سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆمارى میسرو سه‌رۆکى فه‌له‌ستین کۆده‌بێته‌وه‌

5/22/2015 9:37:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


ڕۆژى هه‌ینى 22 ى ئایارى 2015 به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى  سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌شدارى کرد له‌کۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهانیى له‌ ده‌ریاى مردووى وڵاتى ئۆردۆن . 

له‌ په‌راوێزى ئه‌م کۆڕبه‌نده‌ جیهانییه‌دا سه‌رۆکى هه‌رێم  له‌گه‌ڵ عه‌بدولفه‌تاح سیسى سه‌رۆک کۆمارى میسر و شاندى یاوه‌رى کۆبۆوه‌. له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا باسى بارودۆخى سیاسى و ئه‌منیى ناوچه‌که‌ و هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریستان بۆ سه‌ر ئاساییشى جیهانى و ناوچه‌که‌ کرا. له‌م دیداره‌دا سه‌رۆکى هه‌رێم تیشکى خسته‌ سه‌ر بارودۆخى سیاسى و ئه‌منیى عێراق و ڕووداوه‌کانى پارێزگاى ئه‌نبار و هه‌روه‌ها بارودۆخى مه‌یدانیى به‌ره‌کانى شه‌ێ‌ و سه‌رکه‌وتنه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى له‌به‌رانبه‌ر داعش خسته‌ڕوو. هه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆکى میسر ده‌ستخۆشى له‌ سه‌رۆکى هه‌رێم و گه‌لى کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ کرد و هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ خواست له‌ دژى چه‌کدارانى داعش .

له‌م دیداره‌دا جه‌خت له‌ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى دۆستانه‌ى نێوان گه‌لى میسر و گه‌لى کوردستان کرایه‌وه‌.

هه‌ر له‌ په‌راوێزى ئه‌م کۆڕبه‌نده‌ ڕۆژى هه‌ینى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌گه‌ڵ مه‌حموود عه‌باس سه‌رۆکى فه‌له‌ستین و شاندى یاوه‌رى کۆبۆوه‌. له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆکى فه‌له‌ستین ڕۆشنایى خسته‌ سه‌ر هه‌وڵ و سه‌رکه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تى و دیپلۆماسییه‌کانى فه‌له‌ستین له‌ ئاستى جیهانیدا بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه‌بردنى دۆزى گه‌لى فه‌له‌ستین و باسیشى له‌ بارودۆخى سیاسیى نێوخۆیى فه‌له‌ستین کرد. له‌م دیداره‌دا سه‌رۆکى هه‌رێم باسى له‌ دوایین پێشهاته‌ سیاسى و ئه‌منییه‌کانى عێراق و شه‌ڕى دژى داعش و هه‌روه‌ها سه‌رکه‌وتنه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان کرد. له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ به‌رده‌وامبوون و قووڵکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و فه‌له‌ستین کرده‌وه‌.

هه‌ر هه‌مان ڕۆژ و له‌ په‌راوێزى کۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهانى له‌ ئۆردۆن سه‌رۆکى هه‌رێم  و سه‌لیم جبوورى سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى کۆبوونه‌وه‌. له‌م دیداره‌دا سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق باسى له‌ ئه‌جێنداى ئه‌و سه‌ردانه‌ى کرد که‌ به‌نیازه‌ له‌ داهاتوویه‌کى نزیکدا بۆ ئه‌مه‌ریکا ئه‌نجامى بدات. له‌ به‌شێکى دیکه‌ى ئه‌م دانیشتنه‌دا بارودۆخى سیاسى و ئه‌منیى عێراق به‌ گشتى و بارودۆخى ئه‌نبار و هه‌ڕه‌شه‌ى داعش تاوتوێ کرا.

جێگه‌ى ئاماژه‌پێکردنه‌ ڕۆژى هه‌ینى 22 ى ئایارى  2015 له‌ یه‌که‌م ڕۆژى کۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهانى و له‌ په‌راوێزى ئه‌م کۆڕبه‌نده‌، کۆبوونه‌وه‌یه‌کى  له‌نێوان سه‌رۆکى هه‌رێم و جه‌لاله‌تى شا عه‌بدوڵڵاى پاشاى شانشینى ئۆردۆن به‌ڕێوه‌چوو.


زۆرترین خوێندراو