زیانلێکه‌وتووانى ئه‌نفله‌وه‌نزاى باڵنده‌ قه‌ره‌بووده‌کرێنه‌وه‌

5/19/2015 4:24:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

به‌ مه‌به‌ستى تاووتوێکردنى نه‌خۆشیى ئه‌نفله‌وه‌نزاى باڵنده‌ و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ و گرفتى مریشک فرۆشه‌کان دواى ده‌رکردنى بڕیارى دانانى 2 کیلۆ و قه‌ده‌غه‌کردنى سه‌ربڕین له‌ دوکان و کۆڵانه‌کاندا، پاشنیوه‌ڕۆى  ئه‌مڕۆ  19 ى ئایارى 2015  لیژنه‌ى کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵدارى و ئاودێرى و به‌نداوه‌کان له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ سه‌رۆکایه‌تیى غه‌ریب مسته‌فا جێگرى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ک له‌ گشتیى ڤێته‌رنه‌رى و سامانى ئاژه‌ڵ له‌ وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ کۆبۆوه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا عه‌باس عه‌لى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ڤێته‌رنه‌رى و سامانى ئاژه‌ڵ له‌ وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ، کورته‌یه‌کى سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌کانى حکومه‌ت ‌و وه‌زاره‌ته‌که‌ى بۆ کۆنتڕۆڵکردنى بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشیى ئه‌نفله‌وه‌نزاى باڵنده‌ باسکرد ‌و لیژنه‌ى کشتوکاڵیشى دڵنیا کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ په‌له‌وه‌ره‌کانیان به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ نێویاندا له‌ناو ده‌برێن قه‌ره‌بوو ده‌کرێنه‌وه‌.

 پاشان له‌لایه‌ن لیژنه‌که‌وه‌ کۆمه‌ڵێک پرسیار ئاراسته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ڤێته‌رنه‌رى و سامانى ئاژه‌ڵ سه‌باره‌ت به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشیى ئه‌نفله‌وه‌نزاى باڵنده‌ ‌و کێشه‌کانى مریشک فرۆشه‌کان کرا.
غه‌ریب مسته‌فا جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵدارى و ئاودێرى و به‌نداوه‌کان، سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌که‌، رایگه‌یاند: "نه‌خۆشى ئه‌نفله‌وه‌نزاى باڵنده‌ دواى پشکنینه‌کان له‌ گوندێکى ناوچه‌ى پیره‌مه‌گروون تۆمارکراوه‌ و قه‌ل و قاز و مریشک و پشیله‌ مرداربوونه‌ته‌وه‌ و ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ئه‌نفله‌وه‌نزاى باڵنده‌یه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ نزیکه‌ى 500 ملیۆن دینارى دابین کردووه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى که‌ رووبه‌ڕووى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌بنه‌وه‌ و قه‌ره‌بووى ئه‌و هاووڵاتییانه‌ش ده‌کرێته‌وه‌ که‌ به‌ په‌له‌وه‌ره‌کانیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ له‌ناو ده‌برێن و  زیانیان پێده‌گات، به‌ پێى سیسته‌میش هه‌رچى په‌له‌وه‌ر و مریشکى ئه‌و  شوێنه‌ به‌ یه‌ک کیلۆ مه‌تر له‌ چوارده‌ورى له‌ناو ده‌برێت و به‌ درێژایى سێ کیلۆ مه‌تریش ده‌رمانڕشێن ده‌کرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بڵاونه‌بوونه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌که‌".

وتیشى: "بۆ رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌نفله‌وه‌نزاى  باڵنده‌ بڕیار دراوه‌ ئه‌و سه‌ربڕینه‌ى که‌ له‌ دوکان و کۆڵانه‌کاندا ده‌کرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و نه‌هێڵدرێت، تا ئێستاش هیچ  کێڵگه‌ و پڕۆژه‌ په‌له‌وه‌رێک تووشى  نه‌خۆشیى ئه‌نفلۆزاى باڵنده‌ نه‌بوون".

سه‌رۆکى لیژنه‌ى کشتوکاڵ ئه‌وه‌شى راگه‌یاند: "لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ڵێنیان داوه‌ که‌ دوکانداره‌ مریشک فرۆشه‌کان تووشى زیان نه‌بن ‌و له‌مه‌ودوا له‌ رێگه‌ى کوشتارگه‌کانه‌وه‌ مریشک و په‌رله‌وه‌ر سه‌رببڕدرێت ‌و پاشان به‌ بازاێ‌  بکرێت ‌و خاوه‌ن دوکانه‌کانیش له‌وێوه‌ مریشکى سه‌ربڕدراو به‌ پێى پێویستیى خۆیان بکڕن و بفرۆشنه‌وه‌".


زۆرترین خوێندراو