کۆبوونه‌وه‌ى فراوانى په‌رله‌مان و نوێنه‌رانى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى و حکومه‌ت له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساکانى لێبووردنى گشتى به‌ڕێوه‌چوو

11/20/2017 3:25:00 PM
جەماوەر نیوز
   جه‌ماوه‌رنیوز







  سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ 20 ى تشرینى دووه‌مى 2017، کۆبوونه‌وه‌ى فراوانى په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى و نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى هه‌رسێ پڕۆژه‌ یاساى پێشنیازکراو ده‌رباره‌ى لێبووردنى گشتى له‌هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ ‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا، که‌ له‌ژێر چاودێریى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، هه‌رسێ لیژنه‌کانى کاروبارى یاسایى و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى و ناوخۆ و نوێنه‌رانى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى و نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى کاروکاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى و نوێنه‌رانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانى چاکسازیى ناوچه‌ و شاره‌کانى هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ى هه‌رسێ پڕۆژه‌ یاساى پێشنیازکراو ده‌رباره‌ى لێبووردنى گشتى کرا.

هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا، نوێنه‌رانى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى و نوێنه‌رانى حکومه‌ت چه‌ندین پێشنیازو بۆچوونیان له‌باره‌ى چۆنیه‌تیى ده‌وڵه‌مه‌ندترکردن و پوختکردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌کان بۆ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیدارو په‌رله‌مانتاران خسته‌ڕوو.
 
بریاریشه‌ له‌ژێر رۆشنایى راسپارده‌و پێشنیازه‌کانى ئه‌م کۆبوونه‌وه‌‌ فراوانه‌دا، لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى په‌رله‌مان راپۆرتى کۆتایى خۆیان له‌باره‌ى هه‌رسێ پڕۆژه‌ یاساى پێشنیازکراو ده‌رباره‌ى لێبووردنى گشتى له‌ ‌هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ بکه‌ن و دواتر پێشکه‌شى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانى کوردستان بکرێت تا بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ ئه‌نجامدانى رێککاره‌ یاساییه‌کانی.




زۆرترین خوێندراو