حکومه‌تى هه‌رێم داوا له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌کات نێوه‌ندگیرى بکات له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا

11/20/2017 3:02:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان داوا کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ده‌کات بۆ ده‌ستبه‌جێ به‌گه‌ڕخستنى هه‌وڵه‌کانیان بۆ هه‌ڵوه‌‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و سزا به‌کۆمه‌ڵه‌ى  که‌ حکومه‌تى عێراق سه‌پاندوویه‌تى به‌سه‌ر گه‌ل و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان.

ئه‌و سیاسه‌ته‌ سزائامێزه‌ که‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ له‌ دژى هه‌ولێر په‌یڕه‌و ده‌کرێت،  پێشێلکارییه‌کى ئاشکراى یاسا و ڕێسا نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌کانه‌، له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌رکى سه‌ره‌کى حکومه‌تى عێراق بریتیه‌ له‌ پاراستنى هاوڵاتیانى عێراق به‌ ئاوره‌کانیشه‌وه‌  و هه‌ره‌وه‌ها پێویسته‌ حکومه‌تى عێراق مافى مرۆڤ و ئازادییه‌کانى تاک و کۆمه‌ڵگا بپارێزێت.

که‌مکردنه‌وه‌ى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى 2018 به‌ بێ ڕاوێژکردن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێمى کورستان، داخستنى ئاسمانى هه‌رێمى کوردستان و سنووردارکردنى گه‌شتى هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان به‌شێکن له‌ و سزادانه‌ به‌کۆمه‌ڵانه‌ى که‌ دژ به‌ هاوڵاتییان ڕاگه‌ێندراون.

ئه‌و سزادانانه‌ بونه‌ته‌ هۆى ڕێگریکردن له‌ هه‌وڵه‌کانى یارمه‌تى مرۆیى و پێداویستى رۆژانه‌ بۆ زیاتر له‌ یه‌ک ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار  ئاواره‌ که‌ په‌نایان بۆ هه‌رێمى کوردستان  هێناوه‌. به‌ هاتنى وه‌رزى زستان، زۆرێک له‌و ئاوارانه‌ که‌ به‌شێکیان له‌ خوشک و برا یه‌زیدیه‌کان و کریستیانه‌کان وئاواره‌کانى ئه‌م دوایه‌ى که‌رکوک وتوزخورماتو وشوێنه‌کانى تر پێکدێن، به‌بێ پێداویستى و یارمه‌تى سه‌ره‌کى ده‌مێننه‌وه‌ که‌ له‌لایه‌ن رێکخراوه‌کانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان و نێوده‌وڵه‌تیه‌کان پێشکه‌شیان ده‌کرا.

فرۆکه‌خانه‌‌کانى هه‌ولێر و سلێمانى زۆر گرنگن بۆ دابینکردنى پێداویستییه‌ مرۆییه‌کان بۆ ئاواره‌کان و بۆ ده‌سته‌به‌رکردنى پێویستییه‌ سه‌ره‌تایى و سه‌ره‌کییه‌کان بۆ هاوڵاتیان به‌ گشتی، له‌مانه‌ خزمه‌تى ته‌ندروستى بۆ هاوڵاتییان وقوربانیان وبرینداران له‌ شه‌رى دژ به‌ داعش. سنووردارکردنى مافى گه‌شت ده‌بێته‌ى هۆى زیانگه‌یاندن به‌ بوارى ئاشتى و سه‌قامگیرى و پێشکه‌وتن.
نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، یه‌کێتى ئه‌وروپا، ڕێکخراوى نێوده‌وڵه‌تى خاچى سوور و رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان و ئه‌ندامانى ترى کۆمه‌ڵگاى نێوه‌ده‌وڵه‌تى به‌شێکى سه‌ره‌کین له‌ پرۆسه‌ى گه‌یاندنى خزمه‌تگوزارییه‌ مرۆییه‌کان بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ى که‌ په‌نایان هێناوه‌ته‌ به‌ر حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان.

توانایى گه‌شتکردن به‌ خێرایى و گواستنه‌وه‌ى ئامراز و که‌لووپه‌ل به‌زووترین کات و به‌که‌مترین خه‌رج  زۆر گرنگه‌ بۆ پێشکه‌شکردنى ئه‌و خزمه‌تانه‌ى که‌ ئاواره‌کان پێویستیان پێیه‌تی. به‌م دواییه‌، سزا سه‌پێنراوه‌کان له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقى بۆ گه‌شتى فرۆکه‌وانى بوه‌ته‌ هۆى ڕێگرى له‌ گه‌یاندنى یارمه‌تییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان بۆ زیانلێکه‌وتوانى ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌ى که‌ به‌ پله‌ى ٧.٣ هه‌رێمى کوردستانى هه‌ژاند.

ئابلوقه‌ى ئاسمانى له‌ دژى گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کان کاریگه‌رییه‌کى زۆر نه‌رێنى  هه‌بووه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى پیشه‌گه‌رانى بیانى له‌ هه‌رێمى کوردستان و له‌سه‌ر  توانایى به‌رده‌وامبوونى سه‌رمایه‌گوزارى ڕاسته‌وخۆى نێوده‌وڵه‌تی، که‌ ببونه‌ هۆکارى دروستکردنى هه‌زاران هه‌ڵى کار به‌ تایبه‌تى بۆ چینى گه‌نجان و خانه‌واده‌یان.

به‌بێ گه‌شتى فرۆکه‌وانى نێوده‌وڵه‌تی، که‌ زۆر گرنگه‌ بۆ گه‌شه‌ى ئابوورى و بازرگانی، پێشبینى ده‌کرێت ئه‌گه‌رى سه‌رهه‌ڵدانى کۆچى هاوڵاتیان ده‌ستپێبکاته‌وه. 

بۆیه‌ ئێمه‌ داوا له‌ کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ده‌که‌ین ده‌سه‌ڵاتدارانى حکومه‌تى عێراق هانبدات بۆ ئه‌وه‌ى به‌بێ مه‌رج ئه‌و ئابلوقه‌یه‌ هه‌ڵگرێت که‌ له‌ دژى هه‌رێمى کوردستان ڕاگه‌یاندراون، له‌ نێویانیشدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى گه‌مارۆى دژ به‌ هه‌ردوو فرۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌ربیل و سلێمانی. هه‌وڵى کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى به‌ گرنگ ده‌زانین له‌ نێوه‌ندگیریکردن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئابلوقه‌ى ئاسمانى و سزا به‌کۆمه‌ڵه‌کانى ترى سه‌پێنراو به‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین خۆمان به‌دووربگرین له‌و کاردانه‌وه‌ نه‌رێنیانه‌ له‌سه‌ر خزمه‌تگوزارى مرۆیی، بوارى ته‌ندروستى ، په‌روه‌رده‌ و خوێندن، ئاسایشى خۆراک، ئاسایشى هاوڵاتیان، بواره‌کانى کار و داهات له‌ هه‌رێمى کوردستان.

 


زۆرترین خوێندراو