4
7 نێچیرڤان بارزانى: حکومه‌تى عیراق پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوور ڕه‌فتار ده‌کات
14/11/2017
Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز








دواى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13ى تشرینى دووه‌مى 2017 ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌ و چه‌ند پرسێکى دیکه‌ى په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌که‌ى خسته‌ ڕوو.

سه‌ره‌تا له‌ وته‌یه‌کدا وتی: "هه‌روه‌ک ئاگادارن دوێنێ شه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ک به‌ هێزى 7.3 پله‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌ربه‌ندیخان و هه‌موو هه‌رێمى کوردستانى گرته‌وه‌، لێره‌وه‌ سه‌ره‌خۆشیى خۆم ئاراسته‌ى که‌سوکارى هه‌موو قوربانیانى ئه‌و کاره‌ساته‌ ده‌که‌م و هیواى چاکبوونه‌وه‌ش بۆ برینداران ده‌خوازم. ئێمه‌ هه‌ر له‌ دوێنێ شه‌وه‌وه‌ په‌یوه‌ندیى ته‌له‌فۆنیمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پارێزگارى سلێمانى به‌وه‌کاله‌ت و قایمه‌قامى ده‌ربه‌ندیخان و به‌رپرسى ئیداره‌ى گه‌رمیان کردووه‌ و له‌سه‌ر هێڵ بووین له‌گه‌ڵیان. به‌پێى ئه‌و ئاماره‌ى به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه‌ و ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌مانه،‌ تا ئێستا (7) که‌س شه‌هید بوون و ژماره‌یه‌کى دیکه‌ش بریندار بوون و هه‌ندێکى دیکه‌ش تووشى شۆک بوون. ئێمه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ بڕیارى ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ لیژنه‌یه‌ک بنێرین بۆ ئه‌و سنوورانه‌ تاکو دۆخه‌که‌ هه‌ڵسه‌نگێنێت، ئه‌وه‌ى بۆمان بکرێ له‌و کاره‌ساته‌ى که‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکدا هاتووه‌، حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان درێغى ناکات. هه‌ر له‌ دوێنى شه‌وه‌وه‌ و له‌ کاتى ڕوودانى ئه‌و کاره‌ساته‌، به‌ سوپاسه‌وه‌ نووسینگه‌ى به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمارى تورکیا و به‌ڕێز کونسوڵه‌که‌یان له‌ هه‌ولێر و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌یان‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ کردووین و ده‌ستبه‌جێ هاوکارییان ناردووه. دوێنێ شه‌و له‌ ڕێگه‌ى خاڵى سنووریى ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ هاوکارییان ناردووه‌ و فڕۆکه‌یه‌کیشیان بۆ سلێمانى ناردووه‌ تاکو هاوکارى خه‌ڵکه‌ لێقه‌وماوه‌که‌ بکه‌ن".


هه‌روه‌ها وتى: "ده‌مه‌وێ لێره‌وه‌ سوپاسى خۆم ئاراسته‌ى ده‌زگا‌ى (ئافاد)ى تورکى و نووسینگه‌ى به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمار و جه‌نابى سه‌رۆک کۆمارى تورکیا بکه‌م، هه‌ر ئه‌وه‌ له‌وان چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که‌ له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌کاندا یارمه‌تیى هه‌رێمى کوردستانیان داوه‌ و به‌ سوپاسه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ هه‌ر له‌ ساته‌ سه‌ره‌تاییه‌کانى دروستبوونى ئه‌و ڕووداوه‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ بڕیارى خۆیان بۆ هاوکارى و یارمه‌تیدانى لێقه‌وماوان جێبه‌جێ کرد. ده‌مه‌وێ سوپاسى ده‌زگاکانى کارگێڕیى پارێزگاى سلێمانى و گه‌رمیان بکه‌م که‌ له‌ دوێنێ شه‌وه‌وه‌ پۆلیس، ئاسایش، فریاکه‌وتن و هه‌موو ده‌زگاکانى دیکه‌ به‌یه‌که‌وه‌ به‌ره‌و شوێنه‌ لێقه‌وماوه‌کان چوون و ده‌ستیان به‌ خزمه‌تکردنى هاووڵاتیانى لێقه‌وماوى هه‌رێمى کوردستان کردووه‌".

له‌ به‌رده‌وامیى وته‌که‌یدا تیشکى خسته‌ سه‌ر ڕه‌شنووسى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى عیراق و ڕایگه‌یاند "حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان تێبینییه‌کانى خۆى له‌سه‌ر ڕه‌شنووسى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى عیراق بۆ به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراق ناردووه‌ و ئه‌و شوێنانه‌ى که‌ پێمان وابووه‌ کێشه‌ن بۆ بابه‌تى بودجه‌ و یاسایى و ده‌ستوورى نین، هه‌موومان خستۆته‌ ڕوو و به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانمان دووپات کردۆته‌وه‌ به‌پێى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ى که‌ پێشتر هه‌مانبووه‌ که‌ له‌ سه‌دا حه‌ڤده‌یه‌ و به‌ فه‌رمى بۆمان ناردوون و تا ئێستا وه‌ڵاممان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه"‌‌.

