سبه‌ى په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ بۆ پڕۆژه‌ بڕیارى دابینکردنى یه‌که‌ى نیشته‌جێبوون بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى له‌جه‌نگى دژى داعشدان ده‌کات

5/19/2015 5:05:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


بڕیاره‌ سبه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان کۆبێته‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ بۆ پڕۆژه‌ بڕیارى دابینکردنى یه‌که‌ى نیشته‌جێبوون بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى که‌ له‌ جه‌نگى دژى تیرۆریستانى داعشدان و خاوه‌نى هیچ یه‌که‌یه‌کى نیشته‌جێبوون نین بکرێت 

به‌پێى حوکمه‌کانى بڕگه‌ (1)ى مادده‌ (20) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ـ عیراق ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو، ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان بڕیاریدا کاتى دانیشتنى ژماره‌ (11)ى خولى به‌هاره‌ له‌ خولــى هه‌ڵبژاردنى چواره‌مى په‌رله‌مان له‌ کاتژمێر (11)ى پێشنــــیوه‌ڕۆى رۆژى چوارشه‌ممه‌ رێکه‌وتى 20 -5-2015  بێت و به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ به‌مشێوه‌یه‌ بێت:

یه‌که‌م: هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى لیژنه‌ى ئاماده‌کردنى پڕۆژه‌ى ده‌ستورى کوردستان ـ عێراق بۆ ڕاپرسی، به‌پێى بڕگه‌ى (یه‌که‌م) له‌ ماده‌ى دووه‌مى یاساى ژماره‌ (4)ى ساڵى 2015 یاساى ئاماده‌کردنى پڕۆژه‌ى ده‌ستوورى کوردستان ـ عێراق بۆ ڕاپرسی.

دووه‌م: گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ یاساى هه‌موارکردنى یاساى بارى که‌سى ژماره‌ 188ى ساڵى 1959، به‌پێى ماده‌کانى (72، 74 و 75) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو.

سێیه‌م: خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ ئه‌م پڕۆژه‌ بڕیار و یاسایانه‌ى خواره‌وه‌، به‌پێى ماده‌ى (71) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو:

1ـ پڕۆژه‌ یاساى پێداچوونه‌وه‌ و رێکخستنه‌وه‌ى خانه‌نشینیى مه‌ده‌نى و سه‌ربازی. 

2ـ پڕۆژه‌ یاساى به‌رکارکردن و هه‌موارى یاساى گرتنى مایه‌ى قاچاغ و قه‌ده‌غه‌کراوى ئاڵوگۆڕِکردن له‌ بازاره‌ نێوخۆییه‌کانى ژماره‌ (18)ى ساڵى 2008ى هه‌موارکراوى عێراقى فیدراڵ. 

3ـ پڕۆژه‌ى یاساى هه‌موارکردنى جێبه‌جێکردنى یاساى جێبه‌جێکردنى عێراق ژماره‌ (45)ى ساڵى 1980.
4ـ پرۆژه‌ یاساى هه‌موارى دووه‌مى  یاساى ژماره‌ (3)ى ساڵى 1998 یاساى کوژاندنه‌وه‌ و ئیفرازکردنى زه‌وییه‌کان له‌ ناو سنوورى شاره‌وانییه‌کاندا. 

5ـ پرۆژه‌ یاساى یه‌که‌م هه‌موارکردنى یاساى ژماره‌ (19)ى ساڵى 2007 یاساى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌.  

6ـ پڕۆژه‌ بڕیارى دابینکردنى یه‌که‌ى نیشته‌جێبوون بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى که‌ له‌ جه‌نگى دژى تیرۆریستانى داعشدان و خاوه‌نى هیچ یه‌که‌یه‌کى نیشته‌جێبوون نین.



زۆرترین خوێندراو