حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان لیژنه‌یه‌ک بۆ وه‌رگرتنى قه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى پێکده‌هێنێت

6/30/2015 9:36:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


ئێواره‌ى دووشه‌ممه‌  29 ى حوزه‌یرانى 2015 ، به‌ سه‌رۆکایه‌تى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کۆبوونه‌وه‌ى ئاسایى خۆى به‌ست.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌ره‌تا سه‌رۆک وه‌زیران له‌ وته‌یه‌کدا باسى له‌ دوا پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌ و په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و کێشه‌کانى نێوان هه‌ردوولا کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌و ئه‌رکانه‌ى جێبه‌جێ کردووه‌ که‌ به‌پێ یاساى بودجه‌ى فیدرالى ساڵى 2015 له‌سه‌ر شانیه‌تی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هێشا به‌غدا به‌ ته‌واوى پابه‌ندى یاساى بوجه‌ى فیدرال نه‌بووه‌ و شایسته‌ داراییه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى وه‌ک له‌ یاساى بودجه‌دا هاتووه‌، نه‌ناردووه‌ له‌ کاتێکدا ڕۆژ دواى ڕۆژ بارى هه‌رێمى کوردستان به‌هۆى شه‌ڕى دژى داعش و هاتنى به‌رده‌وامى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ هه‌رێم و نه‌بوونى بودجه‌ى پێویست بۆ دابینکردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، قورستر ده‌بێت.

 ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و ئاسته‌نگ و کێشانه‌ى ڕووبه‌ڕووى بوونه‌ته‌وه‌ و له‌م نێوه‌نده‌شدا پشتگیرى له‌وه‌ ده‌کات که‌ کێشه‌کانى له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ چاره‌سه‌ر بکات، به‌ڵام گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌کرا ئه‌وا حکوومه‌ت سه‌رپشکه‌ چۆن ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکات به‌پێى یاساى به‌ده‌ستهێنانى شایسته‌ داراییه‌کانى هه‌رێم ژماره‌ 5ى ساڵى 2013 بودجه‌ و مووچه‌ى هه‌رێمى کوردستان دابین بکات.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا نێچیرڤان بارزانى باسى له‌ دانیشتنى 23ى ئه‌م مانگه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان سه‌باره‌ت به‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد که‌ بووه‌ مایه‌ى دروستکردنى نیگه‌رانى و ئاڵۆزى له‌ هه‌رێمى کوردستان و بنه‌ماى سازان پێشێل کرا کاتێک بێ پرس کردن به‌ لایه‌نه‌کانى دیکه‌ و به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنى بارودۆخى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى کوردستان وه‌ها دانیشتنێک ئه‌نجامدرا، به‌ڵام هه‌وڵه‌کان بۆ سازان و له‌یه‌کتر تێگه‌یشتن له‌نێوان سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کان و هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌رده‌وامه‌ به‌ ئامانجى دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێکى گونجاو. ئه‌وه‌شى دووپات کرده‌وه‌ که‌ نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌و هه‌نگاوه‌ى په‌رله‌مان ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر حکوومه‌ت هه‌بێت له‌ ڕۆژى دامه‌زراندنییه‌وه‌ تا ئێستا به‌ ته‌بایى و یه‌کڕیزى کاره‌کانى خۆى ئه‌نجامداوه‌. هیواشى خواست هه‌موو لایه‌نێک وه‌ک کابینه‌ى حکوومه‌ت به‌ ته‌بایى و یه‌کڕیزى کار بکه‌ن.

دواتر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا بابه‌تى وه‌رگرتنى قه‌رز له‌ بانکه‌ جیهانییه‌کان له‌ ژێر ڕۆشنایى یاساى ڕاکێشانى مایه‌ له‌ ڕێگه‌ى قه‌رزکردن له‌لایه‌ن هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ژماره‌ 7ى ساڵى 2015 که‌ له‌ ڕۆژى 25ى ئه‌م مانگه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ى وه‌قائعى کوردستان بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ک له‌ جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زیرانى دارایى و ئابوورى و سامانه‌ سروشتییه‌کان بۆ ئه‌نجومه‌ن خرایه‌ڕوو.

قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ورده‌کارى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ و ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى که‌ له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا له‌گه‌ڵ چه‌ند ناوه‌ندێکى دارایى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌نجامیانداوه‌، بۆ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى باسکرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ نه‌ک ته‌نیا له‌ ڕووى داراییه‌وه‌ ده‌بێته‌ هاوکار بۆ هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵکو له‌ ڕووى سیاسیشه‌وه‌ جێگه‌ و پێگه‌ى هه‌رێمى کوردستان زیاتر به‌هێز ده‌کات و متمانه‌کردن به‌ بازاڕى کوردستان دروست ده‌کات کاتێک که‌ بۆندى هه‌رێمى کوردستان بخرێته‌ بازاڕه‌وه‌ و له‌ هه‌مان کاتدا یه‌کێکه‌ له‌ سه‌رچاوه‌کانى زیادکردنى داهات و هه‌رێمى کوردستان سودى لێ ده‌بینێت و پرۆژه‌ حزمه‌تگوزارییه‌کانى پێ ده‌بوژێنته‌وه‌.

کۆبوونه‌وه‌ پشتگریى له‌و پرۆژه‌یه‌ کرد و بڕیاریدا لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت بۆ جێبه‌جێکردنى یاساى ڕاکێشانى مایه‌ ژماره‌ 7ى ساڵى 2015 پێکبهێرێت له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و یاسایه‌شدا کارى یاسایى پێویست ئه‌نجام بدرێت.

له‌ کۆتاییشدا چه‌ند بابه‌تێکى په‌یوه‌ندیدار به‌ کار و چالاکییه‌کانى وه‌زاره‌ته‌ جیاجیاکانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان خرانه‌ ڕوو و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌مه‌به‌ستى باشتر به‌رێوه‌بردنى کاروباره‌کان بڕیارى پێویستى له‌باره‌وه‌ دان.


زۆرترین خوێندراو