سه‌باره‌ت به‌ که‌مکردنه‌وه‌ى به‌شه‌ ده‌رمانى هه‌رێمى کوردستانیش، سه‌رۆکى حکومه‌ت  ووتی: "به‌داخه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌ک له‌ ناردنى ده‌رمان بۆ هه‌رێمى کوردستان کێشه‌ دروست بووه‌ که‌ ئه‌مه‌ شتێکه‌ یه‌کجار زۆر پێویسته‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، چونکه‌ خۆتان ده‌زانن جگه‌ له‌ هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان، نزیکه‌ى ملیۆنێک و چوارسه‌د تا پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌رى سووریا له‌ هه‌رێمى کوردستاندا هه‌ن که‌ نه‌ناردنى ده‌رمان کێشه‌کان بۆ هه‌رێمى کوردستان زیاتر ده‌کات".

سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌کان له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: "له‌ ڕووى سه‌بازییه‌وه‌ تا ئێستا هیچ جموجۆڵێکى سه‌ربازى له‌ هێڵى به‌ریه‌ککه‌وتن نییه‌ و وه‌ک هه‌رێمى کوردستان پێشتر گوتوومانه‌ و جه‌ختیش ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ دیالۆگێکى ڕێکوپێک له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عیراق به‌ چاره‌سه‌ر بۆ هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ ده‌زانین که‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ن".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا ده‌رباره‌ى په‌یامى هه‌رێمى کوردستان بۆ ده‌ستپێکردنى گفتوگۆ و دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا و وه‌ڵامى به‌غدا بۆ ئه‌و داوایه‌ى هه‌رێمى کوردستان، به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیران ئاشکراى کرد: "تا ئێستا وه‌ڵامى ئه‌و داوایه‌ى ئێمه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌، هه‌ڵوێستى ئێمه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ و دووپاتیشى ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عیراق کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن".

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانى شاندێکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ لاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و واده‌ى ئه‌و سه‌ردانه‌ و دابینکردنى سووته‌مه‌نى بۆ هاووڵاتیان بۆ وه‌رزى زستان، نێچرڤان بارزانى ووتی: "به‌هۆى ئه‌وه‌ى سه‌رکرده‌کانى هه‌ندێک له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان لێره‌ نه‌بوون، بۆیه‌ سه‌ردانه‌که‌ دواخرا، له‌گه‌ڵ جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى بڕیارمان داوه‌ له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وانه‌ى ئه‌و سه‌رکردانه‌ ده‌ست به‌ سه‌ردانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بکه‌ین و دواتر دۆخه‌که‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنین که‌ چۆن به‌یه‌که‌وه‌ کار بکه‌ین و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین دوا واده‌ى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى کوردستان دیارى بکه‌ین. ده‌رباره‌ى دابینکردنى سووته‌مه‌نی، ئیمکانیاتى ئێمه‌ سنوورداره‌ له‌م ڕووه‌وه‌ و له‌ هه‌وڵه‌کانیشمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌م کێشه‌یه‌".

