بارزانى : ڕیفراندۆم بڕیارى گه‌لى کوردستانه‌ وله‌کاتى خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێ

9/23/2017 5:22:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







بارزانى ڕایگه‌یاند: ڕیفراندۆم بڕیارى گه‌لى کوردستانه‌ و له‌ده‌ستى هیچ حزب و که‌سێکدا نه‌ماوه‌ و له‌کاتى دیاریکراوى خۆیدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ئه‌م وتانه‌ى بارزانى له‌دیارێکدا هات که‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ٢٣ی ئه‌یلولى٢٠١٧ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز برۆبۆ ئۆبێرت باڵیۆزى فه‌ڕه‌نسا له‌عێراق به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌و دیداره‌دا که‌ دۆمینیک ماس کونسوڵى فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوو، باڵیۆزى فه‌ڕه‌نسا له‌عێراق ڕایگه‌یاند که‌ فه‌ڕه‌نسا دژى خواستى گه‌لى کوردستان نییه‌ و خوازیارن په‌یوه‌ندیى مێژوویى نێوان گه‌لى فه‌ڕه‌نسا و گه‌لى کوردستان په‌ره‌ پێ بدرێت. ڕاشیگه‌یاند که‌ فه‌ڕه‌نسا وه‌ک بنه‌ما دژى ڕیفراندۆمیش نییه‌، به‌ڵام پێمان وایه‌ ئێستا کاته‌که‌ بۆ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له‌بار نییه‌ و ڕه‌نگه‌ کاریگه‌ریى له‌سه‌ر شه‌ڕى دژى داعش بکات.

له‌ به‌رانبه‌ردا بارزانى وێڕاى به‌خێرهێنانى شاندى میوان، جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ بڕیارى ڕیفراندۆم بڕیارى یه‌ک یا دوو حزب نییه‌ و بڕیارى گه‌لى کوردستانه‌ به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه‌ و بڕیارى په‌رله‌مانى کوردستانیشه‌ و ئێستاش کاتى ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ باس له‌ دواخستنى بکرێت و بڕیاره‌که‌ش له‌ ده‌ست هیچ حزبێک و هیچ که‌سێکدا نییه‌ و ڕیفراندۆم له‌ کاتى خۆیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بارزانى به‌ وردى ئه‌و هۆکارانه‌شى ڕوون کرده‌وه‌ که‌ بوونه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى گه‌لى کوردستان هیچ ئومێدێکى به‌ پێکه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌مێنێت و بڕیارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم بدات. ته‌ئکیدیشى کرده‌وه‌ که‌ گه‌لى کوردستان ڕۆژى ٢٥ ی ئه‌یلولى ٢٠١٧ ده‌چنه‌ سه‌ر سندوقى ده‌نگدان و ڕاى خۆیان به‌ جیهان ڕاده‌گه‌یه‌نن. سه‌باره‌ت به‌ داواکاریى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییش بۆ ئه‌نجامدانى دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا،  ووتى : ئێمه‌ هیچ کاتێک ده‌رگاى گفتوگۆمان دانه‌خستووه‌ و ئه‌مڕۆش شاندێک چوونه‌ته‌ به‌غدا تا بابه‌ته‌که‌ زیاتر بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى عێراق ڕوون بکه‌نه‌وه‌ و له‌ دواى ئه‌وه‌ش ده‌رگاى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا کراوه‌یه‌ و ئاماده‌ین به‌ ئه‌جێندایه‌کى کراوه‌ و دڵێکى کراوه‌ له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌ته‌کانى وه‌ک سنوور، نه‌وت، ئاو، غاز و هه‌ر بابه‌تێکى دیکه‌ که‌ پێویست بێت گفتوگۆ بکه‌ین تا به‌ ڕێگه‌یه‌کى ئاشتییانه‌ و لێکتێگه‌یشتن ببینه‌ دوو دراوسێى باش.


زۆرترین خوێندراو