وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا جه‌خت له‌پاراستنى ئارامى کرده‌وه‌ له‌پێناو زه‌مینه‌سازى بۆ دیالۆگێکى جددیى هه‌ولێر و به‌غدا

11/19/2017 2:35:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







به‌ڕێز ڕێکس تیله‌رسن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا دووپاتى ده‌کاته‌وه‌ که‌ واشنتۆن له‌ په‌یوه‌ندیى به‌رده‌وامدایه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و حکوومه‌تى عێراق هانده‌دات زه‌مینه‌ى ده‌ستپێکردنى گفتوگۆیه‌کى جددى له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بڕه‌خسێنێت تاکو بگه‌ن به‌ئامانجێکى خوازراو.

رۆژى  شه‌ممه‌ 18ى تشرینى دووه‌مى 2017 له‌ په‌یوه‌ندیییه‌کى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، تیله‌رسن وێڕاى پێشکه‌شکردنى پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیى خۆى و وڵاته‌که‌ى بۆ قوربانیانى ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوو هه‌رێمى کوردستانى گرته‌وه‌، ئاماده‌ییى وڵاته‌که‌یشى بۆ هه‌ر هاوکارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ک له‌مباره‌یه‌وه‌ نیشان دا.

تیله‌ر‌سن خۆشحاڵیى خۆى بۆ هێوربوونه‌وه‌ى گرژیى هێڵه‌کانى نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌کان ده‌ربڕى و دانبه‌خۆداگرتنى هه‌ردوولاى بۆ پاراستنى ئارامى به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى له‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد بۆ ڕێزگرتن له‌ شیرۆڤه‌ى دادگاى فیدرالى عیراق سه‌باره‌ت ده‌ستوور، جه‌ختیشى له‌ پاراستنى ئارامى کرده‌وه‌ له‌پێناو زه‌مینه‌سازى بۆ دیالۆگێکى جددیى هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان وه‌ک هه‌میشه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ ئاماده‌یه‌ له‌ دیالۆگێکى جددیدا له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى فیدراڵى عێراق هه‌موو کێشه‌کان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بکات، هه‌روه‌ها هیواى خواست ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانان ڕۆڵى خۆیان له‌ ده‌سپێکردنى دیالۆگى هه‌ولێر ـ به‌غدا بگێڕن و له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوکار و پشتیوان بن.

سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ و سه‌ره‌خۆشیى  تیله‌رسن ـ ى بۆ قوربانیانى بوومه‌له‌رزه‌ کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ پێشوازى له‌ هه‌ر هاوکارییه‌ک ده‌که‌ن بۆ لێقه‌وماوان. جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ گه‌مارۆ‌ى سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان هه‌ڵبگیرێت، به‌تایبه‌تى که‌ له‌ بوارى مرۆییدا پێویستییه‌کى زۆرییان هه‌یه‌،‌ چونکه‌‌ به‌شێکى هاوکارییه‌کان‌ بۆ زیاتر له‌ ملیۆنێک و پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمى کوردستان، له‌ ڕێگه‌ى فڕۆکه‌خانانه‌کانه‌وه‌ دابین ده‌کرێت.


زۆرترین خوێندراو