ده‌رباره‌ى پرسى سه‌ردانى شاندى حکوومه‌ت بۆ لاى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و وه‌رگرتنى خاڵه‌ ئه‌رێنییه‌کانى پاکێجه‌که‌یان و دانه‌وه‌ى قه‌رزى دانه‌ غاز له‌لایه‌ن کۆمپانیاى ڕۆسنه‌فته‌وه‌، سه‌رۆک وه‌زیران ووتی: "نازانم پاکێجى گۆڕان چییه‌ و نه‌مدیوه‌، حکوومه‌تى ئێستا خۆى کاتییه، هه‌شت مانگ ماوه‌ى کارى په‌رله‌مان درێژکراوه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت و هه‌ر بۆچوونێک و دیدگایه‌ک که‌ بتوانێت یارمه‌تیى دۆخى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان بدات، لێکۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌که‌ین و ئاماده‌ین گوێ له‌ هه‌موو بیروبۆچوونه‌کان بگرین. بڕیار وایه‌ وه‌ک پارتى دیموکراتى کوردستان سه‌ردانى گۆڕان بکرێت و ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیش نه‌کرابێت، ئه‌وا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌کرێته‌وه‌ و وه‌کو دوو حزب له‌گه‌ڵ یه‌کترى داده‌نیشن. سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تى دانا غاز، ئێمه‌ کێشه‌یه‌کمان له‌گه‌ڵ دانا غاز هه‌بوو و له‌ له‌نده‌ن چوو بۆ دادگا و دواتر له‌گه‌ڵیان ڕێککه‌وتین و کێشه‌کان چاره‌سه‌ر کرا و بێگومان کۆمپانیاى ڕۆسنه‌فتیش بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشانه‌ له‌گه‌ڵ دانا غاز، یارمه‌تیده‌ر بوو".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکى دیکه‌دا ده‌رباره‌ى بڕیارى دادگاى فیدرالى عیراق که‌ ڕیفراندۆمى هه‌رێمى کوردستانى به‌ ناده‌ستوورى ناساندووه‌ و پڕۆژه‌یاساى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا بۆ ته‌رخانکردنى بودجه‌یه‌ک بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ و ناونه‌هاتنى پێشمه‌رگه‌ له‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى عیراق و دوا زانیارى له‌سه‌ر ڕه‌وشى به‌ڕێز کۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لى جێگرى یه‌که‌مى سکرتێرى گشتیى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان،  ووتی: "زۆر به‌ وردى ئه‌و بڕیاره‌ى دادگاى فیدراڵیمان تاوتوێ کردووه‌ و له‌م نزیکانه‌ وه‌ک حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆچوونى خۆمان به‌ فه‌رمى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌رده‌بڕین. ئێمه‌ پێشتر ڕێککه‌وتنێمکان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مه‌ریکا هه‌یه‌ که‌ ئه‌وان هه‌ندێک یارمه‌تییان به‌ پێشمه‌رگه‌ داوه‌ و ئه‌و گرێبه‌سته‌ى که‌ کراوه‌ ته‌واو بووه‌ و ئێستا خه‌ریکین ئه‌و گرێبه‌سته‌یان له‌گه‌ڵ نوێ بکه‌ینه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانى هێزى پێشمه‌رگه‌ و به‌ سوپاسه‌وه‌ له‌ کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکاش ئه‌وه‌ ڕه‌چاو کراوه. بێگومان پێشمه‌رگه‌ وه‌ک به‌شێک له‌ سیسته‌مى به‌رگریى عیراق پێویستى به‌و هاوکارییه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌تى له‌ پرسى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستان له‌ عیراق و هه‌رێمى کوردستاندا. به‌ بیستى هه‌واڵى نه‌خۆشکه‌وتنى کاک کۆسره‌ت زۆر نیگه‌ران و خه‌مبار بووین و ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر خه‌تین له‌گه‌ڵ پزیشکه‌کانى و کاک ده‌ربازى کوڕی، ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ پێمان گه‌یشتووه‌ سوپاس بۆ خوا ته‌ندروستى به‌ڕێزیان به‌ره‌و جێگیربوون و باشتربوون ده‌ڕوات و هیوادارین به‌ خێر و خۆشى بارى ته‌ندروستیى ئاسایى ببێته‌وه‌ و ده‌ست به‌ کاره‌کانى خۆى بکاته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ تواناکانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ دابینکردنى مووچه‌ ئه‌گه‌ر حکوومه‌تى عیراق به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان وه‌ک خۆى نه‌نێرێت و ده‌نگۆى ئه‌وه‌ى که‌ به‌ڕێزیان به‌ سه‌رۆکایه‌تیى شاندێک سه‌ردانى به‌غدا بکه‌ن، نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند: "پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى عیراق تا ئێستا هه‌ر ڕه‌شنووسه‌ و خراپترین ڕوشنووسى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى عیراقه‌ و ئه‌و ته‌عریف و ده‌سته‌واژانه‌ى له‌ناویاندا به‌کار هاتوون بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى قه‌واره‌ى سیاسیى هه‌رێمى کوردستان به‌ ته‌واوه‌تییه‌، له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌ڵوێستى ئێمه‌ ڕوون و ئاشکرایه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌ستوورێکمان هه‌یه‌ و پێناسه‌ى قه‌واره‌ى سیاسیى هه‌رێمى کوردستانى وه‌ک حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ و هه‌ڵوێستى پارێزگاکانى هه‌رێمیش زۆر ڕوون بووه‌ که‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان یه‌ک ده‌نگن و دووپاتى ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ پێویسته‌ ئه‌و قه‌واره‌یه‌ بپارێزرێت‌. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه‌ ڕێککه‌وتنێک، ئه‌وه‌ى که‌ له‌ یاساى بوجه‌ى عیراقدا هاتووه‌ و ئه‌وه‌ى که‌ دایانناوه‌ و ئه‌و زوڵمه‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستانیان کردووه‌، به‌شى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى یه‌ک پارێزگاش ناکات، پێشتر گوتوومه‌ و ئێستاش دووپاتى ده‌که‌مه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌غدا به‌ ڕاستى ئاماده‌ بێ و مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ بێت مووچه‌ بدات، سیستمێکى بایۆمه‌تریى زۆر ڕێکوپێکمان هه‌یه‌ و هه‌رچى مووچه‌خۆرانى کوردستان هه‌یه‌ له‌و سیسته‌مه‌دا جێگیر کراون، گه‌ر به‌غدا بیه‌وێت مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان بدات، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ قبووڵى ده‌که‌ین و ده‌شمانه‌وێت ئه‌وه‌ بکرێت، به‌ڵام به‌غدا ئێستا دوولایه‌نه‌ کار ده‌کات، له‌لایه‌که‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌ خه‌ڵک بڵێت مووچه‌تان بۆ دابین ده‌که‌م که‌ نایکات و ڕاست نییه‌، له‌لایه‌کى دیکه‌شه‌وه‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌یه‌ک ده‌نێرێت بۆ په‌ر‌له‌مان که‌ نه‌ک ته‌نها ناتوانێت مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان دابین بکات، به‌ڵکو ده‌یه‌وێت به‌ به‌کارهێنانى هه‌ندێک ده‌سته‌واژه‌ قه‌واره‌ى سیاسیى هه‌رێمى کوردستانیش که‌ به‌پێى ده‌ستوور دانپێدانراوه‌، تێکى بدات و ئه‌مه‌ ڕوونه‌ که‌ نایه‌وێت ئه‌م شته‌ جێبه‌جى بکات، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ وه‌کو حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دیسان ده‌یڵێینه‌وه‌ ئاماده‌ین و بایۆمه‌تریمان کردووه‌ و بابێن وردبینى له‌ ناوه‌کانیشدا بکه‌ن و ئاماده‌ ‌بن ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بکه‌ن. سه‌باره‌ت به‌ چوونى شاندێکى حکوومه‌تى هه‌رێم بۆ به‌غدا، نه‌خێر تا ئێستا واده‌یه‌ک بۆ چوونى ئه‌و شانده‌ دیارى نه‌کراوه‌، به‌ڵام هه‌ڵوێستى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بکرێن و ئاماده‌ین وه‌ک هه‌رێمى کوردستان گفتوگۆیه‌کى بونیاتنه‌رانه‌ و ڕێکوپێک دروست بکه‌ین و له‌گه‌ڵ به‌غدا بکه‌وینه‌ گفتوگۆیه‌کى زۆر زۆر جددى بۆ هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ى که‌ هه‌یه‌ و له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا چاره‌سه‌ریان بکه‌ین، ئه‌م خواسته‌ لاى ئێمه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نى به‌رامبه‌ر ئه‌و خواسته‌ى هه‌بێت".


