‌ک هێزێکى سه‌ره‌کیى وڵاتانى هاوپه‌یمان، له‌سه‌ر پشتگیرى و هاوکاریکردنى هه‌رێمى کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ و پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق به‌رده‌وام بن.

ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕا ده‌رباره‌ى ڕووداوه‌کان و پێشهاته‌کانى ئێستاى عێراق و پرۆسه‌ى سیاسى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستانى داعش و پرۆسه‌ى ئازادکردنى مووسڵ، هه‌روه‌ها گفتوگۆکردن له‌سه‌ر دوا سه‌ردانى هه‌ردوو سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا، به‌شێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ بوون.


زۆرترین خوێندراو