کونسوڵ و نوێنه‌رى وڵاتان له‌پێشلکارییه‌ یاسایى و ده‌ستوورییه‌کانى عێراق ئاگادارده‌کرێنه‌وه‌

11/16/2017 7:39:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








کونسوڵ و نوێنه‌رى وڵاتان له‌پێشلکارییه‌ یاسایى و ده‌ستوورییه‌کانى عێراق ئاگادارده‌کرێنه‌وه‌
جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان: "جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا ده‌که‌ینه‌وه‌"

سکرتێرى په‌رله‌مان: "داواتان لێده‌که‌ین رۆلتان هه‌بێت له‌ هه‌رچى زووتر ده‌ستپێکردنى دانووستاندن و دانانى سنوورێک بۆ پێشێلکارییه‌ ده‌ستوورییه‌کانى عێراق"

به‌مه‌به‌ستى گه‌یاندنى په‌یامى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ کونسوڵ و نوێنه‌رانى وڵاتان له‌ هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به‌پێشێلکارییه‌ ده‌ستوورییه‌کانى حکومه‌تى فیدڕالیى عێراق به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمى کوردستان، پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 16-11-2017، دکتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ئاماده‌بوونى خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سکرتێرى په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران زانا عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رۆکى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ په‌رله‌مانى کوردستان  و محه‌مه‌د عه‌لى یاسین، ئه‌ندامى لیژنه‌ى کاروبارى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌په‌رله‌مانى کوردستان و ژماره‌یه‌ک له‌راوێژکارانى په‌رله‌مان، له‌هۆتێل رۆتانا له‌شارى هه‌ولێر له‌گه‌ڵ کونسوڵ و نوێنه‌رانى وڵاتان له‌هه‌رێمى کوردستان کۆبوونه‌وه‌.

له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان وێڕاى ده‌ربڕینى سوپاسگوزاریى خۆى بۆ کونسوڵ و نوێنه‌رانى وڵاتان له‌هه‌رێمى کوردستان بۆ ئاماده‌بوونیان، له‌وته‌یه‌کدا مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ى بۆ ئاماده‌بووان روونکرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانى کوردستان و له‌سه‌ر پێشنیازى زۆربه‌ى فراکسیۆنه‌کان، به‌پێویستمان زانى ئه‌م دانیشتنه‌ تایبه‌ته‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى به‌ڕێز ڕێکبخه‌ین، بۆئه‌وه‌ى له‌نزیکه‌وه‌ له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک له‌پرسى هه‌نووکه‌یى و گرنگ، که‌جێگه‌ى بایه‌خى هاوبه‌شى ئێمه‌ن، بیروڕا ئاڵوگۆێ‌ بکه‌ین"،  هه‌روه‌ها ستایشى ئه‌رک و هه‌وڵ و ماندووبوونى کونسوڵ و نوێنه‌رانى وڵاتانى له‌هه‌رێمى کوردستان کرد بۆ هاوکارى و پشتیوانیى وڵاته‌کانیان بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان له‌شه‌ڕى دژ به‌داعش و هاوکاریکردنى ئاواره‌کان و سه‌رجه‌م بواره‌کانى دیکه‌و رایگه‌یاند: "به‌رده‌وامیى ئێوه‌ى به‌رێز له‌کاره‌کانتان له‌هه‌رێمى کوردستان مایه‌ى خۆشحاڵى و ستایشى خه‌ڵکى کوردستانه‌و ئاماژه‌یه‌کى دیاره‌ بۆ پێگه‌ى ده‌ستوورى و یاسایى و سیاسى و ئابووریى هه‌رێمى کوردستان، بۆیه‌ داوا ده‌که‌ین هه‌بوونى ئێوه‌ به‌رده‌وام بێت و به‌هێزتریش بکرێت".

هه‌ر له‌وته‌که‌یدا جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان باسى له‌بارودۆخى سیاسیى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى کوردستان و عێراق و په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى فیدڕالیى عێراق و پێشێلکارییه‌ ده‌ستوورى و یاساییه‌کانى به‌غدا دژ به‌هه‌رێمى کوردستان کرد له‌دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم و رایگه‌یاند: "به‌داخه‌وه‌ له‌دواى گشتپرسی، خه‌ڵکى کوردستان بینیمان چۆن هێزى له‌شکریى و فشارى ئابووریى دژى ئیراده‌ى گه‌لى کوردستان به‌کارهێنراو بارى سیاسی-یش زیاتر له‌جاران ئاڵۆزبوو و په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا که‌وتووه‌نه‌ته‌وه‌ سه‌ر لێوارى هه‌ره‌سهێنان و پرۆسه‌ى دیموکراسیش به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاوینا".

جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان، جه‌ختى له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا کرده‌وه‌و ئاماژه‌ى به‌هه‌وڵه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و په‌رله‌مانى کوردستان کرد بۆ ده‌ستپێکردنى گفتوگۆیه‌کى راشکاوانه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدڕالیى عێراق  بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێکى بنه‌ڕه‌تى بۆ سه‌رجه‌م کێشه‌کان و رایگه‌یاند: "ئێمه‌ هه‌میشه‌ داواى دانووستاندنمان کردووه‌، به‌ڵام به‌غدا به‌رده‌وام مه‌رجى پێشوه‌خت داده‌نێت و کۆسپ به‌رامبه‌ر دانووستاندن له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان دروست ده‌کاته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌کێشه‌ى بودجه‌و شایسته‌ داراییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و کێشه‌ ده‌ستوورییه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان جه‌ختى له‌سه‌ر پێویستیى دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێکى به‌په‌له‌و خێرا بۆ ئه‌و کێشانه‌ کرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "تائێستا به‌غدا به‌ناڕه‌وا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ کردووه‌و ناکرێت چیتر ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ به‌رده‌وام بێت". هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌سه‌ر پێویستیى په‌له‌کردن له‌په‌سه‌ندکردنى یاساى (المجلس الاتحادی) کرده‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى ببێته‌ گه‌ره‌نتى بۆ گشت پێکهاته‌کانى عێراق، عێراقێک که‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى شه‌راکه‌ت و ته‌وافوق بنیادبنرێته‌وه‌.

له‌کۆتایى وته‌که‌شیدا جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان، داواى له‌کونسوڵ و نوێنه‌رى وڵاتان کرد که‌هاوکاربن و به‌شێک بن له‌چاره‌سه‌ر.

دواتر خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سکرتێرى په‌رله‌مانى کوردستان، له‌وته‌یه‌کدا باسى له‌کارو چالاکییه‌کانى په‌رله‌مان کرد دواى ده‌ستبه‌رکاربوونه‌وه‌ى و رایگه‌یاند: "ئه‌وه‌ى که‌ له‌رابردوودا به‌سه‌ر په‌رله‌مان داهات و بووه‌هۆى په‌کخستنى خواستى هیچ لایه‌کمان نه‌بووه‌و پێویسته‌ په‌رله‌مان به‌ئه‌رکه‌کانى خۆى هه‌ڵبستێت".

هه‌روه‌ها باسى له‌پرسى ریفراندۆم کردو به‌مافێکى ره‌واو دیموکراسییانه‌ى زانى بۆ هه‌ر گه‌لێک بۆئه‌وه‌ى بڕیار له‌چاره‌نووسى خۆى بدات و ئه‌نجامدانى ریفراندۆمیشى به‌پێشێلکردنى ده‌ستوور نه‌زانى و پێى وابوو که‌ده‌رئه‌نجامه‌کانى ده‌بنه‌هۆى ده‌ستپێکردنى دانووستاندن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى ناوه‌ند بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان نه‌وه‌ک قووڵکردنه‌وه‌یان و فشار خستنه‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان و جه‌ختى له‌سه‌ر پێویستیى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا کرده‌وه‌.

سکرتێرى په‌رله‌مانى کوردستان، ئه‌وه‌شى راگه‌یاند که‌ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى حکومه‌تى عێراق به‌رامبه‌ر هه‌رێمى کوردستان ناویه‌تى پێشێلکردنێکى ته‌واوى ده‌ستووره‌ بۆیه‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌دانیشتنى دوێنێى خۆیدا 18 راسپارده‌ى ده‌رکرد سه‌باره‌ت به‌پێشلکارییه‌ ده‌ستوورییه‌کان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌و رایگه‌یاند: "پێمان وایه‌ مانه‌وه‌ى دۆخه‌که‌ به‌مجۆره‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌لانى عێراقدا نییه‌ به‌تایبه‌تى گه‌لى کورد، له‌ده‌ستووردا سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان دیارى کراوه‌و پێویسته‌ حکومه‌تى عێراق به‌پێى ده‌ستوور مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا بکات".

له‌کۆتایى وته‌که‌یدا سکرتێرى په‌رله‌مانى کوردستان داواى له‌ کونسوڵ و نوێنه‌رى وڵاتان له‌هه‌رێمى کوردستان کرد که‌رۆلیان هه‌بێت له‌هه‌رچى زووتر ده‌ستپێکردنى دانووستاندن و دانانى سنوورێک بۆ پێشێلکارییه‌ ده‌ستوورییه‌کانى حکومه‌تى عێراق.


زۆرترین خوێندراو