ده‌رباره‌ى ده‌نگۆى هه‌وڵى سه‌ردانیان بۆ تورکیا و هاوکارییه‌کانى حکوومه‌تى عیراق بۆ لێقه‌وماوانى بوومه‌له‌رزه‌ و سه‌ردانى تیمه‌ ته‌کنیکییه‌کانى هه‌رێم بۆ به‌غدا و ده‌نگۆى پێدانى ملیارێک دۆلار له‌لایه‌ن ڕۆسنه‌فته‌وه‌ به‌ هه‌رێمى کوردستان و به‌رده‌وامیى دابه‌شکردنى مووچه‌ له‌ مانگه‌کانى داهاتوودا، ووتی: "مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان هى ئه‌و مانگه‌ و مانگێکى دیکه‌ش دابه‌ش ده‌کرێت و ئێستا ئه‌گه‌ر هى ئه‌و مانگه‌ ته‌واو بوو ده‌ست به‌ دابه‌شکردنى مووچه‌ى مانگێکى دیکه‌ش ده‌که‌ین. ئایا ڕۆسنه‌فت ملیارێک دۆلارى به‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان داوه‌؟ نه‌خێر شتى وا نه‌بووه‌، به‌ڵکو به‌پێى ڕێککه‌وتنێک که‌ پێشتر ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌مانبووه‌ هه‌ندێک پاره‌ى به‌ هه‌رێمى کوردستان داوه‌ و هیچ پاره‌یه‌کى دیکه‌ى به‌ هه‌رێمى کوردستان نه‌داوه‌. سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تى تورکیا، تورکیا دراوسێى ئێمه‌یه‌، هه‌وڵه‌کانمان هه‌میشه‌ وابووه‌ که‌ خواستمان بووه‌ سه‌ردانى وڵاتانى دراوسێ بکه‌ین و په‌یوه‌ندییه‌کى باشمان له‌گه‌ڵیان هه‌بێت، بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ بڕه‌خسێ بۆ سه‌ردانى تورکیا، ئێمه‌ پێمانخۆش ده‌بێت و ئاماده‌ین سه‌ردانى تورکیا بکه‌ین، به‌ڵام هیچ هه‌وڵێکى وا نییه‌ که‌ بڵێیت شکستى هێناوه‌ به‌و شێوه‌یه‌ى که‌ جه‌نابت باسى ده‌که‌ی، پێمانخۆشه‌ سه‌ردان بکه‌ین و ئه‌گه‌ر بکرێت ده‌چین. سه‌باره‌ت به‌ هاوکارییه‌کانى به‌غدا بۆ لێقه‌وماوانى بوومه‌له‌رزه‌، به‌ڕێز وه‌زیرى ته‌ندروستیى عیراق په‌یوه‌ندى به‌ به‌ڕێز وه‌زیرى ته‌ندروستیى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ کردووه‌ و داواى لیستى بریندار و زیانه‌کانى کردووه‌ و هاوکارییه‌کانى به‌غدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بووه‌. پێویسته‌ کێشه‌کان له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عیراق چاره‌سه‌ر بکرێن، که‌ باسى سه‌ردانى تیمى ته‌کنیکى ده‌کرێت، ئه‌و تیمانه‌ن که‌ شاره‌زاییان هه‌یه‌ و پێویستیمان به‌ تیمى یاسایى و دارایى هه‌یه‌ و ئه‌مانه‌ن که‌ ده‌بێت گفتوگۆى جددى له‌گه‌ل هاوبه‌شه‌کانیان له‌ به‌غدا بکه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆى سه‌ردانى شاندێکى حکوومه‌تى عیراق بۆ وردبینیکردنى لیستى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان بۆ هه‌ولێر و بوونى بندیوار له‌ سیستمى بایۆمه‌تریدا و داخستنى سه‌رجه‌م خاڵه‌ سنوورییه‌کان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ و کردنه‌وه‌ى ته‌نیا خاڵى سنوورى باشماخ، ئاشکراى کرد: "سه‌باره‌ت به‌ بوونى بندیوار له‌ لیستى بایۆمه‌تریدا، ئه‌مه‌یان وا نییه‌ و ئێستا وردبینى له‌ ناوه‌کانى ناو ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌کرێت. سیستمى بایۆمه‌ترى پڕۆژه‌یه‌کى چاکسازیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌ و به‌رده‌وام وردبینى له‌ ناوه‌کاندا ده‌کرێت، من ناتوانم ژماره‌ى کۆتایى بڵێم چونکه‌ تا ئێستا دیار نییه،‌ به‌ڵام پڕۆژه‌یه‌کى وردبینى ده‌ستپێکراوه‌ و ئه‌و ناوانه‌ى زیاده‌ن یان که‌من دیارى ده‌کرێن. ژماره‌یه‌ک له‌سه‌ر خانه‌نشینان بڵاو کرایه‌وه‌ که‌ هیچ بنه‌مایه‌کى بۆ نییه‌ که‌ گوایه‌ ئێمه‌ 200 هه‌زار خانه‌نشینى بندیوارمان هه‌یه‌، هه‌موو خانه‌نشینانى کوردستان 240 هه‌زار که‌سن و له‌وه‌ تێناپه‌ڕێت، هیچ شاندێکى به‌غداش بۆ وردبینى لێره‌ نین. سه‌باره‌ت به‌ کردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌کانیش ده‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ له‌ کۆمارى ئیسلامیى ئێران بکه‌ن که‌ ئێستا تاکه‌ ده‌روازه‌ى که‌ کراوه‌ته‌وه‌ ده‌روازه‌ى سنوورى باشماخه‌، له‌ ئه‌نجامى ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ى خۆم له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران هه‌مه‌، ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌کى مه‌بده‌ئى ڕه‌زامه‌ندییان ده‌ربڕیوه‌ خاڵه‌ سنووره‌ییه‌کانى دیکه‌ش بکه‌نه‌وه‌ و ئێمه‌ چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ین ده‌روازه‌کان بکرێنه‌وه‌، چونکه‌ پێمان وایه‌ کردنه‌وه‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى خودى ئێران و هه‌رێمى کوردستاندایه‌ و چاوه‌ڕێى بڕیاری کۆمارى ئیسلامیى ئێرانین و له‌سه‌ر هێڵین و به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیان بۆ کردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌کان و هیوادارین له‌ ماوه‌یه‌کى کورتدا بکرێنه‌وه‌".

