په‌یامى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌باره‌ى ڕه‌وشى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستان

6/29/2015 7:23:00 PM
جەماوەر نیوز
    جه‌ماوه‌رنیوز


    سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌په‌یامێکدا داوا له‌ حزبه‌کان ده‌کات ، دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى حزبیى ته‌سک و، به‌ له‌به‌رچاوگرتنى به‌رژه‌وه‌ندیى وڵات و، هه‌روه‌ها ڕه‌چاوکردنى هه‌لومه‌رجى ناسک و هه‌ستیارى ئێستا که‌ وڵات  پێیدا تێده‌په‌ڕێت، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پڕه‌نسیپى ته‌وافوق و سازان. ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ ته‌نیا به‌ سازان، پرسه‌ نیشتیمانى و سه‌ره‌کییه‌کان به‌ پرسى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمیشه‌وه‌ قابیلى چاره‌سه‌رن.

    ئه‌مه‌ده‌قى په‌یامه‌که‌یه‌ :
     

    به‌ناوى خوداى مه‌زن و دلۆڤان

    جه‌ماوه‌رى سه‌ربه‌رزى کوردستان

    سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخى سیاسیى هه‌رێمى کوردستان و پرسى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێم به‌ ئێوه‌ى خۆشه‌ویست ڕاده‌گه‌یێنم که‌، به‌ر له‌ دوو ساڵ، به‌ نامه‌یه‌ک بۆ سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان، داوام لێ کردن که‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌کاندا مه‌سه‌له‌ى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێم به‌ ته‌فاهوم یه‌کلایى بکه‌نه‌وه‌. پێش چه‌ند مانگێکیش هه‌مدیسان له‌گه‌ڵ حزبه‌کان دانیشتم و داوام لێ کردن زوو چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م پرسه‌ بدۆزنه‌وه‌.

    له‌ماوه‌ى ڕابردوودا هه‌موو کاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانم له‌ ڕێگه‌ى ته‌وافوق و ڕاوه‌رگرتن ئه‌نجام داوه‌ و ڕێزیشم له‌ سازان و ڕێککه‌وتنى لایه‌نه‌کان له‌ناو خۆیاندا گرتووه‌ و یارمه‌تیم داون ئه‌و سازانه‌یان شێوه‌یه‌کى یاسایى وه‌ربگرێت. یاساى ژماره‌ 4ـى 2015ـى په‌رله‌مان بۆ ئاماده‌کردنى ده‌ستوور، وێڕاى ئه‌وه‌ى که‌ تێبینیمان له‌سه‌رى هه‌بوو، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیى وڵات و پاراستنى یه‌کڕیزیى گه‌له‌که‌مان ئیمزام کرد. پێشتریش ڕه‌شنووسى پڕۆژه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى کوردستان که‌ به‌ کۆده‌نگیى لایه‌نه‌کان و ده‌نگى 96 په‌رله‌مانتار په‌سه‌ند کرابوو، هه‌ر له‌پێناو سازان و ڕێکه‌وتنى هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و پاراستنى یه‌کڕیزیى گه‌له‌که‌مان نه‌خرایه‌ ریفراندۆم.

    ئه‌وه‌ى رۆژى 23-6-2015 له‌ په‌رله‌مان ڕوویدا، مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر بنه‌ما و پڕه‌نسیپى ته‌وافوق و سازان، ئه‌و بنه‌مایه‌ى که‌ خودى سه‌رۆکایه‌تیى په‌ڕله‌مان و کابینه‌ى هه‌شته‌م له‌سه‌رى دامه‌زراون. ئێستاش، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌ل و وڵاته‌که‌مان داوا له‌ حزبه‌کان ده‌که‌م، دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى حزبیى ته‌سک و، به‌ له‌به‌رچاوگرتنى به‌رژه‌وه‌ندیى وڵات و، هه‌روه‌ها ڕه‌چاوکردنى هه‌لومه‌رجى ناسک و هه‌ستیارى ئێستا که‌ وڵاتمان پێیدا تێده‌په‌ڕێت، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پڕه‌نسیپى ته‌وافوق و سازان. چونکه‌ ته‌نیا به‌ سازان، پرسه‌ نیشتیمانى و سه‌ره‌کییه‌کان به‌ پرسى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمیشه‌وه‌ قابیلى چاره‌سه‌رن.

    کوردستان به‌ره‌و قۆناغێکى زۆر جیاواز و گرنگ ده‌ڕوات. ئه‌مڕۆ زیاتر له‌هه‌موو کات پێویستیمان به‌ یه‌کڕیزیى و‌ رێککه‌وتن و سازانه‌. ئه‌وه‌ى له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ پێویسته‌، من له‌لاى خۆمه‌وه‌ کردوومه‌. ئه‌رکێکى نیشتمانى ده‌که‌وێته‌ سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کان تا پێش 20/8 بگه‌نه‌ ئه‌نجامێک که‌، ده‌توانن به‌ سازان ڕێکبکه‌ون. ئه‌گه‌ریش لایه‌نه‌کان به‌پێى پڕه‌نسیپى ته‌وافوق و سازان نه‌جووڵانه‌وه‌، ئه‌وکات منیش هه‌ڵوێستى خۆم ڕاده‌گه‌یێنم.

    هاوکات، داوا له‌ په‌رله‌مانتاران و حکوومه‌ت و حزبه‌ سیاسییه‌کان ده‌که‌م به‌ قووڵیى بیر له‌ چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانه‌ داراییه‌کان و شه‌ڕى داعش و پرسى ژیان و بژێویى خه‌ڵک، به‌تایبه‌تیى پێشمه‌رگه‌کان بکه‌نه‌وه‌ و بایه‌خى شایسته‌ى پێ بده‌ن.


    مسعود بارزانی
    سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان
    29ـى 6ـى 2015


    زۆرترین خوێندراو