به‌هۆى فێڵ و ساخته‌کارییه‌وه‌ کارگه‌یه‌کى ئاماده‌کردنى خواردن داده‌خرێت

6/29/2015 5:49:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


به‌هۆى فێڵ و ساخته‌کارى له‌ کاتى ئاماده‌کردنى خواردندا له‌ شارى سلێمانى کارگه‌یه‌کى ئاماده‌کردنى خواردن داده‌خرێت و له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رپێچییه‌که‌یدا خاوه‌نه‌که‌ى رووبه‌ڕووى سزاى یاسایى ده‌کرێته‌وه‌ .
 
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29 حوزه‌یرانى 2015, له‌ نزیک فولکه‌ى گۆزه‌کانى شارى سلێمانى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى کارگه‌یه‌کى ئاماده‌کردنى خواردنى ئاماده‌کراویان داخست که‌ به‌پێچه‌وانه‌ى مه‌رج و رێنماییه‌کانه‌وه‌ کارى کرده‌وه‌ , 
له‌و باره‌یه‌وه‌ سامان عومه‌ر سه‌رۆکى لیژنه‌ى ته‌ندروستى و ڤێته‌رنه‌رى له‌ لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند له‌کاتى به‌دواداچون و به‌سه‌رکردنه‌وه‌کانیان لیژنه‌که‌یان له‌ یه‌کێک له‌ کارگه‌کانى ئاماده‌کردنى خواردندا ده‌ستى گرت به‌سه‌ر بڕێکى زۆر خواردندا که‌ به‌شێوه‌یه‌کى ناته‌ندروست ئاماده‌ کراوه‌, ووتیشى پاش پشکنین و به‌دواداچون بۆ جۆر و پێکهاته‌کانى ده‌رکه‌وت ئه‌و خواردنانه‌ى که‌ له‌و کارگه‌یه‌دا ئاماده‌ ده‌کرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک گونجاو نیه‌ بۆ خوردن و له‌ ئه‌گه‌رى به‌ کار هێنانیدا زیانى زۆر به‌ ته‌ندروستى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت ,  راشیگه‌یاند خواردنه‌که‌ هیچ مه‌رجێکى ته‌ندروستى و ڤێته‌رنه‌رى تێدا نیه‌و له‌ کاتى ئاماده‌کردندا فێڵ و ساخته‌کارى کراوه‌ و به‌مه‌به‌ستى زیاد کردنى بڕه‌که‌ى مه‌وادى زیان به‌خشى تێکه‌ڵ کراوه‌.

سه‌رۆکى لیژنه‌ى ته‌ندروستى و ڤێته‌رنه‌رى له‌ لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى راشیگه‌یاند بڕى ئه‌و خواردنه‌ى که‌ له‌ کارگه‌که‌دا  ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌ زیاتر له‌ 600 کیلۆ گرام ده‌بێت که‌ له‌ قیمه‌و جۆره‌کانى ترى خواردن  پێکدێت ,
سامان عومه‌ر ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد له‌سه‌ر فه‌رمانى قائیقمامى سلێمانى بڕیار له‌سه‌ر داخستنى کارگه‌که‌ دراوه‌ تا ئه‌و کاته‌ى پابه‌ند ده‌بێت به‌ جێبه‌جێ کردنى هه‌موو مه‌رج و رێنماییه‌کانه‌وه‌ و هه‌روه‌ها له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رپێچیه‌که‌یدا خاوه‌نه‌که‌ى رووبه‌ڕووى سزاى یاسایى ده‌کرێته‌وه‌ , ووتیشى پاش ده‌ست به‌سه‌راگرتنى هه‌موو بڕه‌ خواردنه‌که‌ له‌ ناوچه‌ى تانجه‌رۆى شارى سلێمانى له‌ ناو برا . 


زۆرترین خوێندراو