ده‌رباره‌ى هه‌وڵه‌کانى ئه‌مه‌ریکا بۆ لێک نزیککردنه‌وه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا و گۆڕانى هه‌ڵوێستى حکوومه‌تى به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمى کوردستان و چالاککردنه‌وه‌ى نووسینگه‌ى هه‌ماهه‌نگیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ به‌غدا و بێده‌نگیى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى و حکوومه‌تى هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌کانى به‌غدا بۆ قه‌ده‌غه‌کردنى کار و چالاکیى چه‌ند ده‌زگایه‌کى میدیایی، نێچیرڤان بارزانى ووتی: "سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى به‌غدا که‌ ڕایانگه‌یاندوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ مافێکى ده‌ستووریى ئێمه‌یه‌ و ده‌ستوورى عیراق به‌و شێوه‌یه‌ پێناسه‌ى هه‌رێمى کوردستانى کردووه‌ و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ پارێزگاکان کارێکى ده‌ستوورى نییه‌ و سیاسه‌ته‌ ڕاست و دروسته‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر ئه‌و کارانه‌ى ئێستا ئه‌وان ده‌یکه‌ن، سێ نموونه‌تان بۆ ده‌هێنمه‌وه‌ که‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و قسانه‌ن. یه‌که‌میان له‌ ڕه‌شنووسى یاساى بودجه‌ى عیراقدا و ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ى که‌ به‌کار هاتووه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌یه. دووهه‌م لادانى ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ى که‌ پێشتر له‌ ده‌سته‌ى ڕاگه‌یاندنى عیراق هه‌بووه‌ که‌ گوتوویانه‌ سێ پارێزگاکه،‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى ده‌ستووره‌ چونکه‌ هه‌رێمى کوردستان یه‌ک قه‌واره‌ى سیاسییه‌. سێیه‌م گشتاندندێک له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عیراق ده‌رچووه‌ بۆ هه‌ر که‌سێک بیه‌وێ بچێت بۆ مۆڵه‌ت ده‌بێت بنووسێت ده‌چێت بۆ کام پارێزگا، نابێت بنووسرێت بۆ هه‌رێمى کوردستان ده‌چێت!، ئه‌مانه‌ هه‌مووى خۆى پێچه‌وانه‌ى ئه‌م قسانه‌یه‌ که‌ چۆن ڕێز له‌و ده‌ستووره‌ ده‌گرن و پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕێز بۆ ئه‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌ داده‌نێن که‌ پێى ده‌ڵێن هه‌رێمى کوردستانى عیراق. به‌داخه‌وه‌ سیاسه‌تى ئێستا مه‌سه‌له‌ نه‌ ڕیفراندۆمه‌ و نه‌ هیچ، ئه‌و سیاسه‌ته‌ى که‌ ئێستا ئێمه‌ ده‌یبینین هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى قه‌واره‌ى سیاسیى هه‌رێمى کوردستانه‌، ئه‌مه‌یان ترسناکه‌ و ته‌نیا بۆ حزبێکى سیاسیش نییه‌، به‌ڵکو بۆ هه‌موو هه‌رێمى کوردستانه‌ به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه‌، هیوادارین و داوا ده‌که‌ین و پێمان وایه‌ و دووپاتیشى ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ده‌بێت کێشه‌کانى ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بکرێن که‌ گه‌لى عیراق ده‌نگیان پێداوه‌، ده‌مانه‌وێت گفتوگۆیه‌کى جددى له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بکه‌ین و ئه‌وه‌ش له‌ به‌غدا چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین پابه‌ندى ئه‌و ده‌ستووره‌ بێت و جێبه‌جێ بکات. زۆر بڕیارى که‌ ده‌رده‌کرێن ناده‌ستوورین، زۆر له‌و بڕیارانه‌ى له‌ په‌رله‌مانى عیراق دژى هه‌رێمى کوردستان ده‌رکراون، ناده‌ستوورین و ده‌ستوور ڕێگه‌ نادات به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا بکرێت، کاتێک باسى ده‌ستوور ده‌که‌ن بۆ ئه‌و ماددانه‌‌یه‌ که‌ له‌ به‌رژوه‌ندیى خۆیاندایه، ئه‌گه‌ر له‌ به‌رژوه‌ندیى خۆیاندا نه‌بێت باسى ده‌ستوور ناکرێت، ده‌بێت هه‌موو مادده‌ ده‌ستوورییه‌کان وه‌ک خۆى ببینرێن. سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌کانى ئه‌مه‌ریکاش، به‌ سوپاسه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ى که‌ ئێستا ده‌رباره‌ى ده‌ستپێکردنى گفتوگۆ هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئه‌و کاته‌ى ئێمه‌ قسه‌ى تێدا ده‌که‌ین هیچ واده‌یه‌ک بۆ ده‌ستپێکردنى گفتوگۆ دیار نییه‌. ئه‌گه‌ر دانوستانى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستپێبکاته‌وه‌، ئه‌و نووسینگه‌یه‌ى له‌ به‌غدا هه‌مانه‌ ده‌بێت گرنگى پێبدرێت و زۆر چالاکتر ببێته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌کردنى کارى چه‌ند ده‌زگایه‌کى میدیاییش، ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌وه‌ کارێکى دروست نییه‌ و هیوادارین ئه‌م بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بکرێت".

