راگه‌یاندراوى ده‌زگاى کاروبارى شه‌هیدو که‌مئه‌ندامانى (حسدک) له‌رۆژى شه‌هیداندا

6/24/2015 8:27:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


ده‌زگاى کاروبارى شه‌هیدو که‌مئه‌ندامانى حزبى سۆسالیست دیموکراتى کوردستان له‌رۆژى 25 ى حوزه‌یران رۆژى شه‌هیدانى سۆسیالیست راگه‌یاندراوێک بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و تیایدا جه‌خت له‌سه‌ر درێژه‌ پێدانى کاروانىشه‌هیدان ده‌کاته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌  به‌دڵنیاییه‌وه‌ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کان ئاسوده‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ به‌هیچ جۆرێک سازش له‌سه‌ر یه‌ک بست خاکى کوردستان ناکه‌ن و ئاماده‌ن به‌هه‌زاران شه‌هیدى تر ببه‌خشین بۆ سه‌ربه‌خۆى ئازادى کوردستان .

ئه‌مه‌ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یه‌:

 

راگه‌یاندراوى ده‌زگاى کاروبارى شه‌هیدو که‌مئه‌ندامانى حزبى سۆسالیست دیموکراتى کوردستان .

که‌س و کارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان ... 
جه‌ماوه‌رى کوردستان ...

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندیه‌وه‌ خه‌باتى سه‌خت و بێوچانی کردووه‌ له‌پێناو ڕزگارى نیشتمانى گه‌له‌که‌ماندا سه‌ره‌ڕاى سه‌پاندنى شه‌ڕى نابه‌رامبه‌رى و کوشتن و ڕاوه‌ دونان و کیمابارانکردن و زینده‌به‌چاڵکردنى  ڕۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان و وێرانکردن و به‌سوتماکردنى خاکى کوردستان و گرتنه‌به‌رى چه‌ندین شێوازى دڕندانه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمى به‌عس بۆ خامۆشکردنى کوانى خه‌بات و تێکۆشان و به‌مه‌به‌ستى سڕینه‌وه‌ى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وایه‌تى له‌ ناوبردنى هزرى تاک و چه‌ندین سیاسه‌تى ترى قێزه‌ون که‌ له‌مێژوودا وێنه‌یان که‌مه‌ .

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى ئه‌م سیاسه‌تانه‌ى ڕژێمى به‌عس له‌ ساڵى 1976 وه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌و میتۆدێکى نوێ درێژه‌ى به‌خه‌باتى سیاسى و چه‌کدارى خۆیدا و ده‌یان له‌پێشمه‌رگه‌و کادیرو که‌سانى قاڵبووى خه‌بات وتێکۆشانى نارده‌ چیاکانى کوردستان و بڵێسه‌ى خه‌باتى نوێى هه‌ڵگیرساندن و له‌ ماوه‌یه‌کى که‌مدا ده‌یان داستان و نه‌به‌ردى تۆمارکرد .

ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه‌ى ئێستا به‌خوێنى هه‌زران شه‌هیدى پێشمه‌رگه‌و ده‌یان کادیرو سه‌رکرده‌ى حزبى سۆسالیست دیموکراتى کوردستان تۆمار کراوه‌ که‌ له‌ ناویشاندا شه‌هیدى سه‌رکرده‌و دامه‌زرێنه‌رى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان سه‌یدا ساڵح یوسفى له‌ ڕێگاى نامه‌یه‌کى بۆمبڕێژکراوه‌  له‌ به‌روارى 25-6-1981 شه‌هید کراو ئه‌و ڕۆژه‌ش بووه‌ سومبلى ئه‌و هه‌زاران شه‌هیده‌ نه‌مره‌ى که‌ گیانى پاکى خۆیان به‌خشى تاکو ڕۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان به‌ ئازادى و سه‌ربه‌رزى بژێن. 

که‌س و کارى سه‌ر به‌رزى شه‌هیدان 

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ کاتێکدا یادى رۆژى شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کانى ده‌کاته‌وه‌ بارو دۆخى کوردستان به‌ کاتێکى زۆر ناسک و هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و روبه‌ڕوى شه‌ڕێکى داسه‌پاو بۆته‌وه‌ که‌ده‌یانه‌وێت خاکى کوردستان داگیربکه‌ن  ، له‌وپێناوه‌ شدا به‌رامبه‌ر تاقمى (داعش)حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان چه‌ندین شه‌ هیدى سه‌رکرده‌ و فه‌رمانده‌ى به‌خشیه‌ کوردستان ، وه‌ دۆخى سیاسى عێراق به‌ته‌واى تێکچووه‌ نائارامى زۆربه‌ى ناوچه‌کانى عێراقى گرتۆته‌وه‌ ،وه‌ ئێستا له‌هه‌مووکات کورد زیاتر پێویستى به‌یه‌کگوتارى سیاسى هه‌یه‌ بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى هه‌رپیلانێک  که‌ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى کوردستان ببێته‌وه‌ و له‌هه‌مانکاتدا پیشتگیرى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان ده‌که‌ین که‌ ئێستا له‌ سه‌نگه‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى به‌رگریدان له‌خاک و سه‌روه‌رى کوردستان .

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ڕۆژى شه‌هیداندا جه‌خت له‌سه‌ر درێژه‌ پێدانى ئه‌و کاروانه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌سه‌رکرده‌ و پێشمه‌رگه‌ دلێره‌کانى و تێکۆشه‌رانى به‌خوێنى خۆیان به‌ره‌نگارى سیاسه‌تى ئاگر و ئاسنى داگیرکه‌رانى گه‌له‌که‌مان بونه‌وه‌ ئێستاش به‌هه‌مان گیانى پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه‌ به‌رپه‌رچى هه‌رداگیرکاریه‌ک ده‌بیینه‌وه‌ که‌بیانه‌وێت جارێکى تر کوردستان داگیر بکه‌نه‌وه‌ ،به‌دڵنیاییه‌وه‌ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کانمان ئاسوده‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ به‌هیچ جۆرێک سازش له‌سه‌ر یه‌ک بست خاکى کوردستان ناکه‌ین ئاماده‌ین به‌هه‌زاران شه‌هیدى تر ببه‌خشین بۆ سه‌ربه‌خۆى ئازادى کوردستان .

سڵاو بۆگیانى پاکى شه‌هیدانى کورد و کوردستان
 
به‌رزو پیرۆز بیێت 25ى حوزه‌یران 

نه‌مرى و سه‌به‌رزى بۆ شه‌هیدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى ڕێگاى ڕزگارى کوردستان 

ده‌زگاى شه‌هید کارو بارى که‌مئه‌ندانان


زۆرترین خوێندراو