به‌یاننامه‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ ساڵیادى یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردندا

5/19/2015 4:38:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


به‌بۆنه‌ى ساڵیادى یه‌که‌مین خولى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان که‌له‌ 19ى ئایارى 1992 به‌رێوه‌چوو په‌رله‌مانى کوردستان به‌یاننامه‌یک بڵاو ده‌کاته‌وه‌ ، که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :

به‌بۆنه‌ى ساڵیادى یه‌که‌مین خولى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ 19ى ئایارى 1992جوانترین پیرۆزبایى ئاراسته‌ى گه‌لى کوردستان  و که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێکهاته‌ جیاوازه‌کانى هه‌رێمى کوردستان  ده‌که‌ین. 23 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ به‌ره‌به‌یانێکى زوودا. هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان به‌ ئومێد و خه‌ونێکى گه‌وره‌وه‌، له‌ که‌رنه‌ڤاڵیکى جه‌ماوه‌ریى به‌رفراوان  به‌شداریان له‌یه‌که‌مین پرۆسه‌ى ده‌نگدانى ‌ دیموکراسیانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌رانى گه‌ل کرد. 
 هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌یه‌کى دیموکراسییانه‌ بوو بۆ یه‌کلایکردنه‌وه‌ى ململانێ سیاسییه‌کان له‌ڕێگه‌ى سندوقه‌کانى ده‌نگدانه‌وه‌  بۆ ئاڵوگۆڕیى ئاشتییانه‌ى ده‌سه‌ڵات و پێکه‌وه‌ ژیان. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ یه‌که‌مین هه‌نگاو بوو بۆ دانانى به‌ردى بناغه‌ى ده‌وڵه‌تداریى له‌ هه‌رێمى کوردستاندا.پاشتریش ئه‌نجامه‌کانى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بوویه‌ وێستگه‌ى  دامه‌زراندنى په‌رله‌مان و یه‌که‌مین کابینه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان.

په‌رله‌مانى کوردستان، له‌ ماوه‌ى ٢٣ ساڵى ڕابردوودا، به‌ هه‌وراز و نشێوى جیاوازدا تێپه‌ڕیووه‌، ئێستا بووه‌ته‌ بانێژه‌ى ململانێى دیموکراسییانه‌ى هێز و لایه‌ن و پێکهاته‌ جیاوازه‌کان و ناوه‌ندێکى گرنگى یاسادانان و چاودێریى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن له‌ هه‌رێمى کوردستان. هه‌ر بۆیه‌ له‌م خوله‌دا ده‌مانه‌وێت په‌رله‌مان زیاتر به‌ دامه‌زراوه‌یى بکه‌ین و بیکه‌ینه‌ ماڵێک بۆ هه‌مو هاوڵاتیان، نه‌ک به‌ ته‌نها له‌ باشوور، به‌ڵکو له‌ پارچه‌کانى ترى کوردستان و به‌دووریشى بگرین له‌ هه‌مو جۆره‌ قۆرخکارییه‌ک.

له‌ ئێستادا که‌ یادى ٢٣ ساڵه‌ى یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌که‌ینه‌وه‌، هه‌رێمه‌که‌مان و ناوچه‌که‌ له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاریى گه‌وره‌دایه‌، به‌تایبه‌تیش شه‌ڕى دژ به‌ تیرۆرستانى داعش و ململانێى هێزه‌ گه‌وره‌و هه‌رێمایه‌تییه‌کانى ناوچه‌که‌مان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان و کێشه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا و بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان. هه‌ربۆیه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌ ئه‌وه‌مان لێده‌خوازێت به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى کوردستان و خاکه‌که‌مان له‌سه‌روى هه‌مو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبییه‌کانه‌وه‌ دابنێین و په‌رۆشیمان بۆ پاراستنى کوردستان له‌م ته‌نگه‌ژه‌ گه‌ورانه‌، بخه‌ینه‌ پێش هه‌مو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى تره‌وه‌. به‌ هیواى دوا رۆژێکى گه‌شتر و هه‌نگاونان‌ بۆ به‌دیهێنانى ته‌واوى ئامانجه‌‌‌کانمان.
جارێکى تر ساڵیادى یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ته‌واوى پێکهاته‌کانى کوردستان وکه‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان پیرۆز ده‌که‌ین.

نه‌مرى وسه‌ربه‌رزى بۆ شه‌هیدانى گه‌له‌که‌مان

سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستان
19ى  ئایارى 2015


زۆرترین خوێندراو