ده‌رباره‌ى قه‌یرانى ده‌رمان و هه‌وڵى حکوومه‌تى هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشه‌یه‌ و پرسى مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌ ئه‌گه‌ر له‌ نه‌فه‌قاتى سیادیى عیراق نه‌درا ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ پێمانوایه‌ به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ بودجه‌ى عیراق سه‌دا حه‌ڤده‌یه‌ و له‌ ده‌ستووریشدا هاتووه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شێکه‌ له‌ سیسته‌میى به‌رگریى عیراق و شه‌ڕى داعشیش باشترین نموونه‌یه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ هاوکاریى سوپاى عیراق به‌یه‌که‌وه‌ کارێکى زۆر جددییان کرد بۆ به‌رگریکردن له‌ عیراق به‌گشتی، گه‌ر ئه‌و یارمه‌تییه‌ى پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌ زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بوو سوپاى عیراق بتوانێت بچێته‌ ناو مووسڵ، ئه‌مانه‌ هه‌مووى ئه‌وه‌ پیشان ده‌ده‌ن که‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شێکه‌ له‌ سیستمى به‌رگریى عیراق و به‌غداش ده‌بێت به‌پێى ده‌ستوور مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا بکات. به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان سه‌دا دوازده‌ نییه‌ و به‌پێى ڕێککه‌وتنێکى سیاسیى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ سه‌دا حه‌ڤده‌یه.‌ کاتى خۆى به‌ ئاماده‌بوونى خوالێخۆشبوو سه‌رۆک مام جه‌لال له‌گه‌ڵ وه‌زیرى داراییى عیراق که‌ خۆشم له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ ئاماده‌ ‌بووم، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ سه‌دا حه‌ڤده‌‌ دیارى کرا، ئه‌گه‌ر سه‌رژمێرى له‌ عیراق کرا ئه‌و کاته‌ هه‌رێمى کوردستان چه‌نده‌ با ئه‌وه‌نده‌ دیارى بکرێت، تا سه‌رژمێرى ده‌کرێت له‌ هه‌رێمى کوردستان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و حه‌ڤده‌ له‌سه‌ده‌ درا، ئێمه‌ داواى بیست و سێ له‌ سه‌دمان ده‌کرد و ئه‌وان ده‌یانگوت ئه‌وه‌ زۆره‌ و هاتین له‌سه‌ر ژماره‌ى حه‌ڤده‌ له‌سه‌د ڕێککه‌وتین تا ئه‌و کاته‌ى سه‌رژمێرى له‌ عیراق ده‌کرێت و که‌ ئه‌وه‌ش کرا ئێمه‌ لاریمان نییه‌ چه‌ند داده‌نێن، ده‌بێت عیراق پابه‌ندى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ بێت و ئه‌گه‌ر سه‌رژمێرى کرا به‌شى ئێمه‌ زیاتر یان که‌متر ببێت کێشه‌یه‌کمان نابێت، به‌ڵام تا ئه‌و کاته‌ ده‌بێت ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ جێبه‌جێ بکرێت. سه‌باره‌ت به‌ ده‌رمان ناڵێین که‌ ئه‌وان هیچیان نه‌ناردووه‌، ئێمه‌ ده‌ڵێین که‌میان کردۆته‌وه‌، له‌سه‌ر هێڵین له‌گه‌ڵیان بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین و ئێمه‌ پێویستیمان به‌ ده‌رمانه‌، ئێستا ملیۆنێک و چوارسه‌د تا پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌ن و خزمه‌تگوزاریى له‌ هه‌رێمى کوردستان وه‌رده‌گرن و به‌هۆیه‌وه‌ ڕێژه‌ى دانیشتوانى هه‌رێمی کوردستان سى له‌سه‌د زیادى کردووه‌، تێچوویان له‌سه‌ر حکوومه‌تى هه‌رێم نزیکه‌ى ملیارێک و پێنجسه‌د ملیۆن دۆلاره‌، ئه‌مه‌ هه‌مووى له‌لایه‌ن هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ دابین ده‌کرێت، هه‌رێمى کوردستان پێویستى به‌و یارمه‌تییه‌ هه‌یه‌ و له‌ هه‌موو جیهانیش وایه‌ که‌ ده‌بێت ناوه‌ند خۆى به‌ خاوه‌نى ئه‌و کێشانه‌ بزانێت".

سه‌باره‌ت به‌ ڕازینه‌بوونى به‌غدا به‌ دانى حه‌ڤده‌ له‌ سه‌دى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان و هه‌ڵوێستى هه‌رێم له‌مباره‌یه‌وه‌، ووتی: "هێزه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان کۆده‌بنه‌وه‌ تاکو بڕیارێک له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بده‌ن، ئێمه‌ دووپاتى ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ده‌بێت به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان حه‌ڤده‌ له‌سه‌د بێت و هیچ کاتێکیش داواى داخستنى ده‌رگاکان له‌گه‌ڵ به‌غدا ناکه‌ین، به‌ڵکو داواى گفتوگۆ ده‌که‌ین. له‌ گفتوگۆدا ده‌توانین بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێک، لێره‌دا پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئارامییه‌کى به‌رده‌وام له‌ عیراقدا هه‌بێت یان به‌رده‌وام ئه‌و کێشانه‌ هه‌بن؟ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئارامى له‌ عیراقدا هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌و لۆژیکه‌ به‌لاوه‌ بنێین کێ به‌هێزه‌ و کێ نا، ده‌بێت دابنیشین ئه‌و کێشانه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ئه‌گه‌ر به‌ ‌ڕاستى به‌غدا نایه‌وێت ئارامى له‌ عیراق هه‌بێت، ئه‌م کێشانه‌ هه‌ر ده‌مینێن و گه‌لى کوردیش هه‌ر ده‌مێنێت و هه‌رده‌م داواى مافى خۆیشى ده‌کات، واته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ نابێت به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌، بابه‌ته‌که‌ په‌یوه‌ندیى به‌ حزبێکه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو په‌یوه‌ندى به‌ گه‌لێکه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ داواى مافى خۆى ده‌کات و ئه‌و مافه‌ش ده‌ستوورییه‌ و له‌ ده‌ستوورى عیراقدا هاتووه‌. بۆ وایلێهات‌ بگه‌ینه‌ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم؟ چونکه‌ ئێمه‌ بێئومێد بووین ئه‌م ده‌ستووره‌ جێبه‌جێ بکرێت، ئه‌گه‌ر ده‌ستوورى عیراق به‌ ‌ڕاستى جێبه‌جێ ده‌کرێت و گه‌لى ئێمه‌ دڵنیا ده‌بێت له‌وه‌ى که‌ پاشه‌ڕۆژێکى باشى ده‌بێت، بێگومان په‌نا ناباته‌ به‌ر هیچ ئامراز و شتى دیکه‌. ده‌بێت‌ به‌غدا بیر له‌وه‌ بکاته‌وه‌ که‌ پێویسته‌ ئارامى له‌ عیراقدا هه‌بێت و هه‌رێمى کوردستانیش وه‌ک به‌شێک له‌ عیراق ده‌بێت ئه‌و ئارامییه‌ى تێدا بێت، ڕێگه‌ى گه‌یشتن به‌و ئارامییه‌ گفتوگۆییه‌کى جدییه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ده‌ستووره‌ى که‌ گه‌لى عیراق ده‌نگیان پێداوه‌".

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى که‌ به‌غدا له‌ جیاتى پێشوازیکردن له‌ شاندێکى سیاسی، ئاماده‌یه‌ پێشوازى له‌ شاندێکى ته‌کنیکى بکات و به‌شدارینه‌کردنى گۆڕان له‌ کۆبوونه‌وه‌ى فراکسیۆنه‌کان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێم و کاریگه‌ریى ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر دواخستنى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا، سه‌رۆک وه‌زیران ئاشکراى کرد: "ئێمه‌ نه‌مانبیستووه‌ به‌غدا داوایه‌کى فه‌رمى له‌ هه‌رێمى کوردستان کردبێت پێشوازى له‌ شاندى ته‌کنیکى ده‌که‌ن و شتى وا نه‌بووه‌. ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ى دوێنى بڕیاربوو له‌گه‌ڵ فراکسیۆنه‌کان ئه‌نجام بدرێت، ته‌نیا ئه‌وه‌ بوو که‌ بڕیار درا دوابخرێت بۆ کاتێکى دیکه‌ و پێشبینیى ئه‌وه‌ش ناکه‌م بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بیانه‌وێ کێشه‌ دروست بکه‌ن تاکو گفتوگۆکان ئه‌نجام نه‌درێن و ئه‌و بۆچوونه‌م له‌سه‌ریان نییه، هیچ کێشه‌یه‌ک له‌وه‌ نییه‌ که‌ گفتوگۆکان هه‌فته‌ى ڕابردوو ئه‌نجام نه‌دران، با هه‌فته‌یه‌کى دیکه‌ ئه‌نجام بدرێن".

ده‌رباره‌ى داواى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ ئه‌مه‌ریکا بۆ ڕۆڵیان له‌ هه‌رێمى کوردستان و باڵاده‌ستبوونى ئێران له‌ عیراق، سه‌رۆک وه‌زیران ڕایگه‌یاند: "وا باشتر ده‌بێ له‌و بابه‌ته‌دا پرسیار له‌ خودى ئه‌مه‌ریکییه‌کان بکرێت. ئێران دراوسێى ئێمه‌ و عیراقیشه‌ و ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ک باش بێت و به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌خوازین په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکاش باش بێت. له‌ چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ باڵیۆزى ئه‌مه‌ریکا له‌ عیراق، باسى داواکارییه‌کانى خۆمان کردووه، ئه‌مه‌ریکا له‌ په‌یامى فه‌رمیى خۆیدا ده‌ڵێت ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت حکوومه‌تێکى به‌هێزى هه‌رێمى کوردستان هه‌بێت، ئه‌وه‌ى ئێستا ئه‌مه‌ریکا ده‌یکات ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و بۆچوونه‌ نییه‌، ئێمه‌ واى ده‌بنین‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاش لایه‌نگرى به‌غدا ده‌کات نه‌ک هاوسه‌نگى له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ڕابگرێت، ئه‌وه‌ى ئێمه‌ داواى ده‌که‌ین ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ ڕابگرێت و یارمه‌تیى هه‌ردوولامان بدات بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عیراقدا".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارى کۆتاییشدا ده‌رباره‌ى چاره‌سه‌ر بۆ دۆخى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان و هه‌نگاوى داهاتووى حکوومه‌تى هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ به‌غدا، سه‌رۆک وه‌زیران ووتی: "زۆر قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ کردووه‌ و هه‌رچى بیڵێم دووباره‌یه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت گفتوگۆ و دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت و کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین و هیچ جێگره‌وه‌یه‌کیش بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا نابینین. خواستى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکات".
 


‌ 22 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


ئه‌مریکا قه‌ت له‌ عێراق تێنه‌گه‌یشت
که‌رکوک و ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌رى دێنه‌وه‌ سه‌رهه‌رێمى کوردستان
بۆچى گرنگه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له‌کاتى خۆیدا ئه‌نجام بدرێت
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group